فێربوون بەبێ پەروەردە

22-09-2019
حەمە مەنتك
نیشانەکردن ئەدەب
A+ A-

ئاشکرایە یەکێک لە قەیرانە کوشندەکانی هەرێمی کوردستان سیستەمی پەروەردەیە. لاوازیی سیستەمی پەروەردە بە ڕوونی کاریگەرییەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵی کوردی دەرکەوتووە. ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا لەناو قوتابخانە و زانکۆکاندا بەرچاو دەکەوێت، نائامادەیی پەروەردەیە. 

قوتابخانە و زانکۆکان بوونەتە شوێنێک بۆ فێربوون بەبێ پەروەردە. ئەم گرفتە تەنێ لە کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتیدا بەرچاو ناکەوێت، بەڵکوو لە کۆمەڵە پێشکەوتووەکانی دنیاشدا هەستی پێ دەکرێت. ئالان دە بۆتن لە کتێبی ئایین بۆ بێئایینەکان بەشێکی تایبەتی کتێبەکەی بۆ ئەم گرفتە تەرخان کردووە. ئەوەی من دەمەوێ بە کۆمەکی ئەم کتێبە قسەی لەبارەوە بکەم نائامادەیی پەروەردەیە. هاوکات دەمەوێ لەڕێی خستنەڕووی کێماسییەکانەوە پنتە لاوازەکانی پەروەردە دەستنیشان بکەم.

رەنگە کاتێك سیستەمی پەروەردەی ئێستا بە کۆن، بەتایبەت دەیەی هەشتا و نەوەدی سەدەی ڕابردوو بەراورد بکەم، هێندێك بڵێن ئەو سیستەمە کۆن و تەقلیدی بوو. بەڵام من دەڵێم ئەوکات مرۆڤەکان باشتر پەروەردە دەکران. لەو کات مامۆستاکان هەم فێرکار و هەم پەروەردەکار بوون. 

هێشتا وەکوو ئێستا مامۆستا بزنسی بە خوێندنەوە نەدەکرد. خۆ دەزانین لە دەیەی هەشتا و نەوەدی سەدەی ڕابردوودا زۆربەی خێزانی کۆمەڵی کوردی نەخوێندەوار بوون. کەواتە ئەوەی ئەرکی پەروەردەکردنی قوتابییەکانی دەبینی بریتی بوون لە مامۆستاکان. مامۆستاکان لەگەڵ ئەوەی قوتابییەکانیان فێر دەکرد، هەم پەروەردەشیان دەکردن، چونکە مامۆستاکان خۆیان کەسی هۆشیار بوون. کەم مامۆستا هەبوو نەخوێنێتەوە و کتێبخانەی لە ماڵەوە نەبێت. 

لە گەڕەکێکدا ئەگەر دوو ماڵە مامۆستای قوتابخانەی لێبوو، بەڵام دەبوو بە نموونە بۆ کۆی گەڕەکەکە. بەڵام ئێستا کەم ماڵ هەیە دەرچوویەک، یان دوو دەرچووی زانکۆی نەبێت، کەچی ناتوانێت برا، یان خوشکە بچووکەکەی پەروەردە بکات. ئاخر کە حکوومەت ڕێی دا مامۆستا بزنس بە خوێندنەوە بکات، ئەوا ئەو شۆڕشە پەروەردەیی و فیکریەی پەروەردە لە ئەستۆیەتی هەرەس دەهێنێت. لە هەموو دنیا شتی وا نەبووە مامۆستا ناو لە خۆی بنێت مامۆستا فڵان گرەنتی. واتە ئەو مامۆستایە دەتوانێت بە گرەنتی لە پۆلی دوانزە بە نمرەی باش دەرتبچوێنێت. من هەر قاچاخچیم بیستووە ئەو ناوانەیان هەبێت. ئەم مامۆستایانە دەبێت وەڵامی پرسیارەکان بزانن! یان زانستی غەیبیان هەبێت. 

کاتێك حکوومەت ڕێ بەو هەموو قوتابخانە و زانکۆ ئەهلیانە دەدات، ئەوا ئاستی پەروەردە و خوێندن دادەبەزێت و ئەو ئەنجامەی ئێستای دەبێت. کاتێک قوتابی دەردەچێت، تەنێ فێری هەندێ زانست دەبێت، بەبێ ئەوەی پەروەردە بکرێت. لێرەوەیە شکستەکە. قوتابی نازانێت لە دەرەوە لەگەڵ خێزان، لەگەڵ خەڵک بە گشتی چۆن مامەڵە بکات، چۆن هەڵسوکەوت بکات. ڕاستە قوتابییەکانمان زمانی ئینگلیزی دەزانن، بەڵام نازانن ئەگەر میوانێك هات چۆن هەڵسوکەوت بکەن. واتە ئەم سیستەمەی ئێستا هەیە قوتابی لە کۆمەڵ دابڕیوە. ڕاستە قوتابی فێرکراوە، بەڵام هیچ جۆرە پەروەردە و مەعریفەیەکی لەبارەی کێشە و گرفتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونی پێ نادرێت. 

واتە نابەسترێتەوە بە کێشەکانی ناو کۆمەڵەوە. واتە قوتابییەکانمان فێری ئەوە ناکرێن چۆن هاوسێکەی خۆیان خۆشبوێت. لە کاتێکدا لە کۆندا هیچ قوتابییەک نەبوو دوای هاتنەوەی لە قوتابخانە لە ماڵەوە دیسان کەسێک هەبێت وانەی پێ بڵێتەوە، چونکە زۆربەی خێزانەکان نەخوێندەوار بوون. منداڵ پۆلی یەکی بنەڕەتی تەواو دەکرد، دەیتوانی هەموو پیتەکان بناسێتەوە. بەڵام ئێستا سەرەڕای ئەوەی منداڵەکانمان لە قوتابخانە ئەهلییەکانن، گوایە مامۆستای باش و ئاستی خوێندنی باشە، دەبێت سەرلەنوێ لە ماڵەوە ئەوەی قوتابی لە قوتبخانە پێیگوتراوە ئێمەیش دیسان خەریکیان بین و وانەکانیان پێ بڵێینەوە. 

لە کتێبەکەی دە بۆتندا ئامانجی خوێندن بە گشتی لە ئەرکدا کورت کراوەتەوە: یەکەم ئەرک، چۆن کارێکمان دەستبکەوێ و ژیانمان مسۆگەر بکەین. دووەم چۆن بژین. ئەرکی دووەم فەرمۆش کراوە. ئامانجی هەموو خێزانێک لە کوردستان بووەتە ئەوەی منداڵەکەیان نمرەیەکی باش بهێنێت و بچێتە بەشێک دواتر کاری دەستبکەوێت. بۆیەش هەموو کۆششێک دەکات، مامۆستای تایبەتی بۆ دەگرێ، دەیباتە قوتابخانەی ئەهلی، دەیخاتە خولی فێرکردن. بەڵام ئەوەی لە کنی گرینگ نییە، ئەوەیە منداڵەکەی چۆن بژیت.

کەواتە سیستەمی پەروەردەی ئێمە هێندەی هەوڵی فێربوون و بەخشینی زانیاری دەدات، هێندە گرینگی بە پەروەردە و پێدانی مەعریفە لەسەر ژیانی گشتی نادات. پەروەردە نەبووە بە بەشێک لە خەمی کۆمەڵ. ئەگەر تەماشای ڕابردوو بکەین، لە سەردەمی ڕێژیمی بەعسدا ئەوانەی سیاسی بوون، ئەوانەی خەمی نەتەوەیان بوو، ئەوانەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکان بوون، ئەوانەی بەشداریی خۆپیشاندانیان دەکرد، قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان بوون. واتە قوتابی ئەو کات بەشێکی دانەبڕاو بوو لە کۆمەڵ. 

بەشێک بوو لە هۆشیاری. ئەوەی کۆمەڵی هۆشیار دەکردەوە قوتابیانی زانکۆ بوون. بەڵام ئێستا ناچالاکترین توێژ، قوتابیانی زانکۆن. هەموویان تەنێ خەمی دامەزراندنیانە. بەشدار نین لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. کولتوور بە هەموو شێوەکان لە دەرەوەی سیستەمی خوێندنە.

دە بۆتن لەو کتێبەی ناوم هێنا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەبێ کولتوور و فەرهەنگ بگەڕێتەوە ناو قوتابخانە و زانکۆکان. کولتوور واتە گەڕاندنەوەی زانستە مرۆڤایەتییەکان بۆ هەموو بەشەکان. لەو شوێنانە پێویستە بابەتەکانی ڕۆمان، مێژوو، فەلسەفە، دەروونناسی و کۆمەڵناسی بخرێنە ناو پرۆگرامەوە. هەموو ئەوانە لە پێناو کاریگەری خستنەسەر ژیانی قوتابیانە. بۆ ئەوەی قوتابی بزانێت لە ژیاندا چۆن هەڵسوکەوت دەکات. بۆ نموونە لەڕێی ڕۆمانە جیهانییەکانەوە دەتوانین کەسایەتی قوتابی دابڕێژینەوە. لەڕێی ڕۆمانی (ئانا کارنینا) و (مەدام بۆڤاری)یەوە دەتوانین گرفتەکانی هاوسەرگیری ئاشنای قوتابیان بکەین. 

کەواتە بۆ ئەوەی قوتابخانە و زانکۆکان بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە ببەستینەوە، دەبێ کولتوور بۆ ناو ناوەندەکانی خوێندن بگەڕێنینەوە. قوتابخانە و زانکۆکان نابێ تەنێ ناوەندی فێرکردن بن، بەڵکوو دەبێ ناوەندێک بن بۆ پەروەردەکردن و ئامادەکردنی مرۆڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکانی ژیان. ناوەندەکانی خوێندن بوونەتە شوێنێک خاڵی لە پرسیارکردن لەبارەی رووح و ژیان و گرفتەکانی ژیان. بۆیەش دەبێت ناوەندەکانی خوێندن ببنە شوێنێک بۆ ئەوەی مرۆڤ جودا لەوەی فێری زانست دەبێت، پەروەردەیش بکرێ. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە