تیمێکی خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە گوندنشینان دەپشکنن

رووداو - تەندروستی 

تيمێکی خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە بۆ دڵنيابوون لە تەندروستیی گوندنشينان سەردانی گوندەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن و گوندنشینێکیش دەڵێت: ''دوای پشکنینەکان، دڵنیابوومەوە لە تەندروستیم''.
 
کەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی پێداویستییەکانی بنکە تەندروستييەکان هۆکاری سەردانەکەی تیمە تەندروستییەکەن.
 
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە لەم بارەیەوە دەڵێت کە کێشەی کەمیی خزمەتگوزاریی پزیشکییان لە بنکەکاندا هەیە، بەجۆرێک هێزی مرۆیی و دەرمانیش کەمن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا د. ئازاد مستەفا ئەوەش باسدەکات کە نەبوونی دەرماڵە بۆ ئەوانەی لە بنکە تەندروستییەکانن کێشەیەکی سەرەکیی نەبوونی خزمەتگوزارییە لەو بنکانە، چونکە ''کارمەندان ناتوانن بەبێ دەرماڵە بچنە دەرەوەی شار''.
 
عەينەدين قادری 64 ساڵان کە دانیشتوویێکی گوندە دەڵێت: ئێستا تێگەیشتم لە نەخۆشییەکەم، پشکنین دەکەین، بەڵام ئیشەکەمان ئەوەندە زۆرە بیرمان نامێنێت''. 
 
ئامانجی تیمە گەڕۆکەکە هوشيارکردنەوەی گوندنشينانە لە تەندروستییان، تاوەکو خەڵکانی ئەوێ تەندروست بن.
 
ئارام خەسرەو، کارمەندی خۆپاراستنی تەندروستی گوتی، ئامانجیان ئەوەیە کە ئێمە هاونیشتمانییان بەسەربکەينەوە لە گەڕان بەدوای نەخۆشی بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە.
 
ئارام خەسرەو دەڵێت:  ''کە ئێمە پشکنين بۆ هەر کەسێک دەکەین خەمی خۆی دەخوات، پێش وەختە ئاگاداری دەکەينەوە و هۆشياریی تەندروستی پێدەدەين کە خەو و خواردنی چۆن بێت و ئاگاداری سوێری و چەوری بێت''.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە سنوورى پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ شەش نەخۆشخانە و 33 بنكه‌ى تەندروستی هەن.