توێژینەوەیەک: جگەرە ئەلکترۆنییەکان ئەگەری مەینی خوێن زیاددەکەن
رووداو- دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ مەترسییەکی ترسناکی جگەرە ئەلکترۆنییەکان لەسەر جەستە ئاشکرادەکات و دەریدەخات جگەرە ئەلکترۆنییەکان مەترسیی کڵۆبوونی خوێن زیاددەکەن.
توێژینەوەکە لەلایەن پزیشکانی سوێدی لە پەیمانگەی کارۆلینسکا ئەنجامدراوە و تێیدا پەیوەندی نێوان جگەرە ئەلکترۆنییەکان و تووشبوون بە مەینی خوێن ئاشکراکراوە.
د. گوستاف لیتینێن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ئەو جگەرە ئەلکترۆنییانەی نیکۆتینیان تێدایە هەمان کاریگەریی جگەرەی ئاساییان هەیە و زیان بە لوولەکانی خوێن دەگەیێنن و سەرەنجام مەترسیین بۆ کڵۆبوونی خوێن.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە پەیمانگەی کارۆلینسکا روونیدەکاتەوە جگەرە ئەلکترۆنییەکان دەبنەهۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن بەمەش مەترسیی لەسەر تەندروستیی دڵ هەیە.
پزیشکانی سوێدی دەڵێن مەترسییە ترسناکەکەی جگەرە ئەلکترۆنییەکان مەینی خوێنە، کە ئەمەش سەرەنجام هۆکارە بۆ جەڵتەی دڵ یان مێشک.