چەمکی خوێنەر لای یۆنانییە کۆنەکان
بۆ قسەکردن لەبارەی چەمکی خوێنەر لە کن یۆنانییە کۆنەکان، دەبێ تەماشای دەقە شیعرییە کۆنەکانی وەک: ئەفسانەکان، دەقی شانۆیی و هونەرەکانی دیکەی ئەدەب بکەین. ئەم دەقانە، دەقگەلێکن راستەوخۆن، واتە خوێنەر راستەوخۆ دەبێتە بەردەنگ. دەتوانین ئەم خوێنەرە بە خوێنەری واقیعی ناو ببەین. ئەم تایپە لە خوێنەر لەو دەقە بەڵگەنامەییانەی لەبارەی رەتدانەوەی خوێنەری واقیعی، ئەرکەکەی بەرانبەر دەقی ئەدەبی بە ئاشکرا دەردەکەون.
بۆ قسەکردن لەبارەی ئەم خوێنەرە و کارە ئەدەبییەکان دەبێ بۆ ژینگەی یۆنانی بگەڕێینەوە، چونکە ژینگە کاریگەری لەسەر چێژی خوێنەر و بەرهەمهێنانی دەقی هونەری و ئەدەبی، گەیینی چێژی خەڵک هەیە. هاوکات دەبێ بزانین سروشتی زمانی یۆنانیی کۆن چۆن بووە، چ کاریگەرییەکی لەسەر چۆنیەتی گەیاندنی دەقی ئەدەبی هەبووە؟
یۆنان ژینگەیەکی راوەستاوی هەیە، بەهار و هاوینی ئاسمانێکی سافی هەیە. ((ئاو و هەوایەکی خۆشی هەیە، لەسەر دەریاوە دێت، ئەم راوەستاویەی ئاو و هەوا کاریگەری لەسەر خەڵکەکە هەبووە، کە بە وردی و ڕوونییەوە لە شتەکان بڕوانن.)) [خفاجە: ١٩٥٦: ٦] ئەم ژینگەیە وایکردووە تاکی یۆنانی لە کۆندا هەستێکی جوانی هەبێت، شاعیرانە شتەکان وێنا بکات، بە قووڵی بیربکاتەوە و ئارەزووی زێدەڕۆیی و درێژدادڕی نەبێت.
زمانیش هۆکارێکی گرینگی ئامادەیی هەموو نەتەوەیەکە لە مێژوودا. واتە نەتەوەکان لەڕێی زمانەوە دەتوانن بوونی خۆیان، کولتووری خۆیان، دابونەریت و شارستانیەتی خۆیان بە نەوەکانی دوای خۆیان بگەیەنن. ((زمانی یۆنانی، زمانێکی زیندوو و پڕ وردەکارییە.)) [ هاملتون: ١٩٩٧: ٥٧] ئەم زمانە مۆسیقایەکی سەیری تێدایە، لە دەربڕیندا سانا و فرەجووڵەیە. دەوڵەمەندە بە زاراوە.
تاکی یۆنانی خاوەن ژینگەیەکی جوان، خاوەن زمانێکی ورد و پڕ مۆسیقا، دەبێتە خاوەن ژیانێکی تایبەت. بەتایبەت لە بواری هونەر و ئەدەبدا. لێرەدایە هاوگونجانێک لە نێوان شێوازی ژیان و شێوازی ئەدەبدا روویداوە. ئاشکرایە ئەدەبی یۆنانی، یەکێکە لە ئەدەبیاتە دەوڵەمەندەکانی دنیا. خاوەنی شاعیرانی وەک: هۆمیرۆس، سۆفۆکلیس، ئەریستۆڤانس و فەیلەسووف و تیۆریزانانی وەک: ئەفلاتوون، ئەریستۆ و مێژوونووسانی وەک: هیرۆدۆت و سۆکیدیسن. هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەدەبی یۆنانی فەوتاون و لەناوچوون. بۆ نموونە بەشێکی کەمی نووسینەکانی یورپیدیس و سۆفۆکلیس ماون.
ئەم ئەدەبە ئاراستەی جەماوەرێک کراوە کە جەماوەرێکی واقیعییە. دەمەوێ بڵێم جەماوەرێکە ئاشنای سروشتی ئەدەبی خۆیەتی. ئەم ئاشنایەتییە کاریگەری لەسەر پێگەیینی چێژی ئەو جەماوەرە هەبووە، جۆرێک لە ڕۆشنبیریی لە کن دروستکردووە. ئەدەبی یۆنانی کۆن پتر ئەدەبێکی زارەکییە، مەبەستم لە زارەکی ئەوەیە هێندەی بە ئاخاوتن گوزارشتی لێ دەکرا، هێندە بە نووسین نا. ئەگەر تەماشای داستانی (ئیلیادە) بکەین، خوێنەری هاوچەرخ کە لە ژینگەی ئەوکاتی یۆنانیدا نەژیاوە، ناتوانێ تەواو بەری بکەوێت و وەکوو دەقێکی ئەفسانەیی تەماشای دەکات.
بەمەیش ئامانج جوانیی خۆی لەدەستدەدات، چونکە خوێنەری هاوچەرخ لە ژینگەیەکی فرەخواوەنددا نەژیاوە و شارەزای ڕیتم و جووڵەی شیعری ئەوکاتی یۆنانی نییە. بۆ نموونە کاتێك تەماشای شیعرەکانی هۆمیرۆس دەکەین، کۆمەڵی خواوەندەکان لە چیای ئۆلۆمپ، وەکوو کۆمەڵێ مرۆڤ دەبینین: زیۆس گەورەیەکی دەسەڵاتدارە، سەرکردەی باڵایە، باوکی خواوەندان و مرۆڤە. تەنانەت هێندێکیان پسپۆڕی و ئەرکیان هەیە: هێرا پاسەوانی هاوسەرگیرییە، بۆزیدۆن حوکمداری دەریایە، ئەفرۆدیت هێزی خۆشەویستییە، ئارتمیس خواوەندی وشکانییە، ئەسینا خواوەندی حیکمەت و هونەرە.
ئەو کۆمەڵەی بڕوای بە فرەخواوەندی هەیە. ئەمەیش کاریگەری گەورەی لەسەر کۆمەڵی یۆنانی بەتایبەت سەردەمی داستانەکان هەبووە. هەر بە خوێندنەوەی ئەلیادە و ئۆدێسە وێنەیەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵی یۆنانی دەبینین، کۆمەڵێکە پاڵەوانبازی تێیدا باوە.
خوێنەر لە یۆنانی کۆندا بەپێی گۆڕانی ژینگە و زمان و باوەڕەکان گۆڕاوە. واتە بەپێی گۆڕانی بیری سیاسی، فیکری و ئابووری گۆڕاوە. لە هەموو ئەوانەدا دەتوانین دوو دەستە لە خوێنەر دیاری بکەین. دەستەیەکیان ئەوانەن کە لە سەردەمی پەیدابوونی داستانەکاندا لە سەدەی دەی پێش زایین هەبوونە. ئەم سەردەمە، سەردەمی پاڵەوان و ئەفسانەکانە. ئەمانە هەوەڵین هونەرەکانی ئەدەبن لە کن یۆنانییەکان، بۆ نموونە داستانەکانی هۆمیرۆس و هزیۆد.
بۆ نموونە ئەلیادە و ئۆدێسە ئەو شیعرانەن ئەم دەستەیە حەزیان پێیەتی، چونکە شیعر، ڕەوانبێژی، چیرۆک، مێژوو و ئەفسانەیە. شێوازێکی ڕوون، دەستەواژەی جوان، خەیاڵێکی فراوان و کاریگەری لەسەر ویژدان هەیە. وەڵامدانەوەی خوێنەرانی ئەو کات بۆ ئەو دەقانە لەو ڕوانگەیەوە بووە، بە بڕوای ئەوان ئەدەب و نووسەر دەبێ پلەیەکی پیرۆزیان هەبێت، هەروەک ئەوەی هۆمیرۆس لە ئەلیادەدا پێداگری لەسەر دەکات، شاعیران لە پلەیەکی باڵا دادەنێت. هۆمیرۆس، ئەخیل بە نەوەی خواوەندان دادەنێت.
