نامە ئەکادیمییەکان
"پەیدابوونی رەخنەی ئەدەبی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا تا جەنگی گێتیی یەکەم" نامەیەکی (عەبدوڵڵا یاسین)ـە کە بە سەرپەرشتی (پ.د. مارف خەزنەدار) ساڵی (1989) پێشکەشی کۆلێجی زمانی زانکۆی سەلاحەدینی کردووە و لە چوار بەش پێکهاتووە.
بەشی یەکەم، رەخنەی ئەدەبی وەک مێژووی ئەدەبی و تیۆری ئەدەبی لقێکە لە ئەدەبیاتناسی، توێژەر بۆ جیاکردنەوەی ئەم لقە لە لقەکانی دیکە، سەرەتا لایەنی زمانی و فەرهەنگیەکەی رەخنە دەستنیشان دەکات. لە گریکدا ڕەخنە (کریتیک) بە مانای جیاکردنەوە [شیکردنەوە] و هەڵسەنگاندن [حوکمدان] دێت. ڕەخنەگر کاری نرخاندن و خەوش و هەڵەگرتنە لە تێکستە هونەری و ئەدەبییەکان. لە زمانی عەرەبیشدا بە مانای پارەیە؛ تەماشاکردنی دراوە بۆ جیاکردنەوەی چاکەکەی لە خراپەکەی، یان سەیرکردنی قسەیە بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی و دەرخستنی عەیبەکەی، یان چاکی و خراپیی قسە جیادەکاتەوە. لە فەرهەنگی زمانی کوردیشدا ئەمانە دەگوترێن (رەخنەی تێبووە [کونی تێبووە]، ڕەخنەگر [عەیبگر].
ڕەخنەباز [زۆر عەیبگیرە]، واتە مرۆڤێک کە حەزی لە عەیبگرتنی خەڵکیە. بەڵام لەڕووی زاراوەوە ڕەخنە جیایە لەم مانا کولتووری و کۆمەڵایەتیە، چونکە لەسەر تێکست کار دەکات یان بەشێوەیەکی فراوان یارمەتی دروستبوونی جیهانی دابونەریتی کۆمەڵ دەدات، کەواتە ڕەخنە سەر بە زانست و هونەرەکانە. لە زمانی عەرەبیدا تا سەردەمی عەباسییەکان بە مانا زاراوەییەکەی بەکارنەهات و مانای داشۆرین و سەرزەنشتکردنی دەگەیاند. ڕەخنە فەلسەفەی وێژەیە، چونکە گەوهەری وێژەیی نیشاندەدات. توێژەر پێیوایە ڕەخنە لەگەڵ شیعر لەدایکبووە؛ یەکەم شاعیر یەکەم ڕەخنەگر بووە.
بۆیە بۆچوونی شاعیرە گریک و عەرەبەکان لەبارەی شیعرەکانی خۆیانەوە دەخاتەڕوو، دەشڵێت یەکەم شاعیری کورد بابا تاهیر هەمەدانی یەکەم رەخنەگرە و دەکرێت تەمەنی ڕەخنەی کوردیش هەزار ساڵ بێت. شاعیرە کلاسیکە کوردەکان کەمتەرخەم و ناهۆشیار نەبوون؛ شارەزا و زمانزان و خاوەن بیر و تێڕوانینی ڕەخنەیی بوون. توێژەر دەڵێ، زۆربەی شاعیرەکانمان ڕەخنەیەکی سادەیان ئاراستەی یەکتر کردووە، یان ڕووی جوانی و جوانکاریی بەرهەمەکانیان نیشانداوە.
دواتر باسی ڕێبازی کلاسیک و سەرهەڵدانی و مێژووەکەی لە ئەدەبی جیهانی، عەرەبی و کوردیدا دەکات و ئاوڕ لە سەرەتاکانی ڕەخنە دەداتەوە و بە ئەریستۆفانی کۆمیدینووس دەستپێدەکات. ئەریستۆفان لە شانۆی بۆقەکاندا ڕەخنەی لەو شاعیرانە گرتووە کە لە شیعرەکانیاندا لە ڕێوڕەسمی ئاینی لایانداوە. ڕەخنەی عەرەبیش بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە کە شاعیران لە بازاڕی عوکاز پێشبڕکێیان دەکرد، بۆیە توێژەر بە نموونەی شیعری عەرەبی دەستنیشانی ئەو سەرەتا ڕەخنەییە دەکات. لە کۆتایی ئەم بەشەدا، ئاوڕ لە سەرەتاکانی ڕەخنەی کوردی و بەرهەمە ئەدەبییەکانی دەداتەوە، لە ئەدەبی فۆلکلۆر و زارەکیدا تێڕوانینی ڕەخنەیی لە هۆنراوە و پەند و قسەی نەستەقدا هەبووە، بۆ نموونە دەگوترێت: قسە بیگێژە، بیبێژە، بیوێژە.
بەشی دووەم، توێژەر پێیوایە ناکرێت چەندین سەدە ئەو هەموو دەقە بەرزەمان هەبێت و ڕەخنەمان نەبێت، لە کاتێکدا شاعیرانمان ئاگادار و هۆشیاربوون، بۆیە بە دەقی شیعری بیروڕاکانی خۆیان دەربڕیوە. توێژەریش لەناو زارە جیاوازەکاندا و بەپێی قۆناغەکان 10 شاعیر وەک نموونە هەڵدەبژێرێ و لە مەلای جزیری لە سەدەی شانزدەهەمەوە دەستپێدەکات. جزیری دەنووسێ:
شیعرا تە (مەلا) سیحری شەکەر ڕیزە بەموعجیز
زانم ژ لەپێ لەعل تە ئەڤ لەفز و ئەدا گرت
د ئیعجازی بەیانێ دا سوخەن گەر بێتە ئینسافێ
دزانت موختەسەر هەرکەس (مەلا) سیحرە عیبارەت کر
شیعری خۆی بە موعجیزە ناودەبات و سیحرێکە شەکری لێدەبارێ. جزیری شیعری خۆی بەراورد بە حافز دەکات و باسی هۆنینەوە، ڕێکخستن، پاراوی و شانازیکردن بەخۆی دەکات. مەلای جزیری یەکەم کەسە وشەی ڕەخنەی بەکارهێنابێت:
تێتن ژ نورێ وەک ڕەقیع
بێ عەیب و نەقس و ڕەخنەدا
جزیری لایەنی ڕواڵەت و ناوەڕۆکی بە گرنگ زانیوە، بۆیە نەک جوانیی ڕواڵەتی، بەڵکو چاکیی ناوەڕۆکیشی بەپێویست زانیوە. ئەحمەدی خانیش لە (مەم و زین)دا دوو جۆر شاعیر جیادەکاتەوە و سەرنجی خوێنەر و ڕەخنەگریش بەهەند وەردەگرێ و دەنووسێ:
ئەڤ نامە ئەگەر خرابە، گەر قنج
کێشایە مە دگەل وی دوو سەد ڕەنج [...]
لێ مە ژ ڕەزان نەکر تەمەتوع
مانەندی دزان بکەن تەتەبوع
لێرەدا خانی باسی بەرهەمەکەی خۆی دەکات، کە لاسایی کەسی نەکردووەتەوە و دزیی لە کەس نەکردووە و داواش دەکات ڕەخنە و بیانووی لێنەگرن. خانی پێیوایە دەبێت دەق پڕ بەپێستی خۆی بێت و بەزۆر درێژکردنەوەی بەسەردا نەسەپێنرێ و کورت و پڕمانا بنووسرێت. خانی پێناسەی هۆنراوە بە کەلامی مەوزوون دەکات.
