خۆتان لە پیرباڵ بەخاوەن بکەن
نامەیەکی کراوە بۆ:
- وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
- سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین
- سەرۆکی بەشەکانی زمانی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەددین
بەڕێزان ماوەی پتر لە هەشتا رۆژە یەکێك لە کاریگەرترین ئەکادیمیستەکانی زانکۆی سەڵاحەددین لە زیندانە. فەرهاد پیرباڵ، ئەو کەسەی لە سەردەمێكدا بە خۆی و بڕوانامەکەیەوە لە ئەوروپاوە هاتەوە کوردستان، زۆربەی ئەکادیمیستەکانی زانکۆی سەڵاحەددین بۆ ئەوروپا کۆچیان دەکرد. ئەو لە سەردەمێکدا بە کەڵکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی سەڵاحەدین هات، خەڵک وازیان لە خوێندن دەهێنا و بۆ پاروویەک نان رێی قاچاخیان بۆ گەیشتن بە تاراوگە دەگرتەبەر.
فەرهاد پیرباڵ بە هەموو خاسیەتەکانییەوە بەشێکە لە کورد، موڵکی هەموو کوردیشە. بمانەوێ و نەمانەوێ بیرمەندە. سەت مخابن وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین و سەرۆکی بەشەکانی زمانی کوردی لەو زانکۆیە لە ئاست بەندکردنی ئەو نووسەر و ئەکادیمیستە بێدەنگن. راستە بە هەموو پێوەرێک ئەو تاوانێکی کردووە و موڵک و ماڵی خەڵکی سووتاندووە، خاوەن موڵکیش حەقی خۆیەتی داوای مافی خۆی بکاتەوە. بەڵام ئەوەی فەرهاد پیرباڵ کردی، ئەنجامی ئەو فشارە کۆمەڵایەتی و دەروونیانە بوو کە دەمێکە ئەم پیاوە بەرەنگاری دەبێتەوە.
رۆژێك ئێوە نەچوون بە دەم گرفت و کێشەکانییەوە، بەڵکو لە زۆر باردا زانکۆی سەڵاحەدین رۆڵی هەبووە لە قوڵترکردنەوەی گرفتەکانی ئەم نووسەرە، چۆن؟ پێش ئەوەی زیندانی بکرێت، لای من گوتی مووچەی پێنج مانگیان پێنەداوم. ناهێڵن وانە بڵێمەوە. خۆم رۆژێک لە بەشی زمانی کوردی کۆلێژی پەروەردە تەماشای خشتەی وانەکانم کرد، کۆی وانەکانی فەرهاد پیرباڵیان خستبووە کاتژمێر یەک و نیو و دوو و نیو. ئەمە شەڕی دەروونی نەبێت، چییە؟!
دەتوانم بڵێم فەرهاد پیرباڵ تاکە ئەکادیمیستە پێوەندی لە نێوان زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ دروست کرد. ئەو بوو پێوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی تۆخ کرد. کەم مامۆستای بەشەکانی زمانی کوردی هەیە، پیرباڵ وانەی پێ نەگوتبێت، یان کتێبەکانی ئەوی وەکو پرۆگرام نەخوێندبێت. بەڕێزان وەزیری خوێندنی باڵا، سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین کام مامۆستای زانکۆتان هێندەی فەرهاد پیرباڵ کتێبی لە پسپۆڕیی خۆیدا چاپکردووە؟ کام مامۆستای بەشی زمانی کوردی هەیە هێندەی فەرهاد پیرباڵ کتێبی چاپ کردبێت و لە خەمی زانکۆدا بووبێت؟ بەڵام کەستان رۆژێک لە رۆژان لە خەمی ئەم نووسەرەتان نەپێچاوەتەوە، رۆژێك سەردانیتان نەکردووە.
تەنانەت هیچ ئەکادیمیستێک نەبووە وەکو ئەو بوێر بێت و بە ئاشکرا هەڵوێستەکانی خۆی لەبارەی ئایین، سیاسەت، دەسەڵات، کولتوور و کۆی بوارەکانی دیکە دەربڕیبێت. ئەگەر لەگەڵ شێوازی دەربڕین و ئایدیۆلۆجیا و بیرکردنەوەی ئەویش نەبووبێتن، وەکو ئەرکێکی کارگێڕی و ئەخلاقی و مرۆڤایەتی دەبوو لە پشت ئەم نووسەرە بن. راستە ئەو تاوانێکی کردووە، بەڵام خۆ کەرکووکی نەفرۆشتووە، گەندەڵی لە نەوت و دارایی حکومەتدا نەکردووە. ئەگەر بە بڕێک لەو داهاتەیش بێت کە ئێوە لە شاندکردن بۆ وڵاتان خەرجی دەکەن، هاوکاریی بکەن چی لە زانکۆ کەم دەبێتەوە. ئاخر ئەو کەمی بۆ زانکۆی سەڵاحەدین نەکردووە. هەرنا وەکو پێشنیازێك بۆ سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین، لە چاپخانەی زانکۆ هێندێك لە کتێبەکانی ماڵی وەفایی چاپ بکەن، بۆ ئەوەی ئەویش لە هێندێك مافەکانی خۆی خۆش بێت.
ئەو کات دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ فەرهاد پیرباڵ، دەبێتە مۆدێلێک بۆ ئەوەی مامۆستایانی دیکە هەست بکەن زانکۆ هەمیشە لە پشتیانەوەیە. کوان مامۆستایانی بەشەکانی زمانی کوردی، ئەگەر هەریەکەی پەنجا دۆلار لە مووچەکەی بدات، دەتوانن کۆمەکی فەرهاد پیرباڵ بکەن، چونکە کەم مامۆستا هەیە فەرهاد پیرباڵ بە نووسین و وانەپێگوتن و لە جیاتی وان هەڵوێست وەرگرتن چاکەی بەسەرەوە نەبێت. شتێکی ناسروشتییە تاکوو ئێستا وەزیری خوێندنی باڵا، سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەددین سەردانی ئەم ڕۆشنبیر و ئەکادیمیستەیان نەکردووە. کۆی مامۆستایانی بەشەکانی زمانی کورد هەڵوێستیان نەبووە. فەرهاد پیرباڵ هی هەموومانە، کەواتە هەموومان دەبێ هوشیاریی ئەوەمان هەبێت، بتوانین لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە کۆمەک بەو نووسەر و ئەکادیمیستە بگەیەنین، نەک هێندێک بە حەوجەی سیاسی، هێندێك بە بەهانەی ئایدیۆلۆجی و لە هەمووی ناخۆشتر نەوێران لە ترسی حزب خۆیان لە کەیسی ئەم نووسەرە نەدەن.