بەرگریی شارستانیی راپەڕین: باوان رێگەنەدەن منداڵەکانیان لەشوێنە قەدەخەکراوەکان مەلەبکەن
رووداو - تەندروستی
تاوەکو ئێستا هاونیشتمانییان لە شوێنە قەدەخەکراوەکان مەلە دەکەن و ساڵانەش بەهۆیەوە چەندان کەس گیانلەدەستدەدەن، بەرگریی شارستانیی راپەڕینیش دەڵێت: ''بۆ چاودێریکردن، کێشەی کەمیی کارمەندمان هەیە لە تیمەکان''.
یەکێکە لەو شوێنانەی مەلەکردن تێیدا قەدەخەکراوە، دەربەندی رانیەیە بەهۆی ساردی و رێژەنی ئاوەکە و قوڕ و لیتەی زۆر، ساڵانە لە وەرزی هاویندا چەندین رووداوی خنکانی تێدا روودەدات.
مەریوان ئەدهەم، سەرپەرشتی تیمی مەلەوانیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێت: ''لێرە مەلەکردن بەهەموو جۆرێک قەدەخەیە، لەبەرئەوەی شیاو نییە بۆ مەلەکردن، چاڵی حەفارە و قووڵی تێدایە، چاودێریکردنی ئەستەمە، داوا لەدایک و باوکان دەکەین رێگەنەدەن منداڵەکانیان لەدەربەندی رانیە مەلەبکەن.''
دەربەندی رانیە هەم نەشیاوە و هەمیش قەدەخەکراوە بۆ مەلەکردن، بەڵام بەشێک لە خەڵک پابەندی رێنماییەکان نابن و ساڵانە چیرۆکی خەمناکی خنکانی لێدەکەوێتەوە، هەر تەنیا پار لەو شوێنە چوار هاونیشتمانی خنکاون.
ئەم پیاوە راهێنەری مەلەوانییە، کەمیی شارەزایی لە هونەری مەلەوانی و مەلەکردن لە ئاوە سارد و رێژەنەکاندا بەهۆکاری زۆربوونی رووداوەکانی خنکان دادەنێت.
پۆڵاد ئاکۆ، راهێنەری مەلەوانی گوتی، ئەوانەی مەلەوانی نازانن نزیک نەکەونەوە لە شوێنە قەدەخەکراوەکانی مەلەکردن وەکو دەربەند و بەنداوی سەروچاوە، هاوکات گوتیشی، لە مەلەوانگەکان خۆیان فێربکەن و مەلەبکەن، چونکە سەلامەتە.
بەرگریی شارستانیی راپەڕین لەڕێگەی دوو تیمی مەلەوانیی گەڕۆک چاودێریی دەربەندی رانیە و بەنداوی سەروچاوە دەکەن، سەرەڕای دانانی تابلۆی ئاگادارکردنەوە، لەپارەوە تاوەکو شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ حەوت کەس خنکاون.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێت: ''دەربەندی رانیە شوێنێکی فراوانە بەیەک دوو تیم کۆنتڕۆڵ ناکرێت، ئێمە چاودێرمان لەوێ داناوە، هەرچەندە ئەوان تیمی ژێرئاون، بەڵام بەهۆی کەمیی کارمەند ئەرکی رزگارکردنیش دەبینن.''
بە گوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 400 کەس لەئاودا خنکاون، نزیکەی 300 کەسیش رزگارکراون.