بۆ رێگری لە دوو گیانی، تەندروستیی کۆیە بێ بەرامبەر کۆندۆم دەدەنە هاوژینان


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە دەڵێت، بە راوێژی پزیشک لە یەکەی رێکخستنی خێزان لە مەڵبەندی تەندروستیی حاجی قادر، هەر هاوژینێک بیەوێت رێگری لە دووگیانی بکات، بەبێ بەرامبەر کەرستەی رێگری لە دووگیانی پێدەدەن.
 
ئەمڕۆ یەكشەممە، 09-06-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە رایگەیاند، (یەکەی رێکخستنی خێزان لە مەڵبەندی تەندروستی حاجی قادر) لە قەزاکە کراوەتەوە و لەلایەن بێری فەلاح، پزیشکی شارەزای ژنان و منداڵبوونەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "کاری سەرەکیی ئەم یەکەیە بریتییە لە پێدانی رێنوێنی و چارەسەر بۆ هاوژینان؛ دانانی پلان بۆ کاتی وەچەخستنەوە و ژمارەی منداڵ، ماوەی نێوان منداڵێک بۆ منداڵێکی دیکە و بە بەکارهێنانی هۆکارێکی دروست بۆ دواخستنی دووگیانی کە گونجاو بێت لەگەڵ باری تەندروستی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خۆیان و منداڵەکانیان، بەشێکی کارەکانە".
 
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە رووداوی گوت: "هەموو کەرستەکانی پێویست بۆ رێگری لە دووگیانی بۆ سەنتەرەکە دابینکراوە، کە بۆ پیاوان کۆندۆم بێ بەرامبەرە و ژنانیش لوولبی منداڵان (رێگری سەر قۆڵ)یان بێبەرامبەر بۆ دابین دەکرێت".
 
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە گوتی، یەکەی رێکخستنی خێزان هەفتانە دوو رۆژ پێشوازی لە هاوژینان دەکات، ئەوانیش رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممەیە.