کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس بە بەشداریی زیاتر لە 1000 گەنج لە دهۆک راگەیێندرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

پرۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لە دهۆک راگەیێندرا و بڕیارە دیداری دکتۆر ئاراس لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. دکتۆر ئاراس دەڵێت، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بە حکومەت بڵێین هاوکارت دەبین لەو بڕیارانەی بۆ تەندروستیی گشتی دەریاندەکەیت و دەمانەوێت بە نەخۆشییە نەگوازراوەکان کە هۆکاری 70٪ـی مردنی مرۆڤەکانن، بڵێین بوەستە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی شوباتی 2024، یەکەمین دیداری دکتۆر ئاراس لە دهۆک بە بەشداریی زیاتر لە 1000 گەنج، قوتابی و خوێندکار بەڕێوەچوو و تێیدا کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس راگەیێنرا، دکتۆر ئاراس لەو دیدارەدا گوتی؛ پرۆژەکەمان لە دهۆکەوە دەستپێکرد، "لەبەرئەوەی هەر پرۆژەیەک بناخەکەی لە دهۆک بێت 100٪ سەرکەوتوو دەبێت."
 
دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی، هەلێکە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و دەرفەتدان بە قوتابیان، گەنجان و خۆبەخشانی کوردستان بۆئەوەی زیاتر رۆڵی خۆیان ببینن و بەشداربن لە داڕشتنی بیرۆکەی بەرنامەکە بە پێی ئەو شوێن، کولتوور و ژینگە جیاوازانەی کە لێوەیەوە هاتوون.
 
پرۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی چییە؟
 
دکتۆر ئاراس لە یەکەم دیداریدا لە دهۆک هۆکاری راگەیاندنی پرۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی خستەڕوو و رایگەیاند؛ "دوو ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەین پرۆژەیەکی نیشتمانیی گەورە لە هەموو کوردستان دەستپێبکەین و دهۆک بکەین بە بنکەی سەرەکیی پرۆژەکە، لەبەرئەوەی دهۆک ببێت بە بناخەی هەر پرۆژەیەک، ئەو پرۆژەیە 100٪ سەردەکەوێت، بۆیە دکتۆر ئاراس کۆمیونیتیمان بۆ خزمەتی کوردستان دامەزراند و لە دهۆکەوە دەستپێدەکەین".

 

 
دکتۆر ئاراس باسی لە تێکڕای تەمەنی مرۆڤ لە قۆناخە جیاوازەکانی مێژووی هاوچەرخ کرد و گوتی "ساڵی 1948 دوای کۆتاییهاتنی شەڕی جیهانی دووەم رێکخراوی تەندروستی جیهانی دامەزرا، بەهۆی کاریگەریی جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهانییەوە ئەوکات تێکڕای تەمەنی مرۆڤ 46 ساڵ بوو، ئێستا تێکڕای تەمەن لە هەندێک وڵاتی دنیا دەگاتە 85 ساڵ، واتا وڵاتان توانییان تێکڕای تەمەنیان بە باشکردنی ژیانی تەندروستیی خەڵکەکەیان بەرزبکەنەوە، بەگشتی لە دنیادا تێکڕای تەمەن ئێستا 73 ساڵە."
 
 
دکتۆر ئاراس باسی لە نەخۆشییەکانی وەکو سوورێژە، ئیفلیجی کرد کە لە سەتەی رابردوو ملیۆنان کەسیان کوشتووە، بەڵام ئێستا چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە و نەخۆشییەکانی سیل، مەلاریا و ئایدز پاشەکشەی زۆریان پێ کراوە، هاوکات جگەرە کێشان کە تازە لەنێو خەڵکی ئێمە دەبێت بە مۆدێل، لەماوەی 20 ساڵی رابردوو لە دنیادا کەمبووەتەوە و مردنی دایکانی دووگیان یەک لەسەر سێ و مردنی منداڵان تاوەکو نیوە کەمبووەتەوە، ئەمانە بە کۆمەڵێک هەوڵی تەندروستی گشتی کراون.
 
بۆ قەدەخەکردنی ڤەیپ دەبێ زەمینە لەبار بکرێت
 
دکتۆر ئاراس قەدەخەکردنی ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی یەک رۆژە بە کارێکی هەڵە دەزانێت و دەڵێت، لە وڵاتێکی وەکو فەرەنسا 20 ساڵ کاری بۆ کراوە و زەمینەی بۆ ئامادەکراوە، ئینجا بڕیاری قەدەخەکردنی دەرچووە.
 
بە گوتەی دکتۆر ئاراس "کەمکردنەوەی رێژەی جگەرەکێشان پێویستی بە نەشتەرگەریی نییە، بەڵکو بۆ ئەمە پێویستمان بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتیی و دانانی باج لەسەر جگەرەیە و دەبێت قەدەخەکردنی جگەرەکێشان بەسەر کافتریا و شوێنە گشتییەکاندا دەسەپێنین، واتا بەو رێوشوێنە ئاسایی و سادانە ئەم کارە دەکرێت، بۆیە ناکرێ یەکسەر بچین ڤەیپ قەدەخە بکەین، ئەوە هەڵەیەکی زانستی گەورەیە".
 
هاوکات، بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە بڵێن هەنگاوێک لەپێناو تەندروستیی گشتیدا نراوە و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەمە پینە و پەڕۆیەکی کاتییە و تەنیا بۆ ئەوەیە بڵێین ئێمە هەنگاوێکمان ناوە، وڵاتێکی وەکو فەرەنسا کە ڤەیپی قەدەخە کردووە، بە یەک جار ئەو بڕیارەی نەداوە، بەڵکو 20 ساڵ کاری لەسەر کرد و زەمینەکەی خۆشکرد و دوایی قەدەخەی کرد".
 
 
نەخۆشییە نەگوازراوەکان "هۆکاری 70٪ـی مردنەکانن"
 
یەک لە ئامانجەکانی پرۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی دابەزاندنی ئاستی ئەو نەخۆشییە نەگوازراوانەیە کە تووشی مرۆڤی ئێمە دەبن و دەکرێ رێگەیان لێ بگیرێت، بە گوتەی دکتۆر ئاراس "ئێستا لە دنیادا 70٪ـی هۆکارەکانی مردن نەخۆشییە نەگوازراوەکانن کە هەندێکیان بریتین لە قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، نەخۆشییەکانی بەرزیی پەستانی خوێن و هەموو نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لەکاتێکدا دەتوانین رێگە لە زۆرینەی ئەو نەخۆشییانە بگرین. ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بەو 70٪ـە بڵێین بوەستە".
 
دکتۆر ئاراس لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە بەکارهێنانی دەرمانی ناپێویست لە هەرێمی کوردستاندا و رایگەیاند، ئێستا وەرزی ئەنفلەوەنزایە، ئەنفلەوەنزاش نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، بەڵام دەچن ئەنتیبایۆتیک دەدەن بە خەڵک، تەنیا لەپێناو ئەوەدا دەرمانەکە بفرۆشن و قازانج بکەن، "باش دەزانن ئەو ئەنتیبایۆتیکانە چ کاریگەرییەک لەسەر جەستە دادەنێن، بەڵام هەر دەیکەن، لەبەر ئەوەی پارە شیرینترە" و دەشڵێت؛ "ئێستا بەکتریاکانمان لە بەرامبەر دەرمان و ئەنتیبایۆتیکەکاندا هیچ کاردانەوەیەکیان نییە، لەبەر ئەوەی بە ناپێویست بە کارمان هێناون، بۆیە دەبێ ئیتر بەمانە بڵێین بوەستن".

 

 
ژینگەی شوێنە گشتییەکان
 
پیسبوونی هەوا کێشەیەکی نیشتمانی و سیستماتیک و لە هەمان کاتدا کێشەیەکی جیهانییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتان بۆ پاراستنی شوێنە گشتییەکان کۆمەڵێک رێکاری یاساییان گرتووەتەبەر، دکتۆر ئاراس برادۆستی دەڵێت؛ "ئێمە دەتوانین بە کافتریاکان بڵێین کاتێک نێرگەلە دەدەن بە خەڵکەکەمان، لانیکەم شوێنێکیش دابین بکە بۆ ئەوەی منێک کە نێرگەلە ناکێشم، دووکەڵەکە هەڵنەمژم. وەزارەتی تەندروستی و حکومەت دەبێ ئەمە بەسەر کافتریا و ریستۆرانتەکاندا بسەپێنن".
 
وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "ئێمە لە پرۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی وەکو لەشکرێک لە گەنجان هاتووین بە وەزارەتی تەندروستی و حکومەت بڵێین هاوکارتان دەبین بۆ چەسپاندنی ئەو بڕیارە، تاوەکو منداڵەکانمان و دایکانی دووگیان دووکەڵی نێرگەلە و جگەرە لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵنەمژن".
 
"نابێ رێگە بدرێت هاووڵاتی نەخۆش بکەوێت"
 
ساڵی رابردوو لە کۆنفرانسێکی تەندروستیدا لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا کە هاووڵاتییان 13 ملیۆن سەردانیان بۆ بنکە تەندروستییەکان هەبووە، دکتۆر ئاراس برادۆستی ئەوە بە هەواڵێکی زۆر دڵگرانکەر ناودەبات و دەڵێت؛ "هەستم کرد 13 ملیۆن جار دۆڕاوین و شکستمان هێناوە، لەبەر ئەوەی ئێمە رێگەمانداوە هاووڵاتییەکی تەندروست لەنێو کۆمەڵگەدا نەخۆش بکەوێت، کەچی دوایی دەڵێین ئێمە زۆر گرنگین، 13 ملیۆن سەردانمان هەبووە".
 
دکتۆر ئاراس دووپاتی دەکاتەوە؛ "با باشترین نەخۆشخانەمان هەبێت و باشترین نەشتەرگەرییەکان ئەنجامبدەین، بەڵام ئەگەر رێگەماندا هاووڵاتییەک نەخۆش بکەوێت، دۆڕاوین. لەبەر ئەوەی ئەو هاووڵاتییە تەندروست بوو، بەڵام ئێمە هێشتمان نەخۆش بکەوێت، دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی ئەمڕۆ لێرەیە بۆ ئەوەی رێگە نەدات هاووڵاتییە تەندروستەکانمان نەخۆشبکەون".
 
 
لە هەرێمی کوردستان "کەرتی تەندروستی نییە"
 
دکتۆر ئاراس لە دیدارەکەی دهۆکدا رایگەیاند: "چارەسەرییە تەندروستییەکانی ئێمە لەئاست وڵاتانی پێشکەوتوو نییە، تەنانەت بە چارەگێکی وڵاتانی ئەورووپی پێشکەوتوو نین، بۆیە دەبێ شەڕەکانمان بەرینە دەرەوەی دیوارەکانی نەخۆشخانە و نەهێڵین خەڵک نەخۆشبکەوێت، ئێمە ئەگەر رێگەماندا نەخۆشی بێتە نێو جەستەمانەوە، دۆڕاوین".
 
بە گوتەی دکتۆر ئاراس؛ "ئەوەی ئێستا لە کوردستان هەیە کەرتی تەندروستی نییە، بەڵکو کەرتی نەخۆشە. نەخۆش لەگەڵ تەندروستی جیاوازە، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت تەنیا مامەڵەکردنە لەگەڵ نەخۆش، بەڵام کار لەسەر 95٪ـەکەی دیکەی کۆمەڵگا ناکەین کە نەخۆش نەکەوتوون".

 

 
زیاتر لە 12 هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە
 
پرۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی بەجۆرێکە کە قوتابیان، خوێندکاران و خۆبەخشان بەشداردەبن لە پلان، جێبەجێکردن، بەرهەمهێنان و دوای بەرهەمهێنانی بەرنامەکە تاوەکو دەگاتە هاونیشتمانییان. ئامانج لێی رەخساندنی هەلێکە بۆ قوتابیان و خوێندکاران بۆ ئەوەی نزیکتر لە خەڵک چالاکییەکانیان ئەنجامبدەن و پەیامەکانیان لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بگاتە زۆرترین کەس لە سەرتاسەری جیهان.
 
بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی گەنج، قوتابی و خوێندکارن و خانمان 58٪ـی بەشداربووانی کۆمیونیتییەکە پێکدەهێنن، هەروەها فۆڕمی ناوتۆمارکردن لە پۆرتاڵی رووداو بۆ دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی بەردەستە.
 
 
دیداری دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە هەریەک لە شار، شارۆچکە و قەزاکانی هەرێمی کوردستان پێشکێشدەکرێت، تاوەکو ئێستاش ژمارەی بەشداربووانی دکتۆرئاراس کۆمیونیتی لە کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 12 هەزار و 350 کەس کە تەنیا لە دهۆک زیاتر لە دوو هەزار و 900 کەس ناویان تۆمارکردووە.
 
 

 

.