گابۆن کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنای راگەیاند و داوا دەکات هەموو جیهان چاو لەوان بکەن


رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە ساڵێک لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئۆسوکا راپۆندا، خانمە سەرۆکوەزیرانی گابۆن، سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر کۆرۆنادا راگەیاند، پێیوایە وڵاتەکەی پێشەنگایەتی جیهان دەکات، لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە.
 
راپۆندا لە لێدوانێکی تایبەت بە 'مەیل ئۆنلاین' ئاشكرایکرد، گابۆن، وڵاتێکە دەکەوێتە نێوەڕاستی ئەفریقیا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 2 ملیۆن کەسە، سوودی لە جەنگی خۆی لە دژی پەتاکانی وەک ئیبۆلا و ئایدز وەرگرتووە، بۆ قەڵاچۆکردنی کۆرۆنا. روونیکردەوە وڵاتەکەی "بەخێرایی بەرپەرچی پەتاکەی داوەتەوە و شکستی پێهێناوە"، هەروەها دەڵێت: "ئەمساڵ ئێمە وەک هەر ساڵێکی ئاسایی پێشتر، یادی جەژنەکانی کریسمس دەکەینەوە، ئێمە شکستمان بەکۆرۆنا هێنا".
 
پێشتر چەندین توێژینەوەی جیاواز ئاشکرایانکردووە، ئەو دەوڵەتانەی خانمان بەڕێوەی دەبەن، لە رووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا، لەو دەوڵەتانە سەرکەوتووترن کە پیاوان ئیدارەیان دەدەن.
 
نموونەی دەوڵەتانی سەرکەوتووی خاوەن سەرکردە ئافرەتەکان لە جیهاندا، بە نیوزیلەندا و ئەڵمانیا دەهێنرێتەوە، کە ئەوەی یەکەمیان ژمارەی زۆر کەمی پەتاکەی تێدا تۆمارکرا و ئەوەی دووەمیان، لە نێو ئەوروپادا وەک یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی ئەوروپا لە ژمارەی دانیشتوواندا، کەمترین کەسی پەتاکە و گیانلەدەستدانی تێدا تۆمارکرا و ئەڵمانیا، چارەسەری نەخۆشانی چەندین وڵاتی دیکەی ئەوروپاشی کرد.
 
لەوکاتەوەی کۆرۆنا لە 12ی ئاداری رابردووەوە وەک پەتایەک بەجیهاندا بڵاوبووەتەوە، دەسەڵاتدارانی گابۆن کە پێشتر کۆڵۆنی فەرەنسی بووە، دەستبەجێ هەموو سنوورەکانی وڵاتەکەیان داخست و قەدەخەی هاتووچۆیان راگەیاند، هەروەها تێستی زۆری بەخۆڕایی بۆ دانیشتووانی وڵاتەکە ئەنجامدرا، رێگەنەدرا هیچ کەسێک بچێتە شوێنە گشتییەکانەوە تا نەیسەلمێنێت کە هەڵگری ڤایرۆسەکە نییە.
 
لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتا کوشندەکەوە تاوەکو ئێستا، گابۆن تەنیا 59 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکەی تۆمارکردووە. ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی ئاماری وۆڵدۆمیتەر ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان زیاتر لە 66 ملیۆن کەسە و لەو ژمارەیەش نزیکەی ملیۆنێک و 525 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
هەروەها بەشێوەیەکی گشتی، کیشوەری ئەفریقیا، یەکێکە لە کەم زیاندمەندترین ناوچەکانی جیهان بە پەتاکە. لە ئەفریقیا کۆی گشتیی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تەنیا 50 هەزار کەسە. توێژەران کەمیی ژمارەی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە نەخۆشییەکە لە ئەفریقیا، بۆ گەرمیی کیشوەرەکە و سیستەمی بەرگریی تاک دەگێڕنەوە، چونکە وەک 'مەیل ئۆنلاین'یش ئاماژەی پێداوە، سێ یەکی دانیشتووانی گابۆن، گەنجن کە کەمترین کاریگەریی نەخۆشییەکەیان لەسەر دروست دەبێت.
 
خانمە سەرۆکوەزیرانەکەی گابۆن، جەنگی جیهان لەبەرامبەر پەتای کۆڤید-19، وێڕای نزیکبوونەوەی خستنەڕووی پێکوتەی نەخۆشییەکە، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، "باشتروایە دەوڵەتانی دیکە لاسایی ئێمە بکەنەوە لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا".