بەشێکی تووشبووانی شێرپەنجە لە نۆرەی وەرگرتنی چارەسەردا گیانلەدەستدەدەن

رووداو - تەندروستی 

نەخۆش تا زوو چارەسەری بۆبکرێت درەنگە، بەڵام بەشێکی زۆری تووشبووانی شێرپەنجە شەش بۆ حەوت مانگ یاخود زیاتریش دەبێت لە نۆرەدابن بۆ وەرگرتنی چارەسەر بە تیشک.
 
تووشبوویێکی شێرپەنجە کە سەردانی سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەر بە تیشک دەکات، لە سۆرانەوە هاتووەتە سەنتەرەکە و دەڵێت: ''حەوت مانگ گەلێک زۆرە بۆ نۆرەیێک، بەڕاستی گەرەنتیی چی هەیە کە من تا حەوت مانگی دیکە دەمێنم، یاخود لانی کەم نەخۆشییەکەم زیاتر تەشەنەنەکات، لە کاتێکدا لە سۆرانەوە تەنیا بۆ نووسینی نۆرە هاتووم''.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی سەنتەرەکە، رۆژانە نزیکەی 150 کەس چارەسەر بە تیشک وەردەگرن، نزیکەی سێ هەزار کەسیش لە نۆرەدان.
 
جگەرخوێن مستەفا، کارمەندی سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەر بە تیشکە و دەڵێت: ''ئێستا نەخۆشانی مانگی شەشی ساڵی رابردوو نۆرەیانە و ئەوان بەڕێدەکەین، زۆرن ئەو کەسانەی کاتێک دوای شەش حەوت مانگ نۆرەیان دێت و کاتێکیش پەیوەندیان پێوەدەکەین، گیانیان لەدەستداوە.
 
سەنتەری ئاوات سەنتەرێکی حکومییە،  ئێوارانیش دەبێت بە نیمچە تایبەت و هەر دانیشتنێکی چارەسەر بە 40 هەزار دینارە.
 
محەمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەرەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، بۆ هەر ملیۆنێک و 250 هەزار کەس دەبێت ئامێرێکی چارەسەر بە تیشک هەبێت، بەڵام لێرە ئامێرەکان کەمن و بەو ئامێرە کەمەش خەڵکی هەموو کوردستان و عێراقییەکان بەڕێدەکەین کە گوشارێکی زۆریان لەسەرە و توانای بەڕێکردنی ئەو هەموو نەخۆشەشیان نییە.
 
لەم بارەیەوە د. ئەحمەد سامی، پسپۆڕی چارەسەر بە تیشک گوتی، ''بێگومان کاتێک دوای حەوت مانگ لە تووشبوونی نەخۆشییەکە دێیت بۆ تیشک رەنگە کەسەکە سوود وەرنەگرێت و بۆی نەکەین، چونکە تیشک دەبێت لە ماوەی پێنج بۆ شەش هەفتە ئەنجامبدرێت.
 
لە نەخۆشخانەی رزگاریش هەمان چارەسەر بۆ نەخۆشان دەکرێت، بەڵام نۆرەی چارەسەرەکە زیاتر لە ساڵێک تێپەڕ دەکات.