وەزارەتی تەندروستی دوو دەرمانی منداڵان لە بازاڕەکاندا دەکشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) رایگەیاند، دوو دەرمانیان لە بازاڕەکاندا کشاندووەتەوە، کە بۆ منداڵان بەکاردێت، دوای ئەوەی دەرکەوتووە کە مادەی زیانبەخشیان تێدایە.
ئەو دوو دەرمانە یەکێکیان قەترەی میلاتۆنینە و ئەوەی دیکەشیان قەترەی ئۆنۆرتۆنین. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروسیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "دوای دووبارە هەڵسەنگاندن، دەرکەوتووە ئەم دوو بەرهەمە ماددەی میلاتۆنینیان تێدایە، کە زیان بە منداڵان دەگەیێنێت، بۆیە فرۆشتنیان قەدەخەکرا."
دامەزراوەی KMCA لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو دوو بەرهەمە رایگەیاندووە: بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دوای دووبارە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بۆ دوو بەرهەمی دەرمانسازیی تەواوکەریی خۆراکی بە شێوەژەمی دەرمانسازیی قەترەی دەم کە ماددەی میلاتۆنینیان تێدابوو، دوای دەرچوونی ئەنجامەکان بە نەرێنی و دەرنەچوونیان "not comply" لە شیکردنەوەی تاقیگەیی، بڕیاری دا بە "کشاندنەوەیان و لەناوبردنیان".
سەرچاوەکەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەم دوو بەرهەمە دوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی تاقیگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی KMCA شیکردنەوەی تەواوەتی تاقیگەییان بۆ کرا، دەرکەوت کە تەنۆلکەی بینراو "visible particle"یان تێدایە ئەوەش پێچەوانەی تایبەتمەندیی بەرهەمەکانە و شیاوی بەکارهێنان نین.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی KMCA بەرهەمە دەرمانسازییەکان بریتین لە: (HONORTONIN drops) بە ژماره باچی (HNR1715) دروستکراوی کارگەی (HONOR) و (melatonin drops) بە ژمارە باچی (23B038) دروستکراوی کارگەی (inalme).
سەبارەت بە فرۆشتنی ئەو دوو بەرهەمە لە بازاڕەکاندا KMCA رایگەیاندووە: "پێشتر فرۆشتنیان لە بازاڕ راگیرابوو تاوەکو هەڵسەنگاندنی ئەنجامە نوێیەکان، هۆکاری خراپبوونی هەردوو بەرهەمەکەش، خراپ کۆگاکردن و گواستنەوەیان بووە."
دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان رۆژی 21-08-2024 بە مەبەستی زیاتر هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بڕیاریدابوو بە راگرتنی فرۆشتنی هەردوو دەرمانەکە.
دامەزراوەی KMCA سەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە، ئەو دوو بەرهەمە لە پشکنین دەرنەچوون و بەڕێکاری زانستی دەرمانسازی و ژینگەیی لەناودەبرێن.