نەتەوە یەکگرتووەکان نهێنیی سەرکەوتنی ئەفریقیا بەسەر کۆرۆنادا ئاشكرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەچاو ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک، کە تائێستا لە جیهاندا تووشی کۆرۆنا بوون یان بە کۆرۆنا مردوون، کیشوەری ئەفریقیا ژمارەیەکی زۆر کەمی لەسەر ئاستی جیهان بەتووشبوون بەو پەتایە راگەیاندووە، لە کاتێکدا ترس زۆربوو لەوەی خراپیی سیستمی تەندروستی لە زۆرینەی وڵاتانی ئەو کیشوەرەدا، دۆخی تەندروستی کیشوەرەکە بەهۆی کۆرۆناوە، تەواو پەرێشان بکات.
بەپێی ژمارەکان، لە دوو مانگی رابردوودا، ژمارەی تووشبووان لە کیشوەرەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە بڵاوکراوەیەکدا نهێنی ئەو ژمارە کەمەی راگەیاند و ئاشکرایکرد، کیشوەری ئەفریقیا ریزپەڕی نێو دونیایە لە وەڵامدانەوەی خێرای پەتاکەدا.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، ریزپەڕییە ئەفریقییەکە بۆ چەند هۆکارێکی کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی جیاواز دەگێڕێتەوە.
بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆکارەکان بەشێکی پەیوەندییان بە گرتنەبەری زووی رێوشوێنی کەرەنتینەوە هەیە، کە حکومەتەکانی ناوچەکە پەنایان بۆ برد. ئەمە جیا لە کەمی ژمارەی دانیشتووان و نزمیی چڕیی ژمارەی دانیشتووان لە ناوچە نیشتەجێیەکاندا، جیا لە هاتووچۆی خەڵک و کەشوهەوای شێدار و گەرم، هەروەها تەمەنی دانیشتووان.
پەتاکە لە ئەفریقیادا زیاتر تووشی تەمەنێکی دیاریکراو بوو کە تەمەنێکی بچووک بوو، خێرا بڵاوبووەوە بەڵام لە ژمارەیەکی کەمی وڵاتاندا.
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرایکردووە، نزیکەی 91٪ی تووشبووان بە پەتاکە لە باشووری بیابانی گەورەی کیشوەرەکە بووە و ئەو کەسانە تووشی بوون کە تەمەنیان لە 60 ساڵ و بەرەو سەرە، 80 لەسەدی تووشبووەکان هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان نەبووە.
لە 20ی حوزەیرانەوە، ژمارەی تووشبوون بە پەتاکە لە دابەزینی بەردەوامدایە، لە هەفتەی رابردوودا 131647 هەزار حاڵەتی نوێ تۆمارکران، بەبەراورد بە هەفتەی پێشووتر بەرزبوونەوە بەتووشبوون روویداوە، چونکە ژمارەکە ئەوکات 77147 حاڵەتی نوێ بوو.
هەندێک وڵات کە پێشتر زیانی زۆرتریان بەرکەوتووە و تووشبووەکانیان زۆرتر بوون، لە نێویاندا جەزائیر و کامیرۆن، کۆتدیڤوار، ئەسیوبیا، گانا، کینیا، مەدگەشقەر، نایجیریا، سەنیگال و باشووری ئەفریقیا، حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوونیان بەخۆوە بینیوە.
جیا لە دابەزینی تووشبووەکان، ژمارەی مردووانیش بەهۆی پەتاکەوە لەو کیشوەرە لە هەفتەکانی پێشوودا، روو لە دابەزین بوو.
ماچیدیۆ مۆیتی، بەڕێوەبەری تەندروستی جیهانی لە کیشوەری ئەفریقیا، رایگەیاندووە، "ئاراستەی دابەزین کە لە دوو مانگی رابردوودا ئەفریقیا بەخۆوەی بینیوە، بێگومان پێشوەچوونێکی پۆزەتیڤە و بەڵگەیە لەسەر باشیی ئەو رێوشوێنە تەندروستییە گشتییە یەکلاکەرەوانەی، حکومەتەکانی ناوچەکە گرتوویانەتە بەر".
هەرچەندە حکومەتەکانی کیشوەرەکە، ژمارەی پشکنینی ئاساییان لە 74 پشکنین بۆ هەر 10 هەزار کەس بۆ 93 پشکنین بۆ هەر 10 هەزار کەس بەرزکردووەتەوە لە ماوەی مانگی ئابدا، بەڵام ژمارەی تووشبووەکان هەر کەمە.
بەڕێوەبەرەکە دەڵێ، ئەوەی پێشبینیمان دەکرد لەبارەی خێرا بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە کیشوەرەکەدا رووینەدا، بەڵام وێڕای ئەوەش بەردەوامبوونی نەخۆشییەکە، مانای مانەوەیەتی بۆ داهاتووی نزیک.