ئازاد حەمەدەمین دوو کتێبی رۆژنامەڤانی بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان دوو کتێب لە بارەی رۆژنامەڤانی بڵاودەکاتەوە، کە یەکێکیان تایبەتە بە "ناوزڕاندن" و ئەوەی دیکەشیان باس لە "خانەنشینی"ـی رۆژنامەڤانان دەکات.
 
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، دوو کتێب بە ناوەکانی "ئەلف و بێی ناوزڕاندن" و "خانەنشینی رۆژنامەنووسانی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان دەقی یاسا و گەرەنتی راستەڕێبوون" چاپ و بڵاودەکاتەوە.
 
لە بارەی نێوەڕۆکی کتێبی یەکەم، کە 54 لاپەڕەیە، ئازاد حەمەدەمین لە پێشەکییەکەیدا نووسیویەتی "ئەم کتێبە بەشێکە لە هەڵمەتی جیهانی، کە رێکخراوی ئارتیکڵ 19 بە هاوکاریی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهان (IFJ) لە ساڵی 2016 دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە."
 
هەر لە بارەی ناوزڕاندنەوە ئازاد حەمەدەمین دەڵێت "ئێمە، سەبارەت بە تۆمەتی ناوزڕاندن تەنیا دیوێکی کێشەکەمان دیتوە، ئەویش لێکەوتەی ناوزڕاندنە کە بەڵگەیە بۆ ناپرۆفیشناڵیی پیشەیی لە کاتی نەبوونی زانیاری و لێکۆڵینەوە لە رووداوێک، بەڵام دیوەکەی دیکەی بریتییە لە پەنابردنی دەسەڵاتە نادیموکراتەکان بۆ دادگاییکردنی رۆژنامەنووسان و بەکارهێنانی ئەو تۆمەتە حازربەدەستە بۆ رێگەگرتن لە کاری میدیایی."
 
"ئەلف و بێی ناوزڕاندن" شەش بەشی لەخۆگرتووە، ئەوانیش: یاساکانی ناوزڕاندن چین و کامانەن؟ دیارترین گرفتەکانی ناوزڕاندن، جۆری یاساکانی ناوزڕاندن، ناوزڕاندن و مافەکانی مرۆڤ، ناوزڕاندنی سزایی و ناوزڕاندنی مەدەنی.
 
لە کتێبی دووەمیدا بە ناوی "خانەنشینیی رۆژنامەنووسانی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان دەقی یاسا و گەرەنتیی راستەڕێبوون" ئازاد حەمەدەمین خوێندنەوەیەکی بۆ یاسای ژمارە (3)ـی ساڵی 2001ـی خانەنشینی رۆژنامەنووسانی کوردستان کردووە. 
 
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی "یاسای خانەنشینی رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەم شێوازەی هەیە، بە سڕبوو دادەنرێت، چونکە میکانیزمی جێبەجێکردنی نییە. گرنگترین مەرج دابینکردنی سەرچاوەی دارایی سندووقەکەیە، پێشتریش وەزارەتی دارایی نەیشاردووەتەوە کە دەبێ سندووقی خانەنشینانی رۆژنامەنووسان میکانیزمێکی دیکەی بۆ بدۆزرێتەوە هاوشێوەی پارێزەران، ئەندازیاران، پزیشکان، بەڵام پیشەی رۆژنامەنووسی جیاوازە لەو پیشانە، ناکرێ بە گوێرەی ئەو بونیادە یاساییەی هەیە، ئەندامیێتی لە سەندیکا بکرێتە ناچاری بۆ دابینکردنی سەرچاوەی سندووق، چونکە ئەمە پێچەوانەی پێوەر و ستاندارتە جیهانییەکانە."
 
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان داوای هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات و دەڵێت؛ بکرێتە یاسای دەستەی خانەنشینی رۆژنامەنووسان، واتە سندووقەکە بە جۆرێک رێکبخرێت، کە سەرچاوەی دارایی مسۆگەری هەبێت، ئەویش بە ئابوونەی رۆژنامەنووسی پیشەیی و گرێبەستی کاری رۆژنامەنووسی.