فەرهاد چۆمانی: هەموو رۆماننووسێک پەیامبەرێکە بە داماڵینی لە رەهەندە دینییەکەی
لە پاڵ رۆماننووسیندا هەمیشە گفتوگۆ لەسەر ئەو ژانرە درێژەی هەبووە، خوێنەران هەمیشە بە دوای هەندێ لەو وەڵامانەوەن کە پەیوەندییان بە سرووتەکانی نووسینەوە هەیە لای رۆماننووسان. رۆماننووسێک کە رۆمان دەنووسێت، چۆن سەرەتا بیر لە بیرۆکەکەی دەکاتەوە، چۆن یەکەم رستە و پەرەگراف دەنووسێت. چۆن نووسەرانی تر کاریگەریی لەسەر درووست دەکەن و ئەو چۆن دەتوانێت نەبێتە کۆپییەک لەوان؟
"ئەدەب و کولتوور"ی رووداو لەگەڵ چەند نووسەرێکی گەنجی کورد کە رۆمانێک یان زیاتریان نووسیوە، درێژە بەم گفتوگۆ بەردەوامە دەدات. ئەوان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە نووسینی ڕۆمانەوە هەیە، ڕوونکردنەوە دەدەن و قسەی خۆیان دەکەن.
لە یەکەم گفتوگۆماندا، فەرهاد چۆمانی، نووسەر و رۆماننووس و وەرگێڕ وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
رووداو: دەمەوێت راستەوخۆ لەم پرسیارە بە "رووکەش" سادەیەوە دەستپێبکەم، بۆچی بیرت لە نووسینی رۆمان کردەوە؟
فەرهاد چۆمانی: لەڕاستیدا ئەم پرسیارە هێندەش سادە نییە، هەر بەم سادەییەوە دەمخەیتە دۆخێکەوە وەڵامدانەوەی دژوار بێت. چونکە "بۆچی" پرسیارەکە پەیوەست دەبێتەوە بە ماهییەتی بوونی خودی نووسەرەوە، بە دراوەکانی ئەو سەردەمەی تێیدا دەژیت، بەو هەلومەرجەی دەست بە نووسینی ڕۆمان دەکات و تێیدا دەنووسێت. "بۆچی"، پرسیارەکە لەڕاستیدا تەنیا ئامرازی پرسیار نییە لەبارەی بۆچی ڕۆمانم نووسی، بەڵکوو پرسیارە لەو بژارە سەختەی کەسێک دەیەوێ لە ڕێگەی ڕۆمانەوە بژیت و مانا بە بوونی خۆی بدات، شوێنگەی خۆی لەو ژینگەیەی تێیدا دێتە بوون دیاری بکات. لەلایەکی دیکەشەوە پەیوەستە بە بەها و پێگەی ئەدەب لای ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیت. ئەگەر ئەمانە ڕەچاو بکەم، دەبێ نائومێدانە بڵێم؛ نازانم، یاخود بڵێم بۆ هیچ.
بەڵام ئەگەر نووسینی ڕۆمان لای من هەر ئەمە بووبێت ئەوا دڵنیابە نەمدەتوانی ڕۆمانی یەکەمیشم بنووسم. با وا بڵێم: وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ من بەردەوام لە دۆخێکی نەگۆڕ و تۆکمەبووندایە. وەڵامێکی خلیسک و نەگیرساو و بزۆکە. ڕەنگە بۆ ئێستا بتوانم بڵێم: نووسینی رۆمان لای من دوای ئەزموونێکی درێژی خوێندنەوە بوو، ناتوانم وەک موراکامی بڵێم: "ڕۆژێک سەیری یاری بەیسبۆڵم دەکرد و هەروا بڕیارم دا ببمە ڕۆماننووس"، بەڵام دەتوانم بڵێم شتێکیش لەمەی تێدابوو، ناوی نانێم ڕێکەوت، بەڵام دەشێ ناوی لێ بنێین ئەرکداربوون. بە بۆچوونی من هەر رۆماننووسێک پەیامبەرێکە، با ئەم ناونانە لە ڕەهەندە دینییەکەی دابماڵین، بەڵام پەیامێکی هەیە و بە جیاواز لە ژانر و بوارەکانی تر رۆماننووس لەمسی ئەو چێژە باڵایەی کردووە کە نووسینی ڕۆمان دەیبەخشێت. درکی بەو دەستباڵاییە کردووە کە ڕۆمان نیشانی دەدات، من وەک مرۆڤێک لەسەر ئەم هەسارەیە هێندەی دەتوانم لەناو رۆمان و وشەدا ئازادانە ئەزموونی ژیانی سروشتیی خۆم بکەم، ناتوانم لە واقیعدا بیکەم. نووسینی ڕۆمان لای من وەک پساندنی هەموو ئەو زنجیرانەیە کە کۆمەڵگە و دەوروبەر و قەیدەکانی ژیار و فەرهەنگێک بەسەر مرۆڤیدا دەسەپێنن.