بەشی سێیەم، ئاوڕ لە تێڕوانینی نالی، سالم، کوردی و مەولەوی دەداتەوە. لای نالی هێزی دڵ سەرچاوەی شیعرە
(نالی) نیەتی سیحری بەیان، حیکمەتی شیعرە
ئەمما هەیەتی قووەتی دڵ قودرەتی ئینشا
هەروەها ڕەگەزەکانی شیعرو فۆرمو ناوەڕۆکی بە هەند وەرگرتووە:
شەونم نەزم و نەسرە لە ئەوراقی خونچەدا
گۆیا بووە بە زار و زمان و ددان و پوک
لەلایەکی دیکەوە نالی باسی خەیاڵی شیعری و داونانەوە و هونەرنوێنی و ئاستنزمیی کۆمەڵی خوێندەواران دەکات:
عومرێکە بە میزاجی ئەدەب توحفە فرۆشم
زۆرم گوت و کەس تێ نەگەیی ئێستە خامۆشم
نالی ئەزموونی خۆی دەنووسێتەوە و شیعرەکانیشی وەک جگەرگۆشەی خۆی دەبینێ. لە شیعرێکیشدا باسی دزیی ئەدەبی دەکات؛ کە کەسانێک شیعرەکانی دەدزن یان باسی خەیاڵی شاعیرانەی کوردییانەی خۆی و فرەمانایی شیعرەکانی دەکات:
موحەققەق مەشرەبی (نالی) لە شیعرا هەروەکو خاکی
خەیاڵی کوردییە بەیتی سەراپا زولفی دوو تایە
سەبارەت بە سالمیش، وێڕای ئەوەی دیدی بۆ شیعر دەخاتەڕوو، هاوکات هەڵسەنگاندن بۆ شاعیرە کوردەکان دەکات و ستایشی نالیش دەکات. لای سالم شیعر تەنیا سەنعەت نییە، بەڵکو سەلیقە و لێزانیشە.
ڕەنگینە هەموو شیعرم وەک نەقشی تەکەڵتووی زین
مەزمون کەشە فیکرم وەک قوللاپی درومانت
توێژەر پێیوایە سالم وێڕای ستایشی شیعرەکانی، هاوکات لایەنی فۆرم و ناوەڕۆکی دەوڵەمەندی شیعریشی بە گرنگ زانیوە. هەرچی کوردیە پێیوایە شاعیر دەبێت لاسایی هەموو شاعیرە بەرزەکان بکاتەوە و مەرج نییە شیعرەکانی لە ئەزموونی شاعیر خۆیەوە بن. کوردی گەلێک ستایشی شیعرەکانی دەکات و پێشیوایە لە دونیادا خوێنەرانی لێزان کەمن بۆ ناسینەوەی گەوهەری شیعرەکانی:
دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی
خودا سا کوا لە دونیادا قەدرزانێ، خەریدارێ
دواتر توێژەر لەبارەی مەولەوییەوە بیروڕای خۆی دەردەبڕێت، کە شاعیر نەک هەر ئاوڕی لە جۆری شیعر داوەتەوە، بەڵکو بە شیعر رەخنەگرانە دواوە، ئەوەش بە خستنەڕووی بیروڕا لە ڕێگەی شیعرەوە. بەسەرهاتی دیدە ڕەخنەییەکەی مەولەوی ئەمەیە: خانای قوبادی دوو شیعری نووسیوە، شاعیرێکی دیکەش کە ناوبانگی مەحروم بووە، بە چوار شیعر بەربەرەکانەی دوو شیعرەکەی خانای کردووە، مەحروم چوار شیعرەکەی بۆ مەولەوی ناردووە تا بڕیار بدات کامیان لەڕووی ناوەڕۆک و شێوەوە بەرزترە، بۆیە مەولەوی بە شەش شیعر وەڵامی داوەتەوە و شیعرەکانی مەحرومی لە هی خانا بە بەرزتر داناوە:
نەوبارەی خەیاڵ (مەحروم) دانا
ڕەدیف لەتیف زەریف (خانا)
یاوا وە دیدەی کەم بینام ساوا
جە نەوبینایی یەم دیدەم یاوا...
بەشی چوارەم
توێژەر لەم بەشەدا ئاوڕ لە بۆچوونی حاجی قادری کۆیی، شێخ ڕەزا، مەحوی و میسباح دیوان دەداتەوە. حاجی قادری کۆیی سەرچاوەی شیعر بە خۆماڵی، ئەزموونی کەسی و ئەندێشە دەبینێت، هەروەها پێیوایە دەکرێت ئیستا هەندێک بیرۆکە وەرنەگیرێت و قەبووڵ نەکرێت، بەڵام سەردەمێک دێت رێز لەو بیرۆکانە دەگیرێت. هەروەها گەلێک ستایشی شیعرەکانی نالی دەکات و ڕەخنەی نەزانانە و زانایانە لە یەکدی جیادەکاتەوە.
