فۆرمالیستەکان و خوێنەر

12-01-2020
حەمە مەنتك
نیشانەکردن ئەدەب
A+ A-
فۆرمالیزم یەکێکە لە مێتۆدە نوێیەکانی رەخنەی ئەدەبی. ماوەی پەیدابوون و گەشەکردنی ئەم مێتۆدە لە ئەوروپا بۆ نێوان ساڵانی 1915- 1930 دەگەڕێتەوە. ئەمانە پێداگرییان لەسەر سەربەخۆیی دەقی ئەدەبی دەکردەوە بەتایبەت زمانی شیعر.
 
 لە ڕابەرانی ئەم مێتۆدە: شیکلۆڤسکی، ڕۆمان یاکۆبسن، گریگۆری ڤینگۆر و تۆماشێفسکی بوون. سەرچاوەی پەیدابوونی ئەم مێتۆدە دوو قوتابخانەی زمانناسی بوون. ((یەکیان بازنەی زمانەوانی مۆسکۆیە بە رابەرایەتی ڕۆمان یاکۆبسن کە لە ساڵی 1915 دامەزرا، لەگەڵ شەش هاوڕێ و قوتابی خۆی. ئەوان گرینگییان بە شیعرییەتی دەق لە چوارچێوەی زمانەوانیدا دەدا، لە توێژینەوەدا بە دوای "فۆرم چییە"دا دەگەڕان. دووەمیان کۆمەڵەی ئۆپیاز بوو. ئەمانە کۆمەڵێ قوتابیی زانکۆ بوون لە ساڵی 1916 لە سان پترسبورگ دروست بوون)) [مەنتک: ٢٠١٩: ٨٧] زاراوەی ئۆپیاز کورتکراوەی کۆمەڵەی توێژینەوەی زمانی شیعرییە بە رابەرایەتی شکلۆفسکی و بۆریس ئیخنباوم. هەردوو کۆمەڵەکە گرینگییان بە توێژینەوەی زمانەوانی لەناو دەقی شیعریدا دەدا، چونکە بە بڕوای ئەوان، مێتۆدەکانی پێشتر کە گرینگییان بە دەرەوە و دەوروبەری دەق دەدا، وەک ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئایدیۆلۆژیای نووسەر ، هەوڵێک بوون بۆ کوشتنی جوانییەکانی دەق. بە بڕوای ئەوان توێژینەوە لەناو دەق دەستپێدەکات و لەناو دەقیش کۆتایی دێت. 
 
فۆرمالیستە ڕووسەکان لەبارەی دوو تێزەوە لە دەقدا کاریان دەکرد. یەکیان پێداگری لەسەر دەق و بەش و پێکهاتەکانی و دووەم پێداگری لەسەر ئەدەبییەتی ئەدەب دەکرد. بۆیەش دەبینین ئەوان ناو لە خۆیان دەنێن: مۆرفۆلۆجییەکان. فۆرم لەکن وان ((بریتییە لە کۆمەڵێک ئەرک، کە دەقێک لە دەقێکی دیکە جودا دەکاتەوە.)) [وغلیسی: :٦٧] واتە ئەوەی واتا بەرهەم دەهێنێ بریتییە لە فۆرم، چونکە ناوەڕۆک بۆ نموونە هەست و هەڵچوونەکانی نووسەر و بیرکردنەوەکانی دەق لە هەموو ئەرکێکی ئەدەبی دادەماڵن. واتە ئەوەی بەرهەمهێنەری واتا و ئەدەبییەتە لە دەقدا بریتییە لە فۆرم و زمانی دەق، لە دەرەوەی ئەوانە واتا بوونی نییە.
 
شکلۆفسکی بە نووسینی وتاری (هونەر وەک نەسەق) ڕێیەکی لە بەرانبەر توێژینەوەی فۆرمی دەق کردەوە. لەم وتارەوە جوایەزیی نێوان ئەو بنەما بنەڕەتیانەی پۆتیبنیا (Potebnya)* بۆ توێژینەوەی شیعر دیاری کردوون، لەگەڵ ئەوەی وێنە ڕۆڵی لە دۆزینەوەی واتادا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی جیهانبینی دەردەکەوێ. هاوکات ئیخنباوم لەگەڵ پەخشان جوایەزی هەیە. بەوەی شیعر بەردەوام مەبەست لێی گەیاندنە بە بەرانبەر، بەڵام زۆربەی جۆرەکانی پەخشان پێویستیان بە زمان هەیە بۆ گەیاندن. واتە شیعر ژانرێکە دەکرێ لەڕێی ئەداکردنەوە بە بەرانبەر بگەیەنرێت. 
 
بابەتی توێژینەوە لە کن فۆرمالیستەکان ئەدەب نییە، بەڵکو ئەدەبییەتە، واتە توێژینەوە لەو تایبەتمەندیانەی ئەو دەقەیان کردووە بە ئەدەب، دوور لە هەموو هۆکارێکی دەرەکی، لێرەوە دەق دەبێتە خاوەن سەربەخۆیی خۆی. خوێنەر تەنێ چێژ لە دەق وەرناگرێت، بەڵکو ئەوەیش فێر دەبێت کە جوایەزی لە نێوان دەقی ئەدەبی و دەقی نائەدەبی بکات. ئەم جوایەزیانە لە کن فۆرمالیستەکان بابەت و گەوهەری ئەدەبە. کەواتە ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ خوێنەر و بەشدارکردنی لە دۆزینەوەی ئەو بنەمایانەی دەقی ئەدەبی دەکەن بە ئەدەب. بێگومان ئەمەیش سانا نییە، بۆ نموونە بۆ ئەوەی بزانێت چ شتێک شیعرە، دەبێ ڕووبەڕووی ئەوە ببێتەوە کە چ شتێک شیعر نییە.
 
فۆرمالیستەکان لە ساتی نووسینی دەقی ئەدەبییەوە گرینگی بە خوێنەر دەدەن. ((تۆماشێفسکی بڕوای وایە ساتەکانی بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی بریتین لە هەڵبژاردنی بابەت و دەسکەوتی دەقەکە. یەکەمیان پێوەندی بەو خۆشییەوە هەیە کە خوێنەر لە کنی دروست دەبێت.)) [تادییە: : ٢٧] کەواتە خوێنەر بەردەوام پێش نووسینی دەقەکە لە زەین و مێشکی خوێنەردا ئامادەیی هەیە. ئەم ڕەخنەگرە بنیاتی دەقی ئەدەبی ڕاڤە دەکات، ئەویش بە باسکردنی بچووکترین یەکە کە بە مۆتیڤ ناودەبرێت. مۆتیڤ بریتییە لەو بابەت و مەبەستەی لەناو دەقدا ناتوانین پارچە پارچەی بکەین و بچووکتری بکەینەوە. کەواتە مۆتیڤەکان شتگەلێکن ناتوانین هەڵیانوەشێنینەوە، چونکە ڕۆڵی گەورەیان لە بنیاتی دەقی ئەدەبیدا هەیە.
 
چەمکی نائاشنابوون، چەمکێکە ڤیکتۆر شکلۆفسکی بۆ یەکەمجار بەکاری هێناوە. بە واتای بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەکی هونەریانە دەگەیەنێت. ئەم چەمکە شتەکان بە مرۆڤ نامۆ دەکات. واتە مرۆڤ یاخی دەکات لە شتەکان. ئەم چەمکە لە ئەدەبیاتدا شتە ئاشناکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ بە مرۆڤ نائاشنا پیشان دەدات. بۆ نموونە تۆڵستۆی لە ڕۆمانی شەڕ و ئاشتی- ‌دا بە شێوەیەکی نامۆ و نائاشنا وێنای شەڕەکان دەکات. ئەم چەمکە پێوەندی بە چەمکی درککردنەوە هەیە. ئەم درککردنە مەعریفە و جیهانبینیی جوایەز دەهێنێتە ئاراوە. 
 
کەواتە ئەرکی هونەر و ئەدەب لە کن شکلۆفسکی ئیشکردنە لەسەر درککردنی خوێنەر بۆ وشەکان. لێرەوە ڕۆڵی گرینگی خوێنەر دەردەکەوێت، چونکە کەسی درکپێکردوو بڕیار لەسەر لایەنی هونەری و واتای دەقەکە دەدات. کەواتە ئەوە خوێنەرە مامەڵەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەق دەکات. لێرەوە شکۆ بۆ خوێنەر دەگەڕێتەوە کە پێشتر فەرامۆش کرابوو. ئەم درککردنە جوانیناسییە لە کن خوێنەر هەوڵێکە بۆ ئەوەی بنیاتی ئەم نائاشنایی و نامۆبوونە دیاری بکات، بۆ ئەوەی لایەنی داهێنان و چێژی ئەدەبی دەستکەوێت. 
 
ئەم نائاشناییە هەوڵێکە بۆ ئەوەی شێوەی نوێ، فۆرمی نوێ، بۆ ئەوەی خوێنەری جوایەز، جیهانبینیی جوایەز دروست بێت. لێرەدا بە دوای کەشفکردنی چێژدا دەگەڕێت، واتە هەوڵی ئەوە دەدات لە ئاستی فۆرم و زماندا ئەم بنیاتانە چۆن دروستبوون. خوێنەر لێرەدا تووشی حەپەسان و سەرسامبوون دەبێت، چونکە بەر زمانێک دەکەوێت، زمانێکی ئاسایی ڕۆژانە نییە، بەڵکو زمانێکە خوێنەر سام دەکات، شۆکی دەکات.
 
 
سەرچاوەکان:
 
١. مەنتک (حەمە): ٢٠١٩: مێتۆدەکانی رەخنەی ئەدەبی (ڕەخنەی ئەدەبی لەڕووی تیۆرییەوە)، کتێبخانەی تەفسیر، هەولێر.
٢. تادییە (جان ایف): ١٩٩٢: النقد الادبی فی القرن العشرین: ت: قاسم المقداد: منشورات وزارە الثقافە: سوریا.
٣. وغلیسی (یوسف): ٢٠٠٧: مناهج النقد الادبی، جسور للنشر والتوزیع، القاهرە.
* ئالێکساندەر پۆتیبنا (١٨٣٥- ١٨٩١) بڕوای وایە شیعر بیرکردنەوەیە لەڕێی وێنەوە، هاوکات هچ هونەرێک بەتایبەت شیعر بەبێ وێنە بوونی نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە