لەبارەی "ماڵی پشیلەکان"ی هیوا قادر
ڕۆماننووسانی کورد به‌ده‌ر له هه‌ندێك ناو و كاری ده‌گمه‌ن، زۆرینه‌یان توانای نووسینیان لەسەر واقیعی ئێستای خۆرهەڵات و كوردستان نییه و به‌هه‌مان شێوه به‌رامبه‌ر به ڕابوردووش كه‌مده‌ست و بێتوانان. توانای حیكایهتكردن و بنكۆڵكردن و خولقاندنیان نییه له‌سه‌ر پرس و كێشه بنه‌ڕه‌تی و گه‌وره‌كانی خۆرهه‌ڵات. بەشێکی کەمی ڕۆمانی كوردی، کاری جدین و زۆرینه‌یان خراپ و لاوازن. ئه‌وه‌ش شایەنی هەڵوێستە لەسەرکردن و ڕەخنەی جدییە، بۆیە ئەوەی لەم نێوەندەدا ئامادەگی نییە، سەرنجدانی جدییە لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆرهەڵات کە ئەدەبیاتی ئێمە هیچکات پرسیارێکی جدی له‌باره‌یه‌وه نەبووە.
ئه‌مجۆرە لە ئەدەبیات، پشتگیریی دۆخی باڵاده‌ست ده‌كات و هیچ کاتێك ڕەتیناكاتهوه، نەک ناتوانێت سوبێکتێکی بیرکەرەوە دروستبکات و پرسیار لە واقیعی ئەو ڕۆژگارە بکات کە تیایدا دەژی، هەمیشە سوبێکتێکی ترسا‌و و بیرنەکەرەوە به‌رهه‌مده‌هێنێت.
لە پێناو بەرهەمهێناندا بەردهوام خەریکی کۆلاجکردن و نووسینی بەرهەمی بێ‌ڕۆح و بێقووڵایی ده‌بێت، بەردهوام لە خزمەتی سیستمدا ده‌بێت و ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ بانگهێشتی سوبێکت بۆ ئایدیۆلۆژیایەک ده‌كات، ئەو ئایدیۆلۆژیایە لە فۆرمی جۆراوجۆردا خۆی پیشانده‌دات، ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم ده‌بێته بونیادی کاری ئەم نووسەرانە، هه‌تا لە ڕێگای ئەم ئایدیۆلۆژیا- وەهمەوە سوبێكتێك دروستبكه‌ن، هەمیشە لە دۆخی سایكۆلۆژیی ترس لە بێگانە (کسینۆفۆبیا)دا بژی و بەردەوام لەبیری ئەوەدا بێت کە دوژمنێک هەیە هەڕەشەی لێدەکات، دوژمنێک هەیە دەیەوێت شوناسی بسڕێتەوە، دوژمنێک له‌ئارادایه بۆئه‌وه‌ی داگیری بکات، لەڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە هەست و سۆز و گیانی نەتەوەیی ئینسانی ئێمە ده‌جوڵێنن. لێره‌وه هەر تێکستێک بانگەشەی بۆ ئایدیۆلۆژیا کرد، بۆشاییەکی گەورە لە ڕۆحی ئەو تێکستەدا دروستده‌بێت و ئه‌وه‌نده‌ی به‌شوێن سه‌رخستنی داوه‌كانی ئایدیۆلۆژیاوه ده‌بێت، هێنده بایه‌خ به لایه‌نی هونه‌ری و گێڕانه‌وه و زمان و ته‌كنیك و گفتوگۆ و ناوه‌ڕۆكی تێكست نادات.
