دکتۆرێکی کورد دەبێتە ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردنی رێکخراوی سیستەمی تەندروستیی جیهانی


رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار دکتۆرێکی کورد دەبێتە ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردنی رێکخراوی سیستەمی تەندروستیی جیهانی، رێکخراوەکە لە سەرانسەری جیهان ئەندامی هەیە و نوێنەرایەتی دەکرێت و بەشدار دەبن لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا. 
 
رێکخراوەکە لە ساڵی 2010وە دامەزراوە، هەردوو ساڵ جارێک لە وڵاتێک سەمپۆزیۆمێکی جیهانی گرێدەدات. ئەمساڵ 2022 لە وڵاتی کۆلۆمبیا دەکرێت و سکرتاریەتی رێکخراوەکەش لە وڵاتی کەنەدایە.
 
رۆژی شەممە 05-11-2022، دکتۆر گۆران زەنگەنە، ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردنی رێکخراوی سیستەمی تەندروستیی جیهانی کە ئێستا لە کۆڵۆمبیایە، لە رێگەی سکایپەوە میوانی بووڵتەنی هەواڵەکانی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکێشی دەکات.
 
لەبارەی گرنگیی ئەندامبوون لەو رێکخراوە بۆ کوردێک لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، دکتۆر گۆران زەنگەنە دەڵێت: "گرنگییەکەی ئەوەیە ئێمە و مانان بتوانین لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە زیاتر ئاگاداربین لە گۆڕانکارییەکانی سیستەمی تەندروستی و سیاسەتی تەندروستی لە جیهاندا. ئێستا قسە و باسێکی زۆر دەکرێت لەسەر سیستەمی تەندروستی و ئەو پلان و بەرنامانەی کە پێویستن بۆ سیستەمی تەندروستی لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەش. بۆیە ئەندامبوون لەو بۆردەدا دەرفەتێکی گەورە و مێژووییە بۆ ئێمە و مانان، بۆ کورد و بۆ هەرێمی کوردستان. بۆ ئەوەی بتوانین سیستەمی تەندروستی لە ناوچەکە و کوردستاندا بەرەو پێشەوە ببەین و ببێت بە سیستەمێک کە خزمەتکاری خەڵکی کوردستان بێت و وەڵامدەرەوەی پێداویستییە تەندروستییەکانی خەڵکی کوردستان بێت".
 
بە گوتەی دکتۆر گۆران، ئەو رێکخراوە راستەوخۆ ناتوانێت دەستوەردان بکات، "رێکخراوەکە کار لەسەر ئەو کەموکورتییانە دەکات کە لە سیستەمە تەندروستییەکانی جیهاندا هەن، زیاتر هەوڵ دەدات بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و بەراوردکاری لەنێوان سیستەمە تەندروستییەکانی جیهاندا. دەسەڵاتدارانی سیستەمە تەندروستییەکان بە تایبەتی ئەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتیتریش عێراق و کوردستان بەداخەوە گوێ لەو پڕۆژە و پێشنیازانە ناگرن کە پسپۆرانی بوارەکە پێشکێشی دەکەن".
 
ئەندامەکەی بۆردی بەڕێوەبردنی رێکخراوی سیستەمی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەدات کە خۆی دەیانجار لە رێگەی " رووداو و میدیاکانی دیکە رەخنەمان لە سیستەمی تەندروستیی کوردستان گرتووە و گوتوومانە بەو شێوازە بەردەوام نابێت، بەڵام بەداخەوە گوێ ناگیرێت".
 
بە بڕوای دکتۆر گۆران زەنگەنە، رەوانەکردنی نەخۆش بۆ دەرەوەی وڵات و چارەسەرنەکردنی لە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە نەبوونی پسپۆر و نەخۆشخانە و ئامێرەوە نییە، "ئێمە لە کوردستاندا هەم پسپۆریمان هەیە، هەم ژمارەیەکی زۆر باشی پزیشک و کارمەندی تەندروستیمان هەیە، ژمارەیەکی باشی نەخۆشخانەمان هەیە، بەڵام کێشەکە لە سیاسەتی تەندروستی و پلانداناندا هەیە، کێشەکە لە دونیا بینینی دەسەڵاتدارانی تەندروستی و سیاسییە بۆ کێشە تەندروستییەکان".
 
دکتۆر گۆران زەنگەنە دەشڵێت: "هەموو توێژینەوەکان و ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە بوارەکە دەکرێت، هەموو ئەو چالاکییانەی کە ئەو رێکخراوە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەنجامی دەدات، باس لەوە دەکەن کە وڵاتانی دونیا دەبێت گرنگیی زیاتر بە کەرتی گشتیی تەندروستی بدەن، بودجەیەکی باشی بۆ تەرخان بکرێت." 
 
دکتۆر گۆران زەنگەنە دەڵێت، "یەکێک لەو پێشنیازانەی دەکرێت ئەوەیە نابێت کەمتر لە 15٪ی بودجەی وڵات بۆ کەرتی تەندروستی. بەڵام بەداخەوە لە وڵاتێکی وەکو هەرێمی کوردستاندا کەمتر لە 5٪ی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ تەندروستی تەرخان دەکرێت. ئەوەی کە دەیبینین لە کوردستان و عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی ئەوەیە کە زیاتر گرنگی بە کەرتی تایبەت و نەخۆشخانەی تایبەت و بزنس دەدرێت لە بواری سیستەم و سیاسەتی تەندروستیدا".