چەمکی خوێنەر لای سۆفستاییەکان


ئاشکرایە فەلسەفەی سۆفستاییەکان رەنگدانەوەی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی بووە، واتە فەلسەفە لە خزمەت واقیع و ژیاندا بووە و وەکوو ئاوێنەیەک ژیانی پیشانداوە. 
 
ئەوان نکۆڵییان لە هەموو شتێک دەکرد، مەگەر ئەو شتە سوودی بۆ تاک هەبووبێت. ئەوان فەلسەفەکەیان لەسەر بنەمای سوودگەرایی دامەزراند. تاکیان فێر دەکرد چۆن بەرانبەر ناڕاستی بوەستێتەوە و هەمیشە لایەنگری ڕاستی بیت. دەمەوێ بڵێم سۆفستاییەکان وێنەیەکی راستەقینەی ئەو ژینگەیە بوون کە تێیدا دەژیان. ((جەوهەری سەرەکیی پەروەردە و فێرکردن، بریتی بوو لە ئامادەیی بۆ ژیانی پراکتیکی و بەتایبەتی سیاسی. وەک چۆن لە نووسراوێکی ئەفلاتووندا، پرۆتاگۆراسی ئابێداریی، کە وەکوو یەکێک لە یەکەمین و بە تەمەنترین سۆفستاییەکان ناوی دەبرێت، ئامانجی بنەمایی دەرسەکانی خۆی بەمجۆرە شیدەکاتەوە: ئەو هونەرەی لاوەکان لە دەرسەکانی منەوە فێری دەبن، ئەوەیە چۆن لە ژیانی تایبەتییاندا ماڵی خۆیان پێکەوە بنێن و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا چۆن لە ڕێگەی گوفتار و کردارەوە بەشداری لە ئیدارەکردنی کاروبارەکانی وڵاتدا بکەن.)) [سیوەیلی: ٢٠٠٩: ٦٠- ٦١] . واتە ئەوان هێندەی لە خەمی ئەوەدا بوون وانەی ئاکاری و سیاسی بدەن، خەمی ئەوان فێرکردنی  لاوەکان بوو بە شێوەیەکی پراکتیکی. ئەوان نموونەی سەردەمەکەی خۆیان بوون. واتە سۆفستاییەکان وەڵامدەرەوەی پێویستییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی قۆناغی سەرکەوتنی دیموکراسی بوون لە یۆنانی کۆندا.
 
کاتێک بۆ زاراوەی سۆفستایی دەگەڕێینەوە بە واتای پیاوی حیکمەت دێت. پیشەی ئەوان مامۆستایی بوو، مامۆستایەکی گەڕۆک لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە بۆ فێرکردنی خەڵک دەگەڕان و لەبارەی زۆر بابەتەوە خەڵکیان فێر دەکرد. بۆ نموونە ((پرۆتاگۆراس خەڵکی فێری یاساکانی سەرکەوتن لە سیاسەت دەکرد، گۆرگیاس رەوانبێژی و زانستی سیاسەتی دەگوتەوە و پرۆدیکۆسیش یاساکانی رێزمانی دەگوتەوە.)) [محمود و امین: ١٩٣٥: ٩٣] ئەوان لە فەلسەفەکەیاندا بە دوای حەقیقەتێکی ڕەهادا، وەک ئەوەی لە کن ئیلیاییەکان هەبوو نەدەگەڕان، بەڵکوو ئامانجیان بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی گومان بوو لە جیاتی حەقیقەتی رەها.
 
ئەم گومانەی سۆفستاییەکان لە بیروباوەڕ و دابونەریتەکانەوە بۆ ناو ئەدەب دەپەڕێتەوە. بۆ نموونە ئەم گومانە لە دەقە شانۆییەکانی یۆرپیدیس لە فۆرم و ناوەڕۆکدا ڕەنگدەداتەوە. هاوکات باوەڕیان بە ڕێژەیی شتەکان هەبوو، بەتایبەت بۆ خودی مرۆڤ لە بابەتی گوماندا. سۆفستاییەکان بۆ جێکردنەوەی فەلسەفەکەیان پەنایان بۆ زمان دەبرد. ئەوانە بە شێوەیەکی پیرۆز تەماشای ئەرکی وشەیان دەکرد. وشە لە کن ئەوان هێزێکی گەورەی هەیە، ((چونکە توانای هەیە ترس لاببات، ئازار نەهێڵێت. 
 
