تاقه‌ دیوانه‌كه‌ی ژه‌نه‌راڵی پاییز چاپ ده‌كرێته‌وه‌ و په‌یكه‌رێكیشی بۆ دروستده‌كرێت

 
رووداو - هەولێر 

 

تاقه‌ دیوانه‌كه‌ی شاعیری كۆچكردوو محه‌ممه‌د عومه‌ر عوسمان (ژه‌نه‌راڵی پایز) به‌ناوی "له‌ غوربه‌تا" بۆ جاری چواره‌م و به‌ تیراژی هەزار دانه‌ چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.
 
دیوانی "له‌ غورباتا"ی (ژه‌نه‌راڵی پاییز) له‌لایه‌ن ده‌زگای رۆشنبیریی جه‌مال عیرفانه‌وه‌ چاپی چواره‌می كراوه‌ته‌وه‌ و رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو له‌ چله‌ی ئه‌و شاعیره‌دا به‌ خۆڕایی به‌سه‌ر ئاماده‌بووانی چله‌كه‌یدا دابه‌شكرا.
 
تانیا فازڵ، سه‌رپه‌رشتیاری كۆڕ و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌زگای رۆشنبیریی جه‌مال عیرفان به‌ (ئه‌ده‌ب و كولتووری رووداو)ی راگه‌یاند: "دوای كۆچی دوایی محه‌ممه‌د عومه‌ر عوسمان، له‌سه‌ر ئه‌ركی به‌ڕێز د.ته‌ها ره‌سوڵ ئه‌م كتێبه‌ چاپكرایه‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر دووباره‌ وه‌فا و زیندووبوونه‌وه‌ی رۆحی پایزیی ئه‌م شاعیره‌، جگه‌ له‌وه‌ش زۆر له‌ شیعردۆستان و هاوڕێیانی ئه‌م دیوانه‌یان نه‌بوو". 
 
تانیا فازڵ هه‌روه‌ها گوتی: "بێگومان نه‌ك بۆ چاپی كتێبه‌كه‌، بڕیار وابوو ته‌واوی چله‌كه‌ بخه‌ینه‌ ئه‌ستۆی خۆمان، به‌ڵام خانه‌واده‌كه‌ی به‌ ئه‌ركیان زانی و كاره‌كه‌یان كرده‌ هه‌ماهه‌نگی". تانیا فازڵ ئاشكراشی كرد كه‌ بڕیاره‌ هه‌ر ده‌زگای رۆشنبیریی جه‌مال عیرفان و د.ته‌ها ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ په‌یكه‌رساز چێنه‌ر نزار به‌م زووانه‌ په‌یكه‌رێك بۆ ژه‌نه‌راڵی پایز دروست بكه‌ن.
 
محه‌ممه‌د عومه‌ر عوسمان له‌ ساڵی 1957 له‌ گه‌ڕه‌كی ده‌رگه‌زێنی شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌. خاوه‌نى تاقه‌ دیوانێكى شیعر بوو به‌ناوى "له‌ غوربه‌تا". ئێواره‌ى رۆژى 22/10/2019 له‌ نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ شارى سلێمانى خۆى خنكاند.