رووتی و .. چاكەتە سووفە كۆنبووەكان
ریمە راعی
وەرگێڕانی: سەنگەر زراری
چاوەكانی بە زەحمەت دەكاتەوە، رووی بەرەو پەنجەرەكە دەسووڕێنێ، چاوی لە بەرامبەر ئەو تیشكە توندە ناترووكێنێ كە لەودیو پەردەكەوە دزە دەكاتە ژوورەوە، چەرچەفەكە لەسەرخۆی لادەبا و لە لێواری پێخەفەكە دادەنیشێ.
چاوی دەكەوێتە سەر رەفە بەتاڵەكەی ئەو ژوورەی دەرگاكەی كراوەتەوە. كاتێك بیر لەو جلە سەربازییەی دەكاتەوە كە دوگمەكانی دەدرەوشێنەوە، هەست بە ئازارێك لە سینگیدا دەكات. "بە بینینی، ئەوەی بیركەوتەوە كە چۆن دوێنێ دایكەند و خستییە كۆگاكەوە و وەكو ڕۆژانی تر نەیخستە سەر رەفەكان، ئاخر تازە جلەكانیشی وەكو خۆی خانەنشین بوون".
بەقورسی بەرەو چێشتخانەكە هەنگاو دەنێ، ئاوی كردووەتە ناو ئەو جەزووە مسینەی سێ كووپی قاوە، ئاو دەگرێت و چاوەڕێی كوڵانی ئاوەكە دەكات، هاوكات چاو دەبڕێتە ئەو وێنە كۆنەی ساڵانێكە بە دیواری داڵانەكەدا هەڵواسراوە، پیاوێكی چاوتیژ بە جلوبەرگی سەربازییەوە ڕاوەستاوە، باسكەكانی لەسەر سینگە پانەكەی لێكئاڵاندوون.
جەزووەكە بە دەستێك هەڵدەگرێت و فنجانەكەش بە دەستەكەی دیكە، بەرەو داڵانەكە دەڕوا، لە بەرامبەر وێنەكە ڕادەوەستێ و لێی دەڕوانێ.
"تۆ بڵێی ڕۆژێك لە رۆژان بینین و تەماشایەكی بەم جۆرەی هەبووبێ!".
بیری ناكەوێتەوە، ئەو لەو ڕۆژەوەی كە جلوبەرگە سەربازییەكەی داكەندووە، شتێكی دیكەی داكەندووە كە ناتوانێ دیاریی بكات و نازانێ ناوی بنێ چی؟! بەڵام ئێستا ئەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەو سەدایەیە كە لە هەموو شوێنێك بە دوای هەنگاوەكانییەوەیە، لەو ماڵەی بیست ساڵی تێدا بەسەر بردووە، كەچی ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار هەستی پێدەكات.
پێشتر هەمیشە بەپەلە بوو، قەت دەرفەتی ئەوەی نەبوو بیر لەو ماڵە چۆڵوهۆڵەی بكاتەوە كە هیچ كەلوپەلێكی ناوماڵی تێدا نییە و دەڵێی بوونەوەرێكی برسیی چاوبەقووڵداچووی لاڵە. لەوانەیە ئەگەر ئافرەتێك لەو ماڵەدا هەبا گۆرانی بۆ منداڵەكانی گوتبا، ئەویش فێری پێكەنین و گۆرانی با، وەكو دایكی، كە چۆن زۆر گۆرانی لەبارەی خۆشەویستی و دڵخۆشیی لەبەربوو و بەردەوام دەیگوتنەوە، بەڵام ئەو پێیوابوو هاوسەرگیری تەڵەیەكە و جار لە دوای جار لێی رزگار بووە، چۆڵوهۆڵیی پێ لە دەنگەدەنگ خۆشتر بوو، با ئەو دەنگەدەنگە گۆرانی و پێكەنینیش بێت.
لەناكاو هەستی بە سەرما كرد، بۆ ساتێك هەستی بەوە كرد كە نەخۆشە، "نا، ئەوە نەخۆشی نییە، ئەوە مانگی تشرینی دووەمە، سەرەتای زستانە".
دەگەڕێتەوە ژوورەكەی، رووەو كۆگاكە دەڕوا، واز لە چەكمەجەكەی سەرەوە دێنێ كە چاكەتە سەربازییەكانی ئەوی تێدایە، چەكمەجەكەی خوارەوە دەكاتەوە، دەڕوانێتە ئەو چاكەتانەی بە جوانی دەقكراون، چاوی دەكەوێتە سەر چاكەتە سووفە ڕەنگ شینەكە، ڕەنگی دڵخوازی ئەو، لە چاكەتەكە ڕادەمێنێ و چاوی دەكەوێتە سەر سەرقۆڵەكەی كە بەهۆی مۆرانەوە كونێكی تێبووە، چاكەتەكانی دیكەش دەپشكنێ و كونی هاوشێوەی بەرچاو دەكەوێ، جوێن بە مۆرانە دەدات و چاكەتەكان دەخاتەوە ناو چەكمەجەكە.
كەسێك لە جەڕەس دەدا، "كاتژمێر هەشتە، كاتی هاتنی شیرفرۆشەكەیە، هەر دەبێ ئەو بێ". دەرگاكە دەكاتەوە، شیرفرۆشەكە هەست بە ڕووساردیی ئەو دەكات و ئەمە ناشارێتەوە، بۆیە تەنیا زەردەخەنەیەكی بۆ دەكات، ئەویش شووشەكە بە بێدەنگی وەردەگرێت و بە سەرجووڵاندن وەڵامی زەردەخەنەی شیرفرۆشەكە دەداتەوە.