ئامانجی وان لە وشە گوتنی راستی نییە، بەڵکوو هێزی وشە (لۆگۆس) بە شێوەی کرداری لە ئیقاعی عەقڵی مرۆڤ و هەستەکانیاندا رەنگدەداتەوە.)) [شعراوی: ١٩٩٩: ٧٢]  بۆیەش لە کن ئەوان تەنێ هەستەکان دەرخەری ڕێژەیی شتەکان نین، بەڵکوو زمانیش ئەو ئەرکە دەبینێت. گۆرگیاس پێداگری لەسەر ئەوە دەکات هەموو کەسێک بە شێوەی جوایەز شتەکان دەناسێت. هەر یەک لەوانیش ناتوانێت گوزارشت لەو ناسینەی شتەکان بەبێ زمان بکات. بۆیەش شتەکان بە وشەکان رەمزدار دەکەین و واتایان لێ بار دەکەین، لەم بارەیەوەش جوایەزیمان لە تێگەیشتنی شتەکان هەیە، هەر یەکەمان بەپێی ئەزموونی خۆمان لێکدانەوە بۆ واتای وشەکان دەکەین.
 
سۆفستاییەکان لەڕێی وتاردانەوە بۆچوونی خۆیان دەردەبڕی، بۆیەش وتاردان لە کن ئەوان هێندەی مەبەستێکی ماددی و سوودگەرایی هەبوو، هێندە مەبەستێکی مەعریفی لە پشت نەبوو. وەکوو گوتمان ئەوان لاوەکانیان فێر دەکرد چۆن چاکە و خراپە لە یەکدی جودا بکەنەوە. هەموو رێیەکیان بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنا، بۆ نموونە لەڕێی گەمەکردن لەگەڵ وشە، بەکارهێنانی خوازە، درکە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بە خوێنەر  بگات.
 
 کەواتە ئەوان خوێنەریان لە کن گرینگ بووە، مەبەستیان بووە زۆرترین کاریگەری لەسەر بەردەنگەکانیان (خوێنەرەکانیان) دابنێن و قەناعەتیان لە کن دروست بکەن. لەم بارەیەوە تیۆریایەکی پرۆتاگۆراس سەبارەت بە مەعریفە هەیە، کە پێداگری لەسەر رۆڵی خود لە بەرهەمهێنانی واتادا دەکات، چونکە بە بڕوای ئەو: مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە. بۆیەش بابەتی فیکری گۆشەنیگا و بۆچوونی جوایەز لە خۆیدا هەڵدەگرێت، هەر واتایەکیش شیکردنەوەی جوایەز هەڵدەگرێت. ئەوان گرینگیی زۆریان بە خوێنەر (بەردەنگ) دەدا، بۆیەش دەیانویست زۆرترین کاریگەری لەسەر دروست بکەن، چونکە ئەوە خوێنەرە لە واتا دەگات. 
 
ئەوەی لە کن ئەوان گرینگ بوو گەیشتنی بابەتەکە بوو بە جوانترین شێوە و لە باشترین باردا بە خوێنەر. ئامانجی ئەوان قەناعەتپێکردنی خوێنەرەکان بوو. زمانیان بە جۆرەها هونەری رەوانبێژی دەڕازاندەوە بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە کاریگەری لەسەر گوێی خوێنەر دروست بکەن. کەواتە خوێنەر لایەنێکی گرینگی فەلسەفەی سۆفستاییەکان  بوو. دەمەوێ بڵێم خوێنەر هەمیشە ئامادەیی لە کن ئەوان هەبووە. بوونێک بووە بیرکردنەوە و قسەکانیان ئاراستە کردووە.
 
 
سەرچاوەکان:
١. سیوەیلی (رێبوار): ٢٠٠٩: سۆفیستەکانی یۆنان: پڕۆژەی هاوبەشی بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەڵاحەددین و دەزگای موکریانی، هەولێر.
٢. شعراوی (عبدالمعطی): ١٩٩٩: النقد الابی عند الاغریق والرومان، مکتبە الانجلو المصریە.
٣. محمود و امین (زکی نجیب و احمد): ١٩٣٥: قصە الفلسفە الیونانیە، دار الکتب، ط٢، القاهرە.