"ماڵی پشیلەکان" نوێترین ڕۆمانی بڵاوكراوه‌ی هیوا قادرە، چیرۆکی ڕۆمانەکە باس لە پەناهەندەیەکی کورد دەکات لە سوید بە ناوی "یوسف مهەمەد" لەگەڵ تورکێکی ناسیۆنالیست بەناوی ئۆزدینی تورک، كه لە یەکێک لە مەیخانەکانی سوید ڕووبه‌ڕووی یه‌كدی ده‌بنه‌وه و شه‌ڕ ده‌كه‌ن. ئۆزدین پێیدەڵێت: کورد بوونی نییە. مهەمەدیش هەستی نەتەوەیی دەجوڵێت و ئەو بوتڵە شووشە بیرەیەی ئۆزدینی تورک لەسەر مێزەکە لەبەردەمی خۆیدا دایناوە، هەڵدەگرێت و دەیکات بەگهروویدا و به‌هۆیه‌وه بریندار دەبێت و نزیك ده‌بێته‌وه له كوشتن، له‌م كاته‌دا مههمهد بەتوڕەیی پرسیار له ئۆزدین دەکات: "کورد هەیە یان نا؟". ئۆزدینیش دەڵێت: بەڵێ کورد هەیە. به‌هۆی ئه‌م كاره‌وه مههمهد بۆ ماوه‌ی مانگێك سزا ده‌درێت به كاری زۆره‌ملێ له ماڵی پشیله‌كان. ڕۆژێك پاش تەواوبوونی كاره‌كه‌ی، ماڵی پشیلەکان گڕدەگرێت و ماڵه‌كه و پشیله‌كانیش ده‌سووتێن. چیرۆکەکە هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی به‌بێ ڕووداو و بێ بوونی هیچ کاریگەری و پرسیارێکی قووڵ و گرنگ کۆتایی دێت.
به‌شی زۆری ڕۆمانه‌كه بریتییه له وەسفی پشیلەکان، ئه‌وه‌ی لە چ وڵاتێکەوە هێنراوە، ناوی چییە و بۆ ئەو ناوەی لێنراوە، لەگەڵ کۆمەڵێک په‌ند و گوتەی نووسەران لەباره‌ی پشیلەوه. ئەوەی دەقەکە هیچ پرسیارێکی جدیی لەخۆیدا هەڵنەگرتووە، وادەکات بڵێین تێکستەکە زیاتر ئینسایکلۆپیدیای پشیلهكانه، نه‌ك ڕۆمان.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه ئێجگار لاواز و هه‌ژاره، ده‌ستبه‌رداری باسكردنی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ڕۆمانه‌كه ده‌بین و زیاتر ئاماژه به ناوهڕۆك و گوتاره‌كه‌ی ده‌ده‌ین.
بانگه‌شه بۆ راسیزم
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێناسەكهی "ئاڵتۆسێر" لەباره‌ی ئایدیۆلۆژیاوه کە چۆن ئایدیۆلۆژیا ئەرک و ڕۆڵی تایبەت دەخاتە ئەستۆمان، ئێمە بەرەو پلانێک پەلکێش دەکات، کە دوا ئامانجی ئەو پلانە خودی ئێمەین. بۆیە ئەمجۆرە دەقانە دەبنە دیوارێک و ڕێگە لە تێگەیشتن و بیرکردنەوە و هۆشیاربوونەوە دەگرن، بەرەو ئاقارێک پەلکێشمان دەکه‌ن بەردەوام هەست بە ترسێک بکەین کە لەسەرمان هەیە. ئەمەش وادەکات نەپەرژێینە سەر ئەوەی بیر لە دۆخی هه‌نووكه بکەینەوە. بۆیە لێرەوە باڵادەستانە و ئاشکرا گوتاری ڕاسیستانه‌ی دەق دەردەکەوێت. لەڕێی کاراکتەری "یوسف مهەمەد" کە ڕوحێکی ڕاسیستی و سروشتێکی فاشیستی هەیە.
یه‌كێك له كێشه‌كانی مۆدێرنه، راسیزمه. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی هاوچه‌رخه، به‌ڵام ڕه‌گ و ڕیشه‌ی لهكۆنترهوه دێت. له شارستانیه‌تی دێریندا یۆنانییه‌كان به گه‌لانی دیكه‌یان ده‌گوت "به‌ربه‌ری". ترس له بێگانه و نامۆ و ئه‌وی دیكه، ڕیشه‌یه‌كی درێژ و مێژوویی هه‌یه و ده‌گاته سه‌ده نوێیه‌كانیش. فه‌لسه‌فه‌ش به‌رامبه‌ر به‌م دیارده‌یه بێده‌نگ نابێت و تیۆریزه‌ی ده‌كات و ناوی لێده‌نێت "ڕاسیزم".
لە مۆدێرنەدا راسیزم ده‌بێته یه‌كێك له گوتاره زاڵه‌كان و فۆرم و شێوه وه‌رده‌گرێت، ده‌بێته بونیادی سیستم، نازییه‌كان به‌عه‌قڵێكی ڕاسیستی و فاشیستییه‌وه جووه‌كان جینۆساید ده‌كه‌ن. له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆشماندا گوتار و عه‌قڵیه‌تی ڕاسیستی به‌رده‌وامی هه‌یه و له‌فۆرمی دیكه و به‌شێوه‌ی دی گوزارشت له خۆی ده‌كات. ئێستا له خۆرئاوا له‌لایه‌ن هه‌ندێك ڕه‌وت و گرووپه‌وه مه‌یلێكی راسیستی به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران هه‌یه.
"هیوا قادر" له ڕۆمانەکهدا ئه‌م گوتاری ڕاسیزم و ناسیۆنالیزمه زه‌قده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ژیانێكی بێ ڕاسیزم مه‌حاڵ بێت. كاراكته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه ده‌ڵێت: "بەهەموو هێزم نەڕاندوومە و چەند جارێک پشتە سەری ئۆزدینم داوە بە عەرزەکەدا و بە توڕەبوونەوە لێم پرسیوە: "وڵاتێک هەیە ناوی کوردستان بێت، یان نا؟" ئۆزدین دەستی کردووە بە گریان و گوتوویەتی "هەیە"، من گوتوومە "چی هەیە؟"، "کوردستان"، لاپه‌ڕه 273. ئه‌مه گوتارێكی ناسیۆنالیستی و ڕاسیستیی ڕووته. هه‌مان ئه‌و گوتاره‌یه كه له خۆرئاوا دژی په‌نابه‌ران هه‌یه. كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌م گوتاره په‌ڕگیر و دۆگمایه ببێته شاگوتاری ناو تێكستی ئه‌ده‌بی و ڕه‌واجی پێبدرێت.
کێشەی ناسنامە
ئەو دۆخە ژێردەستەیەی کە هیوا قادر خستوویەتیە پاڵ کاراکتەرێکی پەناهەندەی خۆرهەڵاتی، کاراکتەرێكی سۆزدار و ناعەقڵانی، توندوتیژ و لەرزۆکه و کێشەی ناسنامەی هەیە. ترسێکی سایکۆلۆژی ڕووتی بەرامبەر ژینگەی خۆرئاوا هەیە. وەک لەم نموونەیەدا دیاره "چەند جارێک ویستم بچم قسەی لە گەڵدا بکەم، بەڵام ئەو ڕۆحە خۆرهەڵاتییەم ڕێی پێ نەدام بچمە بەردەمی"، لاپه‌ڕه 104.
وەک دەبینین هەمیشە ڕوانین و نیگاکردنی ئینسانی خۆرهەڵاتی له‌م گوتاره‌دا، خۆی وەک پەراوێزخراوێکی بچووک بەرامبەر بەئەویتری گەورەی خۆرئاوایی دەردەخات، وەک لە کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەدا دەیبینین، سزادانەکەی قەبووڵ دەکات و ملکەچی دەنوێنێ بۆ کارەکەی. ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه نییه كه نووسەر جیاکارییەکان لەڕووی کولتووری یان بەریەککەوتنی کولتووری بخاتەڕوو، بەڵکو تاکی خۆرهەڵاتی وەک مشک و بوونەوەرێکی بچوک پیشاندەدات "لەویادا ختورەیەک چۆن بە خێرایی پەیدا بوو، هەرواش خێرا ون بوو، تۆ بڵێی من مشک بم؟ ئەو مشکەی لە چاوەکانیدا ئەبینرام، ئەو چاوانەی ڕۆژانە منیان تەنیا وەک مشک ئەبینی، مشکێکی پەناهەندە"، لاپه‌ڕه 94.
یان ئه‌م نموونه‌یه "بەخۆم ئەوت: ئایا بەڕاستی ئەو نامبینێت، یان من تەنیا مشکە پەناهەندەکەی ناو چاوی ئەوم و بەس؟"، لاپه‌ڕه 104. هه‌مان فه‌زا و بونیاد به‌درێژای ڕۆمانه‌كه هه‌یه، له لاپه‌ڕه‌كانی 41 و 43 و 95.
