تای خوێنبەربوون چییە و چۆن خۆمان لێی بپارێزین؟


رووداو دیجیتاڵ

تای خوێنبەربوونی کریمیا-کۆنگۆ بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، دەکرێت بە سووکی تووشی بکات و زۆر جاریش دەبێتە هۆی مردن.
 
ئەو ڤایرۆسەی دەبێتەهۆی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە کریمیا دۆزرایەوە، هەربۆیە ناوی لێنرا پەتای خوێنبەربوونی کریمیا، لەساڵی 1956 نەخۆشییەکی هاوشێوە لە وڵاتی کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە، لە ساڵی 1969 دەرکەوت کە ڤایرۆسی کریمیا و کۆنگۆ هاوشێوەن، بۆیە ناوی هەردوو ناوچەکەی پێوە لکێندرا.
 
تای خوێنبەربوون چۆن دەگوازرێتەوە؟
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە:
 
+ لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
+بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
 
بۆچی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە؟
 
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولە تەنکەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات، هەر ڤایرۆسەکە ئاستەنگ لەبەردەم خوێن مەیاندن دروستدەکات، لەئەنجامدا خوێنبەربوونی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات.
 
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
 
تا
شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی
سەرسووڕان
ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان
هێڵنج و رشانەوە
سکچوون
 
ئەو نیشانانەی کە مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکەن:
 
خوێنبەربوونی ژێر پێست یاخود ئۆرگانە ناوخۆییەکان یاخود لە دەم، گوێ و چاو.
لەکارکەوتنی سیستەمی دەمار
کۆما
سستبوونی گورچیلە
ناکارابوونی کۆئەندامی هەناسەدان
ناکارابوونی جگەر
 
چۆن خۆمان لە تای خوێنبەربوون بپارێزین؟
 
رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون پڕ ئاڵنگارییە، بەتایبەتی لەکاتێکدا هیچ پێکوتەیەک نییە ڤایرۆسەکە کۆتایی پێبێنێت، بەڵام چەندین رێگە هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون، بۆ نموونە شوێنی کارکردن. 
 
نابێت رێگەبدرێت ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ جووڵەی مێشوولە. لەکاتی گەشت و گەڕان بە نێو هەرناوچەیەک کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت، پێویستە پۆشاکی پێویست لەبەر بکرێت کە دەست و قاچ و رووخسار داپۆشێت. لەکاتی سەربڕینی هەر ئاژەڵێک پێویستە پۆشاک و دەستکێش بەکاربهێنرێت و دوای تەواوبوونی کارەکە، خۆمان و شوێنەکە بشۆین.
 
رێگەکانی خۆپارێزی لە چەند خاڵێکدا
 
+ پۆشینی پۆشاک و دەستکێش لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
+پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت
+ رشاندنی ژینگەی کارکردن
+ دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی
+ دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت
+ دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
+ دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تائێستا چوار تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و یەکێک لەوانە کە گەنجێکی 27 ساڵان بوو رۆژی شەممە 11.6.2022 گیانی لەدەستدا. 
 
هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە 155 تووشبوو کە 26ـیان گیانیان لەدەستداوە. زۆربەی تووشبووانیش یان گۆشتفرۆش[قەساب]ـن یاخود ئاژەڵدارن.