تەندروستیی عێراق: دوو هۆکار لە پشت بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، پابەندنەبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی و وەرنەگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، هۆكاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانە لە عێراق.
هەیسەم عوبەیدی، سەرۆكی تیمی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پابەندنەبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی و وەرنەگرتنی ڤاكسین، هۆكاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانە بە كۆرۆنا. ئێستا هاووڵاتیان لە رۆژانی جەژن، لە پرسە و ئاهەنگەكاند بەكۆمەڵ كۆدەبنەوە، وەكو ئەوەی كۆرۆنا لە وڵات نەمابێت".
بەگوتەی عوبەیدی، هاووڵاتیان خەمساردن لە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا و هیچ چارەسەرێكی دیكەش نییە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبووان و دەڵێت: "وەزارەتی تەندروستی خزمەتگوزاریی چارەسەر و هۆشیاری پێشكێش دەكات، بەرپرسیاریەتی ئاسایشی تەندروستیش ئەركی هەموو وەزارەتەكانە".
ژمارەی تووشبووانی کۆڕۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک ملیۆن تووشبوو نزیکدەبێتەوە. بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستیش لە 24 كاژێری رابردوودا 7 هەزار و 817 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 4 هەزار و 883 تووشبووش چاكبوونەتەوە، 34 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆرەکانی سینۆفارمی چینی و ئەسترازێنیکای سوێدی-بەریتانی گەیشتووەتە عێراق و کوتان بە هەردوو ڤاکسینەکە دەستیپێکردووە، بەڵام هاووڵاتیان بە پەرۆش نین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.
حەسەن خەڵاتی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو هەفتەی داهاتوودا 225 هەزار ژەمە ڤاكسینی دیکە دەگاتە عێراق و بەشی هەرێمی كوردستانیشی لێدەدرێت.
حەسەن خەڵاتی گوتی: "عێراق گرێبەستی كڕینی ڤاكسینی لەگەڵ كۆمپانیای سینۆفارمی چینی و فایزەری ئەمریكی هەیە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو 200 هەزار ژەمە ڤاكسینی سینۆفارمی چینی و 25 هەزار ژەمە ڤاكسینی فایزەر بگاتە عێراق".
سەبارەت بە وەرگرتنی پێكوتە لە لایەن هاووڵاتیانەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی و ژینگە دەڵێت، "تائێستا نزیكەی 120 هەزار کەس ڤاكسینیان وەرگرتووە. ئەم ژمارەیە لەئاست پێویستدا نییە، بەڵام ژمارەیەکی باشە".