تەندروستیی سۆران: ناردنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر 90٪ کەمیکردووە

رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران دەڵێت، لە دوو ساڵی رابردوودا دۆخی کەرتی تەندروستیی سنوورەکەیان پێشکەوتنی "زۆرباشی بەخۆیەوە بینیوە،" بەشێوەیەک ناردنی نەخۆش بۆ نزیکەی 90٪ کەمیکردووە و ساڵانە 10 هەزار نەخۆش کەمتر روو دەکەنە نەخۆشخانە و نۆرینگە تایبەتەکان.
د. کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو. باسی دۆخی کەرتی تەندروستیی سنووری ئیدارەی سۆرانی کرد و گوتی: "لە دوو ساڵی رابردوودا، دۆخی تەندروستی لە سنوورەکە زۆر گۆڕاوە، زۆرینەی خزمەتگوزارییەکان بەردەستن، بەشێوەیەک؛ پێشتر مانگانە 200 نەخۆش بە ئەمبوڵانس دەنێردرانە هەولێر، بەڵام مانگی شوباتی ئەم ساڵ کەمبووەتەوە بۆ 25 نەخۆش، هەروەها ساڵانە 10 نەخۆش کەمتر رەوانەی کەرتی تایبەت دەکرێت و لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەر وەردەگرن."
د. کامەران دەڵێت: "هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە کارمەند و پزیشکی پسپۆڕ دابین بکەین لەگەڵ دابینکردنی ئامێر و پێداویستیی پزیشکی."
لەسنووری ئیدارەی سۆران، 7 نەخۆشخانەی گشتی و 98 بنکەی تەندروستی هەن لەگەڵ چوار بەڕێوەبەرێتی تەندروستی لە قەزاکانی سنوورەکە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سۆران دەشڵێت، ئێستا لە زۆرینەی پسپۆڕییەکان پزیشکی تایبەتمەند و پسپۆڕمان هەن، پێشتر بۆ شکانی پەنجەی دەستیش دەبوو لە سۆرانەوە رەوانەی هەولێر بکرایە بەڵام پار 1200 پارچە پلاتینمان بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری و بلێی فێرکاری دابینکراوە.
دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروسییە حکومییەکان یەکێکە لەو گرفتانەی لە دوای سەرهەڵدانی قەرانی داراییەوە بووەتە ئاڵنگاری و گرفت لە بەردەم حکومەت.
د. کامەران مەلا محەممەد دەڵێت، دابینکردنی دەرمان تێچوویەکی "زۆر زۆری هەیە"، دۆخی داراییش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نەخۆشخانە حکومییەکان هەیە، بەشێوەیەک یەک مانگ دواکەوتنی مووچە، سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان 50٪ زیاد دەکات.
گوتیشی، ساڵانە چوار ملیار و 300 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخان دەکرێت بۆ کڕینی دەرمان، هەوڵمانداوە ئەو دەرمانانەی زۆر پێویستن بەردەست بێت.
سەنتەری دروستکردنی پەلی دەستکردی سۆران کە تاکە سەنتەری حکومییە لە سنووری هەولێر و سۆران. دکتۆر کامەران دەڵێت، پێداویستی و کەرەستەی پێویست بۆ سەنتەرەکە دابینکراوە و ئێستا نەخۆشەکان سوود لە خزمەتگوزارییەکانی دەبینن.
لەبارەی کردنەوەی بەش و سەنتەری نوێ لە سنوورەکە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران دەڵێت، ساڵی رابردوو دوو سەنتەری شوشتنەوەی گورچیلەمان لە چۆمان و مێرگەسۆر کرانەوە و ئێستا سێ سەنتەرمان هەن، هەروەها ئەم ساڵ پلانمان وایە، سەنتەرێکی نەخۆشییەکانی دڵ لە مێرگەسۆر، ناوەندێکی چارەسەری فیزیایی، بینایەکی نوێ بۆ دادپزیشکی لەگەڵ فراوانکردنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری و بەشی راوێژکاری جێبەجێ بکەین.
تاوەکو ئێستا هیچ نەخۆشخانە و ناوەندێکی چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سنووری سۆران بوونی نییە. بەڕێوەبەری تەندروستی سنوورەکە دەڵێت، ساڵی رابردوو داوامان لە سەرۆکوەزیران کرد و ئەویش نوسینگەی خۆی راسپار و دەرخستە و دیزانەکەی ئامادەکراوە و زەویشمان بۆ تەرخانکردووە، هیوادارین ئەم ساڵ بەردی بناخەی دانێین.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سۆران لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ چاودێریکردن و پێداچوونەوە بە کاری نەخۆشخانە و نۆرینگە پزیشکییەکان. د. کامەران مەلا محەممەد دەڵێت، لیژنەیەکی تایبەت لە تەندروستی سۆران پێکهێنراوە بۆ ئەوەی دیسانەوە پێداچوونەوە بە نۆرینگە و دەرمانخانەکان بکرێت. هەر شوێنێک سەرپێچی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بکات، شوێنەکە دادەخرێت و ناو و ناونیشانی بڵاودەکرێتەوە.