کتێبێک لەبارەی پەناخوازانی سووریا دەبێتە باشترینی فاینانشاڵ تایمز
رووداو دیجیتاڵ
کتێبێک لەبارەی ژیانی پەناخوازانی سووریا بە باشترین کتێب لە لیستی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بۆ ساڵی 2022 هەڵدەبژێردرێت.
"25 ملیۆن پڕیشک: چیرۆکی نەگوتراوی وەبەرهێنەرە پەناخوازەکان" ناوی ئەو کتێبەیە کە لەلایەن نووسەرێکی گەنجی ئەمریکییەوە بە ناوی ئەندرۆ لیۆن هانا-وە نووسراوە. کتێبەکە بە باشترین کتێب لەنێو لیستی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی هەڵبژێردراوە.
کتێبەکە، کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن چاپخانەی زانکۆی کامبریجی بەریتانیاوە چاپکراوە، باس لە چیرۆکی سێ ژنە وەبەرهێنەری سووریایی دەکات کە لە کامپی زەعتەرییەی پەنابەران لە ئوردن دەژین.
هەر سێ ژنەکە، بە ناوی ئەسما، مەلەک و یاسەمین بەهۆی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەیانەوە بوونەتە پەنابەر و هەوڵدەدەن لە کامپی پەناخوازاندا وەبەرهێنان بکەن و بەهرەکانیان لە گوتنەوەی چیرۆک، دیزاینکردنی جلوبەرگی زەماوەند، جوانکاریی پرچ و هونەر بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابینبکەن.
کتێبەکە ئەم چیرۆکانە وەکو پەنجەرەیەک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی باس لە قەیرانێکی بەرفراوانتری پەنابەران بکات. لەم کاتەدا، زیاتر لە هەرکاتێک پەنابەر لە جیهاندا هەن و دیاردەی وەبەرهێنان لە کامپەکاندا، بەگوێرەی رۆژنامە بەریتانییەکە، لە سەروو 20 شاری جیهاندا هەیە.
کتێبەکە باس لە توێژینەوەیەک دەکات و دەڵێت، پەنابەران دوو هێندەی هاووڵاتیی رەسەنی وڵاتەکان توانای وەبەرهێنانیان زیاتر تێدایە.
ئەندرۆ لیۆن هانا لەبارەی کتێبەکەیەوە دەڵێت: "ئەرکی کتێبەکە پێشاندانی هێز، کارامەیی و شکۆی کۆمەڵگەی پەنابەرانە لە جیهاندا." دەشڵێت پەنابەران "بەشێکن لە وەبەرهێنەرترین کەسانی جیهان، سەرباری دووچاربوونیان بە ئاڵنگارییە قورسەکان."
نووسەری کتێبەکە، کە تەمەنی 31 ساڵە، دەڵێت، لەو کاتەی کە قوتابی بەشی یاسا بووە لە زانکۆی هارڤارد، دەستی بە نووسینی کتێبەکە کردووە.