من بەر لە نووسینی ڕۆمان درکم بەوە نەکرد، بەڵکوو لە کاتی نووسینی ڕۆمانی "قیژە" کەم کەمە لەگەڵ ڕەوتی ڕۆمانەکە، ئەو بڕوایە لە مندا دەڕسکا کە لەگەڵ نووسینی هەر لاپەڕەیەک قەفێکی زنجیرێک لە مندا دەپچڕێ. هەر بۆیەشە گوتم وەڵامی ئەم پرسیارە لە دۆخێکی بەردەوام نەگۆڕ و تۆکمەبووندایە. دیارە بەر لە نووسینی ڕۆمان ئەزموونی نووسینی یەکەم کتێبی کۆمەڵەچیرۆکم هەبوو "پەنجەکان شتێک دەڵێن". رۆماننووسین دەرفەتی ئەوەی پێدام بە نەفەسێکی درێژترەوە بچمە قووڵایی خۆم. لەوێ ئەوانی تریش ببینم. زنجیرگەلی تر و زیندانگەلی زۆر. ڕۆمان بوو پێیگوتم سایکۆلۆژیای تاکی کورد چۆنە. منی بە دۆخێک گەیاندووە لە ژیانی ڕۆژانەشمدا وەک کاراکتەری ڕۆمانێکم، وەک نووسەرێک دەڕوانم کە راوی رووداو و حیکایەت و فیگورەکانی ناو ژیان بکات و هەوڵی گواستنەوەیان بدات بۆ ناو ژیانێکی پارالێل. ئەمە گەمەیەکی پڕ چێژە ڕۆماننووس شانس و بەختی ئەوەی پێدراوە. بەڵام ئەم یارییە دابڕاو نییە لە زانست، لە فەلسەفە، لە ئەفسانە و بۆچوونی کەسی و حیکایەتی ئەوانیتر. ڕەنگە کە تا ئێرە هاتووم بۆ خۆشم ئەو وەڵامە ئاڵۆز بێت، بەڵام خەتای من نییە، پڕۆسەی وەڵامەکە لەگەڵ درێژبوونەوەی ئەزموونی نووسینی ڕۆمان درێژ دەبێتەوە و شێوە دەگرێت.
رووداو: نووسەرێکی دیاریکراو هەیە بەتایبەت ئیلهامت لێ وەرگرتبێت، یان لە چرکەیەکی بەریەککەوتندا بیرۆکەی ڕۆماننووسین لای تۆ سەریهەڵدابێت؟
فەرهاد چۆمانی: زۆر نووسەر هەن کاریگەرییان لەسەر من هەبووە. بەڵام ڕەنگدانەوەیان لە نووسینی مندا نەبووە. من بەر لە نووسینی چیرۆک و دواتریش ڕۆمان، هەوڵم دا زۆربەی ڕۆمانی نووسەرانی دونیا و نووسەرانی کورد بخوێنمەوە. ئەم خوێندنەوەیە تا ئێستا بە بڕشتتر و زۆرترە لە چاو نووسینم. سەرسامییەکی سەیر لە لای من هەیە نەک هەر بەو نووسەرانەی ناوی گەورەن لە دونیادا، بەڵکوو بەو نووسەرە ئاماتۆرانەش کە تازەکی دەست بە نووسین دەکەن. سەرسامییەکی ساویلکانە و هەڕەمەکییانە نا، سەرسامییەکە بە جۆرێکە ئەوان منن و لە دەرەوەی خۆم لێیان ڕادەمێنم و دەیانخوێنمەوە. لە هەر یەکێک لەو نووسەرانە دیو و توێیەکی دیکەی نووسین کەشف دەکەم. جوانیی نووسینی ڕۆمان ڕەنگە بە جۆرێک هاوشێوەی هەزار و یەک شەوە، هەزار و یەک ڕێگەی گێڕانەوە هەن و مرۆڤ ئەو ڕێگایانە دەدۆزێتەوە. هەر ڕۆمانێک دۆزینەوەی ڕێگەیەکە بۆ مرۆڤ تاوەکو لە تاریکستانی خۆی دەربچێت. من ویستوومە هەموویان بخوێنمەوە، بەڵام لە هیچیان نەچم، نەمەوێ دووپاتەی دونیای هیچ کامیان بم. بەڵام ڕەنگە بتوانم بڵێم زافۆن و موراکامی لە دوو هەرە دڵخوازترین ئەو نووسەرانەن کە من بە سەرسامیی خوێنەرێکەوە دەیانخوێنمەوە.
