چەمکی خوێنەر لای سوکرات
حەمە مەنتك
هەر ئاراستە و فیکرێکی نوێ کە دێتە پێشەوە، لەسەر بنەمای رەخنەکردنی ئاراستەی پێش خۆی دەبێت. لە یۆنانی کۆندا هەمان مێتۆد هەبووە. هەر ئاراستە و فیکرەیەکی نوێ کە هاتووە، لەسەر بنەمای ئەوانەی پێشتر دامەزراوە. بۆ نموونە کاتێک سوکرات دێت، بیرکردنەوەکانی لە ئەنجامی رەخنەکردنی سۆفیستاییەکانەوە دادەڕێژێت. ئەفلاتوونیش وەکو قوتابییەکی سوکرات رەخنەی مامۆستاکەی دەکات، ئەریستۆش وەکو قوتابییەک رەخنەی بۆچوونی ئەفلاتوونی مامۆستای دەکات.
سوکرات ڕەخنە لە بنەماکانی فیکری سۆفیستاییەکان دەگرێت، چونکە بڕوای وابوو بیرکردنەوەی ئەوان لەسەر بنەمای هەڵخەڵەتاندن دامەزراوە و خزمەت بەو حەقیقەتە ناکات کە دەیەوێ خۆی جێگیر بکات، چونکە حەقیقەت شتێکی بێناوەڕۆک و بۆش نییە. سۆفیستاییەکان لە نووسنەکانیاندا فێڵیان لە خەڵک دەکرد، ئەوان لە بارەی شتگەلێکەوە دەیاننووسی کە خۆیان وەها نەدەژیان. واتە قسە و کرداریان یەک نەبوو. سوکرات دێت رێیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی فەلسەفەی سۆفیستاییەکان دەبینێتەوە، ئەویش لەپێناو چەسپاندنی حەقیقەت لە مێشکی خوێنەر و گوێگراندا، ناو لەم ڕێیە دەنێت لەدایکبوون، ((چونکە بڕوای وایە دەروون نەمامگەی حەقیقەتەکانە، وەک چۆن منداڵدانی ژن نەمامگەی منداڵەکەیەتی، ئیشی فەیلەسووف دەرهێنانی ئەو حەقیقەتانەیە لە دەروون.))[ دریدا: ١٩٩٨: ٦٤] ئەم ڕێیەی سوکرات کە بە لەدایکبوون ناسرا، بە دوو قۆناغدا دەڕوات. ئەوانیش: خواوەندەکانتان و لەدایکبوونەوەن. لە قۆناغی یەکەمدا، کە قۆناغی بەرهەمهێنانی نەزانییە (جەهالەت) و دیاردەی کەوتنە ژێر کاریگەری قسەبێژان باوە، سوکرات دێت پرسیار و گومان لە کن ئەوانە دروست دەکات کە بە دوای زانستەوەن. قسەی قسەبێژان (قسە هەڵەکانیان) بە قسەی چاک و ڕاست دەگۆڕێت، بەڵام ئەوان ناتوانن ئەوە پەسەند بکەن و وەرگرن، بۆیەش بەردەوام هەڵگری نەزانین. ئەم ڕێیەی سوکرات هەوڵێکە بۆ پاککردنەوەی عەقڵی خوێنەرەکان لە بیرکردنەوەی ساختەی سۆفیستاییەکان و پەسەندکردنی حەقیقەتی جێگیر. ((ئەو مێتۆدەی سوکرات لە وتار و باسەکانی بەکاریهێناوە بریتییە لە پرسیاری پەیاپەی و لەسەریەک بە دەربڕینێکی پەلاماردەرانە، یان ڕووبەڕووبوونەوەی نەرێنی کە بە دیالکتیک ناوزەد کرا و بە پێشەنگی لۆژیک دەژمێردرێت. سوکرات بە بەکارهێنانی ئەم مێتۆدە، دەیویست لە ڕەوتی مشومڕ و گفتوگۆدا تێڕوانینە بێ بنەماکانی لایەنی بەرانبەر ئاشکرا بکات.)) [ستاتێرن: ٢٠٠٩: ٨] ئەم قۆناغە، واتە پرسیار و گومان دروستکردن لە دڵی خوێنەراندا بەرانبەر قسەی سۆفیستاییەکان، زەمینەسازییە بۆ قۆناغی دووەم کە قۆناغی لەدایکبوونەوەیە. لەم قۆناغەدا خوێنەر پرسیار و ناڕەزایی بەرانبەر ئەوان دەردەبڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی لۆژیکیانە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت و خۆناسین. واتە لەو ڕێیەوە خۆیان دەناسن و تێدەگەن ئەوان تووشی نەزانی بوونە. بۆیەیش لەوێوە دەگەن بەو بۆچوونەی ئەوان خۆیان کەشف کردووە، واتە پاتە لە دایک دەبنەوە.
ئەم مێتۆدەی سوکرات کۆمەکی خوێنەر دەکات کە عەقڵ و بیرکردنەوەی بە شێوەیەکی دروست بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی جێگیر بەکاربهێنێت. هاوکات کۆمەکی خوێنەر دەکات لەوەی هەڵە و بیرکردنەوەکانیان چاک بکەنەوە. ئەو هێزەیش دەداتە خوێنەر کە هێزی خۆدۆزینەوە و خۆکەشفکردنی هەبێت و ئەو حەقیقەتە بناسێت. بۆیەش بەردەوام سوکرات ئەم ڕێیانەی بۆ گەنجەکان ڕوون دەکردەوە، بە شێوەیەکی کردارەکی دایەلۆگی لەگەڵ دەکردن بەبێ ئەوەی پارەیان لێ وەرگرێت، پێچەوانەی سۆفیستاییەکان کە پارەیان وەردەگرت لەو کەسانەی قسەیان بۆ دەکردن. ئەو بە پێچەوانەوە پارەیشی بە خەڵک دەدا بۆ ئەوەی بۆ ناو دیالۆگەکانی خۆی ڕایانکێشێت. ئەو گەنجەکانی لە ڕووی فیکری و ئاکاری و باوەڕییەوە ئاراستە دەکرد. خەڵکیش گوێیان دەگرت و دیالۆگیان لەگەڵ دەکرد، هەوڵیان دەدا لە فەلسەفەی خاکیبوونی تێبگەن. ئەمەیش پێچەوانەی فەیلەسووفانی سەردەمی خۆی بوو، چونکە شوێنێکی تایبەتی بۆ وانەگوتنەوە نەبوو، بەڵکو لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان وانەکانی دەگوتەوە. ئەم مێتۆدەی ئەو وایکرد دەسەڵات چەندین تۆمەتی بخاتە پاڵ. بۆیەش ((سوکرات بە تۆمەتی کوفر و تێکدانی مێشکی لاوان دەستگیر کرا، کەسی سەرەکی پشت ئەم تۆمەتبارکردنانە دیموکراتی بەناوبانگ (ئانتیۆگس) بوو کە دوژمنایەتییەکی لەمێژینە و درێژی لەگەڵ سوکرات هەبوو.)) [ستاتێرن: ٢٠٠٩: ٢١] تۆمەتەکان خۆی لە خراپکردنی ڕەوشتی لاوەکان، دەرچوون لە ئایین و بڵاوکردنەوەی ڕەشبینی بەرانبەر سیاسەتی دەسەڵاتداران دەبینییەوە. بە هۆی ئەم تۆمەتانەوە بەرەو دادگە ڕاپێچیان کرد. شێوازی سوکرات لە دادگەیش هەمان ئەو شێوازە بوو کە فەلسەفەکەی لەڕێیەوە دەگوتەوە، ئەویش دایەلۆگکردن بوو. بەڵام دادگە گاڵتەیان پێدەکرد و بڕیاری کوشتنیان بۆ دەرکرد.
سەرچاوەکان:
١. ستاتێرن (پۆل): ٢٠٠٩: ئاشنابوون بە سوکرات، وەرگێڕانی: ڕێباز مستەفا، گۆڤاری ئایدیا، ژمارە ١٧-١٨.
٢. دریدا (جاک): ١٩٩٨: صیدلیە افلاطون، ترجمە: کاظم جهاد، دار الجنوب للنشر، تونس.