ئه‌گەر بگەڕێینەوە بۆ لاکان دەربارەی بابەتی ناسنامە، كه پێیوایه ناسنامە لە زاتی خۆیدا بگۆڕە، دەکرێت بڵێین پەناهەندە، خاوەنی ناسنامەیەکی پشئەستوور بەخۆی نییە، یان کولتوورێکی لەبنەڕەتدا پەتی نییە. بەڵکو ناسنامە لە ڕێگەی کارلێک لەگەڵ ئەوانی دیكه‌دا شێوه دەگرێت، بۆیە ناسنامە، جیاکارانەیە. لەڕێگەی ئەو جیاکارییەوە پێکەوەژیان و مانایەک دروستدەبێت، هەتا گەر خاوەنی کولتوورێکی کەمینە و لاوازیش بین. کەواته ئه‌م گوتاری خۆ-بچوك پیشاندان و لاوازییه له‌پای چی؟ ته‌نیا له‌پێناوی ئه‌وه‌ی قبوڵ بكرێین؟ لێره‌دا ڕه‌وایه بپرسین: ئایا ئه‌مه ڕۆمان و تێكستێكی داهێنه‌رانه و هونه‌رییه، یان گوتارێكی سیاسی؟ ئایا نووسه‌رێكی داهێنه‌ر نووسیویه‌تی، یان سیاسییه‌كی ناسیۆنالیست؟
ڕۆمانێک بۆ خۆرئاوا
لێرەو لەوێ دەبیستین ئەم ڕۆمانە بۆ ئێرە نەنووسراوە و خۆرئاواییه، به‌ڵام ئەم ڕوانینە تووشی پرسیارێكی بنه‌ڕه‌تی و گرفتێکی سەرەکی ده‌بێته‌وه، وەک ئەوەی نووسەر ئەم ئیمکانەی لەبەرچاو نەگرتبێت کە ئەدەبیات و ڕۆمانیش به‌تایبه‌ت ئەگەر داهێنەرانە بێت، هی هەموو سەردەم و شوێنەکانە.
ئەگەر سەرنج لە ڕۆمانەکە بدەین، نووسەر نەک نەیتوانیوە لە فیکری ئایدیۆلۆژی و پاشخانه کۆمەڵایەتییەکەی داببڕێت، بەڵکو فیکری ناسیۆنالیستیی نووسەر بەشێکە لەو دەقەی بەرهەمی هێناوە. ئەوەی گوایە نووسەر دەقێک بۆ خۆرئاوا دەنووسێت، دەبینین لە ئاست کێشە وجودی و ئۆنتۆلۆژییەکان پاشەکشە دەکات و له‌وێش هەمان کاراکتەر بەهەمان عەقڵییەتی دەمارگیرانە و ناسیۆنالیستانە دروستدەکاتەوە کە لەپاشخان و خەمێکی ناسیۆنالستی داکەوتووە. دەکرێت دەق بۆ سەردەم و دۆخێکی دیاریکراو نووسرابێت کە باس لە قۆناغ و مێژوویەکی دیاریکراو بکات. نەک وەک کاڵا سەیر بکرێت و هەناردە بکرێت بۆ وڵاتێکی تر.
ئایا نووسینی کوردی بۆ خۆرئاوا چ پەیامێکی پێیە؟ وەک نووسەر خۆی لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)دا باس لە گرنگی و پەیامی ڕۆمانه‌كه‌ی بۆ خۆرئاوا ده‌كات و دەڵێت: "بە کوردی و کورتییەکەی ئەوەیە کە خوێنەری ئەوروپی ڕەنگە پچەک زیاتر چێژ لەو بەدنیاییکردنەی پشیلە لەناو ژیانی مرۆڤەکاندا ببینێت". ئایا پەیامی ئێمە بۆ خۆرئاوا هه‌ندێك چێژە و هیچی دی؟ نووسەری داهێنەر كاتێك تێكست ده‌نووسێت، بیر له‌وه ناكاته‌وه بۆ شوێن یان وڵاتێکی دیاریکراو بێت، بەڵکو ئەوە گەردوونیبوونی تێكسته، سنوورەکان ناناسێت، بۆیە دەبێت ئەدەبیاتی باڵا کە بە دەستی نووسەری داهێنەر خولقێنراوە، جیابکەینەوە لەو ئەدەبیاتەی باس لە کێشە پووچ و بێبەهاکانی ژیانی ڕۆژانە و بڕێك چێژ دەکات.