رووداو: هەموو ڕۆمانێک سەرەتا بیرۆکەیەکە، دەمەوێت سەرهەڵدانی بیرۆکەی یەکەم ڕۆمانت باس بکەی، بە وردی پڕۆسەی سەرهەڵدان تا نووسینی، ئەم پڕۆسەیە لە خەیاڵی تۆدا بە چ پلەبەندییەکدا ڕۆیشتووە، هەندێ جار لای هەندێ نووسەر باسکردن لە بیرۆکەی پشتی نووسینی ڕۆمانێک لە ڕۆمانەکە خۆی درێژتر بووە، ئەمە لای تۆ چۆن بووە؟
فەرهاد چۆمانی: درووست منیش یەکێکم لەو نووسەرانەی دەکرێ چیرۆکی پشت نووسینی ڕۆمانەکەم درێژتر بێت لە خودی ڕۆمانەکە. بەڵام سەرهەڵدانی بیرۆکەی رۆمانی "قیژە" لەلای درێژ دەبێتەوە بۆ منداڵیی من لەناو ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە لەناو ڕۆمانەکەشدا دەگوزەرێ. زیهنیەت و هۆشی منداڵیم تێری ئەوەی نەدەکرد بزانم ئەوە چییە روودەدات. ماڵباتی ئێمە و دەیانی دی گەڕابوونەوە سەر داروپەردووی رووخاوی شارۆچکەیەکی بەجێماوی ڕاگواستنی سەردەمی شەڕی عێراق- ئێران. بڕیار وابوو ئەو شارۆچکەیە و هەموو وڵات بنیات بنرێتەوە. بەڵام شەڕ دەستیپێکرد. ماڵی ئێمە لە پشت ئاسایشی چۆمان بوو - ئێستاش هەر لەوێین -. هەموو ئێوارانێک دایک و باوکم، ئێمە منداڵەکانیان دەناردنە ماڵی مامم بۆ ئەوەی کە شەو شەڕ دەستیپێکرد بچینە ئەشکەوتی ژێر خانووەکەی ئەوان. قوربانیبوونی ژن لە شەڕی نەبڕاوەی پیاواندا هەمیشە پرسیارێک بووە لەگەڵم ژیاوە، دواتر لە ژیانی خەزاڵی ناو رۆمانی قیژەدا رەنگی دایەوە. ئەو شەوانەی شەڕ نەبوو لە ماڵی خۆمان دەبووین و گوێمان لە زریکەی ئەشکەنجەدانی دیلەکان دەبوو. ئێوارە هێزێک لە چۆمان دەبوو، شەو دەبووە شەڕ، بۆ بەیانی هێزێکی دیکە بە ڕەنگێکی دیکەوە دەهات. هەموو ئەو شتانەی لەناو ڕۆمانەکەدا دەگوزەرێن جوگرافیایەکی بچووک کراوەتە نموونەی گوزارشت لە کۆی ئەو ئازارەی مرۆڤ بەدەست عەڕابەکانی جەنگ و براکوژی و مرۆڤکوژییەوە دەیچێژێت. لە قۆناغێکی گەشەسەندووتری تەمەن و ئاوەزمدا ئەم پرسیارانە بوونە هەوێنی گەڕانەوە و چاوپێکەوتن و خوێندنەوەی ئەزموون و یادەوەری و گەڕانەوە بۆ ناو ئەو دەمارە وشکبووانەی خوێنی شەڕی دەیەی نەوەدەکانی تێدا ڕژا. وەک شێتێک خولیام بوو بزانم ئەوەی من بە چاوی منداڵێک بینینم چی بوو. جۆرێک بوو لە گەڕانەوە بۆ ناو وێرانەکان. تا لەوێوە داهاتووش ببینم. لەوێ تێگەیشتم ئەو کۆمەڵگە شەکەتەی لەناو تەپوتۆزی شەڕەکان دێتە دەرەوە هیچی نەماوە لە قیژەیەکی خنکاو و قەتیسی ناو گەرووی زیاتر. مرۆڤی ئێمە بە ئومێدی ئاوەدانکردنەوەی وڵات لەسەر دەستی "دەسەڵاتی کوردی" قیژەی گەرووی خۆی کپ کرد و هیچی نەگوت. شەڕی براکوژی ڕوویدا و لە ترسی ونکردن و کوشتن نەیقیژاند. تاڵان کرا، لێی درا، سوکایەتی بە بەها و شکۆی مرۆڤانەی کرا و لە ترسی ئەوەی تەخوین بکرێ کپ ما... تا بە ئێستا دەگات مرۆڤی ئێمە قیژەیەک قەرزداری ئازادبوونی خۆیەتی. بیرۆکەکە ئەمە بوو.
رووداو: ناونیشانی رۆمانەکەت چۆن هەڵبژارد. بەشێک لە نووسەران ناونیشانی رۆمان بە ئاڵۆزترین و پڕکێشەترین بەشی نووسینەکەیان دەزانن، لای تۆش هەمان ئاڵۆزی هەبووە، ئایا چ پێوەر و میکانیزمێک لای تۆ ناوی ڕۆمانەکەت دیاری دەکات؟
فەرهاد چۆمانی: بە هۆی ئەوەی من جارێک بە خەیاڵ و دواتر بە نووسین دەینووسم ناونیشانی ڕۆمانەکەم لەلا ئاسانترە. لای من ناونیشان دەبێ تیشک بهاوێ بۆ جەوهەری ئەو مەبەست و تێمایەی کە دەینووسم. بۆیە بێ دوودڵی، تا ڕاددەیەکیش سەرکێشانە ناونیشانی "قیژە"م هەڵبژارد. سەنگەر زراری، ڕەخنەگری بواری ئەدەبی کە ڕۆمانەکەم بۆ نارد، لە نامەیەکدا بۆی نووسیبووم: "لێتی ناشارمەوە دوای بینینی ناونیشانی ڕۆمانەكە، پێموابوو یەكەم پێشنیارم ئەوە دەبێ كە ئەگەر بكرێت، ناوی ئەم ڕۆمانە بگۆڕی، (قیژە) بە لای منەوە نە ئەدەبییانەیە و نە مۆسیقی و نە خۆشیش دێتە بەر گوێ و چاوان، بەڵام دوای خوێندنەوەی تەواوی ڕۆمانەكە، بۆم بەدیاركەوت كە ئەم ڕۆمانە جگە لە (قیژە)، هیچ ناوێكی دیكە هەڵناگرێ و بۆی نابێ ".
مەبەستمە بڵێم ناونیشان چەندە هەستیار و گرنگە، هێندەش خەڵەتێنەر و لەخشتەبەرە. بەڵام من کەمتر ئەو گەمانە بە ناونیشان دەکەم. مەبەستمە لە ناونیشانەوە ڕۆمانەکەم شتێک بڵێ، پێشمەرج و ڕێککەوتنی نێوان دەق و خوێنەر هەر لە ناونیشانەوە دەستپێبکات.
رووداو: پرسی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی ڕۆمان پرسی گەرمی نووسەران بووە لەبارەی نووسینی رۆمانەکانیانەوە، هەندێک پێیانوایە رستەی سەرەتا داڕێژەی هەموو ڕۆمانەکەیە و هەندێک کۆتایی و هەندێک ناوەڕاست، نووسەرانێکی وەک هەمینگوەی و مارکیز دەڵێن سەدان لاپەڕەیان لەبەر رستەی یەکەمی ڕۆمانەکەیان دڕاندووە کە بە دڵیان نەبووە، تۆ لە نووسینی ڕۆمانەکەتدا چۆن مامەڵەت لەگەڵ سەرەتا و کۆتایی و ناوەڕاستەکەی کرد، بە چ پڕۆسەیەکدا ڕۆیشتی؟
فەرهاد چۆمانی: بە بۆچوونی من رۆماننووسین بە شێوازی باو نەخرێتە ناو هەڵسەنگاندنێکی کڵێشەییەوە. هۆ و مەرجێک نییە ئەگەر سەرەتا وا نەبێت ڕۆمانەکە وا دەبێت. دەیان شاکاری ئەدەبی هەن تا پەنجا لاپەڕەی یەکەمی دەخوێنیتەوە هەر مەیلت بە لای ئەوەدایە فڕێی بدەیت. ڕاستە ڕۆماننووس تا دەکارێ سەرەتای ڕۆمانەکەی وەک ئەڵماس دەسمێ و هەوڵ دەدا هەر لەو سەرەتایەوە خوێنەر کەمەندکێشی ناو دونیای ڕۆمانەکەی بکات. من زۆرجار لە خوێندنەوەی ڕۆمانێک دوای سەد لاپەرە دەگەڕێمەوە سەرەتا دەڵێم بزانم لە ڕستەی یەکەمەوە چۆن رووداوەکان هاتن و بێرە گەیشتن. ئەوە مانای ئەوە نییە دەبێ ڕستەی یەکەمی ڕۆمان ئەوسەری تونێلەکەم نیشان بدات. من بۆ نووسینی قیژە دوو دەستنووسم فڕێدان. بەڵام لە پێناو سەرەتای ڕۆمانەکە نەبوو، لە پێناو کۆی ڕۆمانەکە بوو. سەرەتا دەشێ سەرەتای دونیایەکی دیکە بێت و مایەی کێشە و ناکۆکییش بێت. کێ ئەو پێوەرە دادەنێ کە سەرەتایەکی باشە یان خراپ؟ بە بڕوای من ئەم پێوەرانە ڕۆمان لە قاڵب دەدەن. من قەت پێموانییە ڕستەی سەرەتا بتوانێ مانای ڕۆمانێک هەڵبگرێت. ئەگەر وا بێت ئەو ڕستەیەمان بەسە، بە درێژایی مێژووی ئەدەبی گێڕانەوەش پێموانییە ڕستەی یەکەم هێندە چڕ کرابێتەوە. دەستپێکێک هەیە و دەشێ بە لای ڕۆماننووسەوە پێویستترین دەستپێک و ڕستە بێت و خوێنەران بە دڵیان نەبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کێماسی بێت. بۆ کۆتاییش هەرگیز پێموانییە هیچ چیرۆکێک کۆتایی پێبێت، دەکرێ چمکی هەرکام لە ڕۆمانە زیندووەکانی دونیا بگرین و درێژەی پێ بدەین، ڕەنگە سەرهەڵدانی ڕۆمانی "تێکهەڵکێش" باشترین نموونە بێت.
رووداو: ئێمە بە پێچەوانەی شیعرەوە، بناغەیەکی پتەوی ڕۆمانی کلاسیکیمان نییە کە سروشتیانە ڕێی کردبێت تا ئێرە، تۆ وەک گەنجێک لە نێوان نەبوونی باکگراوندێکی ڕۆمانی کلاسیکی کوردی و نووسینی مۆدێرنانەی ئەمڕۆ چۆن بیر دەکەیتەوە، ئەم پەڕینەوە خێرایە لای تۆ کێشەی درووست نەکردووە؟
فەرهاد چۆمانی: بەڵێ، تا ڕاددەیەکی زۆر کێشەیە. نووسەرانی گەلانی تر بە پاشخانێکی دەوڵەمەند و کتێبخانەیەکی پڕەوە دەست بە نووسینی ڕۆمان دەکەن. ئەگەر ڕاستگۆ و بوێر بین، دەشێ بڵێین ئەوەی هەشبووە تینوێتیی ئێمەی نەشکاندووە. بەڵام با راستگۆ بم لەگەڵت، من لەو نووسەرانەم نامەوێ زۆر پشت بە پاشخانی نووسراو ببەستم، هێندەی مەبەستمە دەقێک بنووسم دەقێکی بێ ڕەگوڕیشەی شێواز بێت، دابڕاو بێت لەو نۆڕمەی ئەدەبی کوردی. دەقی کلاسیک وەک خوێنەرێک دەکرێ لە قۆناغێکی پێگەیشتن و گەڵاڵەبووندا سوودی بۆ نووسەر هەبێت –بە جیاواز لە ڕەخنەگری بواری ئەدەبی- لەوە بترازێ ناشکرێ نەبوونی ڕۆمانی کلاسیک بکەینە بیانووی نەنووسینی ڕۆمانی مۆدێرن و دەقی باڵا. هیچ شاکارێکی ئەدەبی هێندەی دۆنکیشۆت بێ پێشینە نەبووە. من مەبەستمە دوای ئەو هەموو ئەزموونەی مرۆڤایەتی بۆ نووسینی دەقی ئەدەبی و بە تایبەت ڕۆمان هەمان ئەزموون درێژە پێ بدەم.