ئەدۆنیس پێشەکی بۆ کتێبی شاعیرێکی کورد دەنووسێت


رووداو دیجیتاڵ

"یۆتۆپیایەک بە قەبارەی ناولەپ" ناونیشانی نوێترین کۆمەڵە شیعری زێرڤان ئۆسێ، شاعیری کوردە و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا چاپکراوە و ئەدۆنیس، بیرمەند و شاعیری سووری پێشەکی بۆ نووسیوە.
 
زێرڤان ئۆسێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەدۆنیس پڕۆژەیەکی بۆ شاعیران راگەیاند و ژمارەیەکی زۆریان لە سەرتاسەری جیهاندا کە بە عەرەبی دەنووسن، بەرهەمەکانیان نارد، بەڵام تەنیا بەرهەمی 30 شاعیر وەرگیران، یەکێک لەوانە، ئەو بوو.
 
گوتیشی، لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا نوێترین کۆمەڵە شیعری بە زمانی عەرەبی بەناونیشانی "يوتوبيا بحجم الكف" لە لوبنان چاپکرا و ئەدۆنیس پێشەکی بۆ نووسیوە.
 
روونیشیکردەوە، کۆمەڵە شیعرەکەی پێشکێش بە کچان و ژنانی کوردی ئێزدی کردووە کە قوربانی دەستی داعش بوونە، ئەمەش لە نێو شیعرەکانیدا رەنگدانەوەی هەیە.
 
کتێبەکە لە دووتووێی 184 لاپەڕەی مامناوەندا لە خانەی "کتب" لە بەیروت چاپکراوە و لەلایەن دامەزراوەی غەسان جەدید پاڵپشتی پڕۆژەکە کراوە.
 
ئۆسێ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کتێبەکەی 236 دەقی شیعری بە مژاری جیا جیا لەخۆدەگرێت، لەوانە، بوون، جەنگ، ململانێ و تەنیایی.
 
ئەدۆنیس لەبارەی شیعرەوە لە پێشەکی کتێبی 30 شاعیرەکەدا دەڵێت: شیعر، بە گوزارشتکردنی ژیان، ئازادی و خۆشەویستی، ئەمڕۆ دەنگی نوێی شیعری دادەمەزرێنێت، لە پیاوان و ژنان لە تەواوی وڵاتانی عەرەبیدا. ئەمە دیاردەیەکی دەگمەنە لە مێژووی داهێنانی شیعری عەرەبیدا".   
 
زێرڤان ئۆسێ، لە 1986 لە سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، نووسەر و شاعیر و ماستەری لە تورکیا لەبارەی ئەدەبی عەرەبی خوێندووە، بە زمانی کوردی و عەرەبی دەنووسێت و شیعرەکانی بۆ تورکی، فەرەنسی و رۆمانی وەرگێڕدراون، خاوەن سێ کتێبی شیعری و کتێبێکی رەخنەییە لەبارەی بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکات.
 
ئەدۆنیس، لە 1930 لە سووریا لەدایکبووە، وەک بەناوبانگترین شاعیری زیندووی عەرەب دەناسرێت، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، شۆڕشێکی لە شیعری عەرەبیدا بەرپا کردووە. 
 
لە 2009 لە کاتی سەردانی بۆ باشووری کوردستانی، لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە ئامادەبوو و کۆڕی بۆ سازکرا.