تەندروستیی سلێمانی: لە مانگێکدا زیاتر لە 2800 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانی دڵ و سووتانیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە یەک مانگدا 127 نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە سووتان کراون؛ زیاتر لە 500 نەخۆشیش لە نەخۆشخانەی دڵ خەوێندراون.
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیدا، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە و ئاماری رۆژانی 1 تاوەکو 30ی حوزەیرانی ئەم ساڵە، ئاماژە بەوە کراوە، لەو ماوەیەدا 1483 کەس سەردانی نەخۆشخانەی سووتاوی و نەشتەرگەری جوانكاریی ئیمێرجنسییان لە سلێمانی کردووە و چارەسەریان بۆ کراوە.
لەو ژمارەیەی سەردانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە سووتانیان کردووە، "127 نەشتەرگەریی گەورە کراون؛ 132 كەس خەوێندراون کە 24 كەسیان لە بەشی سووتاوی و 108ـەکەی دیکە لە بەشی جوانكاری بوون."
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، لە مانگی حوزەیراندا 1366 کەس سەردانی نەخۆشخانەی دڵیان لە شارەکە کردووە، لەو ژمارەیە 559 نەخۆش بۆ چارەسەر هێڵدراونەتەوە و خەوێندراون.
لەو ژمارە نەخۆشەی سەردانی نەخۆشخانەی دڵیان کردووە، 386 کەسیان بووژانەوەی دڵیان بۆ کراوە، 23 نەشتەرگەری دڵ، 298 قەستەرە و 150 دانانی باڵۆن ئەنجام دراون.
هەر لەو مانگەدا 218 پشكنینی سیتی سكان، 323 ئیكۆ و 297 هێڵكاری دڵ کراون؛ هاوکات 66 چارەسەری سرووشتی، 141 تیشك و 7 هەزار و 689 پشکنینی تاقیگەیی بۆ نەخۆشان کراون.