"ئایا شیرفرۆشەكە كەسێكی بەختەوەر نییە؟! ئایا كاتێك تەمەنی دەگاتە شەستەكان، كەس هەیە پایسكل و شووشەكانی لێ بستێنێ؟".
نەخێر هیچ كەس نییە، بەڵام زۆری وەكو ئەو هەن لە دوای ئەم تەمەنەوە جلوبەرگیان لەبەر دادەكەنرێت. ئەو خۆی چل ساڵ زیاتر بە جۆرێك ئەو جلانەی لەبەر دەكرد، وەكو ئەوەی پێستی بێت و بەلەشییەوە نووسابێ.
دەرگاكە بە كراوەیی جێدێڵێ و لەسەر كورسییە جوڵاوەكە دادەنیشێ، چاوەكانی لێكدەنێ.
"ئەوەی ئەم كورسییەی داهێناوە، باشترین دڵی هەبووە، جووڵە ڕێكەكانی كورسییەكە ئاماژەن بۆ جۆرێك لە ژیان".
هێشتنەوەی دەرگاكە بە كراوەیی، ڕێی بە دەنگە دەنگی شەقامەكە دەدا باوەش بە بێدەنگیی ماڵەكەیدا بكەن، كەمێك ڕەنگی دێتەوەبەر، باران دەبارێت، ئەو ساتەی بارانەكە بەر شۆستە دەكەوێت، دەنگێكی بەسۆزی هەیە، دەنگی پێكەنین لە دەرەوە دێت و ماڵە بێدەنگەكەشی بەشداریی پێكەنینەكە دەكات.
"كەواتە من لاڵ نیم".
منداڵێك لەبەردەم دەرگا كراوەكەدا ڕادەوەستێ. نزیك دەبێتەوە، ئەو پیاوە ڕادەژەنێ كە بەسەر شانیدا نووستووە، چاوەكانی دەكاتەوە، منداڵی دووەم و سێیەم و چوارەم... منداڵانێكی زۆر بە جلوبەرگی باراناوییەوە، لە دەرگاكە دەدەن و پێدەكەنن.
لە نزیك ئاگردانە ساردەكە ئافرەتێكی كوڵمە سوور ڕادەوەستێ، دار دەخاتە ناو ئاگردانەكە، ئاگرێك لە خودی خۆیەوە هەڵدەگیرسێنێ، ئاگرەكە لە ڕوومەتی ئافرەتەكەوە هەڵدەگیرسێ، پاشان ڕۆدەنیشێ بۆ ئەوەی چاكەتێكی سووفی ئەستوور بچنێ.
ماڵەكە چیتر ماڵ نییە، بووەتە مێرگێكی كەسك، منداڵەكان بە دڵخۆشییەوە دوای دەكەون.
دەنگێكی نامۆ هاوار دەكا: گەورەم، هەموو كەلوپەلەكانی دیكەم بۆ ئامادەكردووی، گەورەم... گەورەم!
دەنگەكە لەنێو دەنگی منداڵەكاندا بزر دەبێ كە هێدی هێدی دەنگیان بەرز دەبێتەوە.
ئافرەتە كوڵم سوورەكە بۆی پێدەكەنێ، پرچی بۆ وشك دەكاتەوە، چاكەتێكی سووفی شینی ئەستووری لەبەر دەكات، پاشان بە سینگی خۆیەوە دەنووسێنێ و بە دەنگی ئامێری قیسارە گۆرانی بۆ دەڵێ.
بایەكی بەهێز بنمیچی ژوورەكە هەڵدەكەنێ، باران هێشتا بەلێزمە دەبارێ، بەڵام ئەمجارەیان تووڕەیە و خۆڵی لەگەڵدایە، دەنكە زبرەكانی خۆڵەكە دەچنە چاوی و چاوی ئازار دەدەن.
قۆرتێكی گەورە ئافرەتەكە هەڵدەلووشێ، یەكێك لە منداڵەكان دەیگرێتەوە، منداڵەكانی دیكەش ئەو منداڵە دەگرن كە ئافرەتەكەی گرتووە.
هەست دەكات خەریكە بخنكێ، بە ترس و لەرزەوە چاوی دەكاتەوە، هەوڵ دەدا باسكەكانی بجووڵێنێ، بەڵام ناتوانێ، هەست بەو دەنكە خۆڵانە دەكات كە بەر سندووقە داخراوەكە دەكەون، ئەو سندووقەی ئەوی تێ ئاخنراوە.
پڕ بە دەنگی هاوار دەكا: من هێشتا نەمردووم!
هاوار دەكات و هاوار دەكات و هاوار دەكات.. تا ئەوكاتەی ماندوو دەبێت، ئینجا چاو و لێوەكانی لێكدەنێ و بڕیار دەدا خۆی ڕادەستی ئەوە بكات كە بێگومان مردووە.
ریمە راعی:
- نووسەر و ڕۆژنامەنووسێكی سوورییە.
- دوو كۆمەڵە چیرۆكی بڵاوكردووەتەوە بە ناوەكانی "وأخيرا ابتسم العالم (1999)" و "والقمر لا يكتمل (2006)".
- كۆتایی ساڵی (2017) ڕۆمانێكی بڵاوكردەوە بە ناونیشانی "بائعة الكلمات".
سەرچاوە:
http://al-adab.com