حاجی ئاوڕ لە شاعیرانی دیالێکتەکانی تر دەداتەوە و بە شیعر هەڵیاندەسەنگێنێ. هەرچی شێخ ڕەزایە، بەشێوازی شیعریی خۆی [هەجوو] هەڵسەنگاندن و تێڕوانینی هەبووە، شیعرەکانی خۆی بە بەرهەمی ئەزموون نەک فێربوون دەبینێ.
شیعری کە تۆ بە چاکی دەزانی شیاکەیە
نەزمی کە تۆ بەیانی دەفەرمووی گەنوگووە
لێرەدا ڕەخنەی توند و زمانی هەجووئاسای خۆی بۆ شیعرەکانی شوکری فەزڵی تۆخ کردووەتەوە، بەڵام ستایشی شیعرەکانی خۆی دەکات و دەڵێ:
بەم حاڵە پەرێشانەوە باز ئەشهەدوبیلا
شیعرت تەرەب ئەنگیزە (ڕەزا) شاعیری چاکی
سەبارەت بە مەحویش توێژەر پێیوایە تێڕوانینی ڕەخنەیی بەشێوەی سادە و ساکار دەربڕاوە، بەڵام چەند بنەڕەتێکی ڕەخنەیی چەسپاندووە، دیارترینیان ڕەخنەی ئاڕاستەی ئەوانە کردووە کە ڕێز لە شیعرەکانیان ناگرنو خۆشی وەک کورد بە نووسینی کوردی نەک فارسی پابەند کردووە.
کێ قەدری شیعری ئێمە دەزانێ، بەری دەکا
هەر ساحیبە لەبەر کەری کاڵایی بێ ڕەواج
میسباح دیوانیش کە شیعرەکانی زیاتر دڵدارین، بەڵام تێڕوانینی ڕەخنەیی هەبووە و پێیوایە سەرچاوەی شیعرەکانی ئیلهام و جادووگەرییە، هاوکات بەراوردی شیعرەکانی خۆی بە حافز دەکات:
ئەی ئەدەب هەرچەند شیعرت کوردییە ئەمما بە من
شیعری تۆ سبکی کەلامی شێخی شیرازی هەیە
ئەو بەرهەمی چاک و خراپ لێک جیادەکاتەوە و شیعرەکانی خۆی بۆ کەسانی نەشارەزا بە بێسوود دەزانێ، نەک ئەوەی خۆیان خراپ بن، بەڵکو خوێنەرانی نەشارەزان:
شیعری من سوودی چییە بۆ ئەو کەسەی زەوقی نەبێ
نەغمەیی بولبول چ تەفریحێکە بۆ مەغزی عەقاب
لە کۆتاییشدا توێژەر ئەنجامی نامەکەی لە چەند خاڵێکدا کۆدەکاتەوە کە پێیوایە شاعیران لەسەر 13 بنەڕەت تێڕوانینی ڕەخنەیی خۆیان داڕشتووە:
١ـ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی شیعر. ٢ـ بنەڕەتی مەبەست لە هۆنینەوەدا. ٣ـ ڕەگەزەکانی هۆنراوە. ٤ـ سەلیقە و سەنعەتکاری لە ئەدەبدا ٥ـ تاقیکردنەوە و مەعانات لە نووسینی هۆنراوەدا. ٦ـ لایەنەکانی هۆنراوە. ٧ـ هۆنینەوەی شیعر بە زمانی بێگانە و کوردی. ٨ـ بەراوردکاری لە ئەدەبدا. ٩ـ دەستنیشانکردنی ڕەوانبێژی تایبەتی بە زمانی کوردی. ١٠ـ دزینی ئەدەبی. ١١ـ ڕەخنەی ڕەسەن و نابەجێ. ١٢ـ داهێنان و لاسایی نەکردنەوە. ١٣ـ نەمریی شیعر و شاعیر.