بۆیەش خوێنەران کاتێک دەقێکی وەها دەخوێننەوە، وەڵامێکی تەواویان بۆ ناوەڕۆکی ئەلیادە دەبێت، چونکە ئەوان ناتوانن بەو پلەیە بگەن و هەمان هێزیان هەبێت، بۆیەش بە وردی و ئارەزووەوە گوێیان بۆ چیرۆک و هەواڵەکەی ڕادێراوە. حیکایەتخوان ڕۆڵی گەورەی لە گەیاندنی گوتاری ئەدەبیی ئەوکات بەرانبەر جەماوەر هەبووە. حیکایەتخوان، کەسێک بوو قوڕگ و دەنگێکی مۆسیقی هەبوو، خەڵک لە دەوری کۆدەبوونەوە و ئەویش بە زمانێکی ڕەوان و پڕ سۆز چیرۆکی ناو داستانەکانی بۆ دەگێڕانەوە. بۆیەیش حیکایەتخوان، تەنێ حەکایەتەکانی نەدەگێڕایەوە، بەڵکوو لە زۆر باردا حەکایەتەکانی دادەڕشتەوە و لەگەڵ بۆنەیەکی تایبەت دەیگونجاند. واتە ڕەچاوی چێژ و بارودۆخی ئەو کاتەی دەکرد کە حەکایەتەکەی تێدا دەگێڕایەوە، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بەردەنگەکان دابنێت.
هەرچی دەستەی دووەمە لە خوێنەران، لە سەتەی شەشی پێش زایینەوە دروست دەبن. ئەمانە بە شێوەیەکی پلە بە پلە لە خوێنەری واقیعییەوە لەڕووی ئایینی و ئەدەبی و فیکرییەوە گۆڕاون. لە ڕووی ئایینییەوە ڕەخنەیان لە خواوەندە و کردەوەکانیان دەگرت. بۆ نموونە ئیگزنۆفنس ڕەخنەی لە خواوەندانی یۆنانی گرت و بڕوای وابوو خواوەندەکانیش لە دایک دەبن و دەمرن. لەڕووی ئەدەبییەوە کۆمەڵێ ژانری نوێ پەیدابوون کە ڕەنگدانەوەی چێژی خوێنەران بوون. بۆ نموونە شیعری شانۆیی، وەک ئەریستۆ بۆ شانۆی تراجیدی و کۆمیدی دابەش کردووە. لەڕووی فیکرییەوە دایەلۆگ دێتە ناو فەلسەفەوە، تەنانەت بڕوایان وابوو سوکرات فەلسەفەی لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی گواستووەتەوە.
بابەتەکانی فەلسەفەیش بریتیبوون لەو بابەتانەی مرۆڤ گرینگییان پێدەدا، وەک بابەتەکانی عەقڵ، سیاسەت، خەڵقکردن. بەمەیش فەلسەفەی سۆفستایی و سوکراتی و دەیان فەلسەفەی دیکە پەیدا دەبن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شێوازە روونی و سانایی بوو لە پێشکەشکردن. بەمەیش خوێنەرانی لەسەر ئەم روونی و ساناییە راهاتن. ئەم ساناییە واتای ئەوە نییە خوێنەرێکی بەرخۆری دروست کردبێت، بەڵکوو تراجیدیا و کۆمیدیا وایان کرد خوێنەر کۆششی پتر بۆ کردنەوەی رەمزەکان بکات. واتە خوێنەر توانایەکی ئەدەبی بۆ دروست بوو، ئەمەیش بەرهەمی واقیعی رۆشنبیریی ئەو کات بوو. هاوکات تراجیدیا و کۆمیدیا وایان کرد دەق و خوێنەر ڕاستەوخۆ بەر یەکدی بکەون. شاعیر ڕاستەوخۆ لە دەقەکەدا بەرانبەر خوێنەرانی دەپەیڤێت.
ئەم دابەشکردنە واتای ئەوەیە چێژی خوێنەری یۆنان لە کۆندا هێواش و لەسەرخۆ بووە، بۆ نموونە ئاراستەی دەستەی دووەم بەرەو شیعری شانۆیی و گۆرانی واتای مردنی شیعری داستانی ناگەیەنێت، بەڵام واتای ئەوەیە چێژی گشتی بەرەو شیعری شانۆیی و گۆرانی بردووە.
سەرچاوەکان:
١. خفاجە (محمد صقر): ١٩٥٦: تێریخ الادب الیونانی: مکتبە النهچە: مصر.
٢. هاملتون (ادیپ): ١٩٩٧: الاسلوب الیونانی فی الادب والفن والحیاە: ترجمە: حنا عبود: منشورات الپقافە: دمشق.