"دوا رۆژەکانی بابلۆ" لە رووداو پەخش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
"دوا رۆژەکانی بابلۆ" ئەو بەرهەمە شانۆییەی لە 2022 دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو و زیاتر لە 44 هەزار بینەری لە هۆڵەکاندا هەبوو، بڕیارە بەبۆنەی سەری ساڵ، بۆ یەکەمجار لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخش بکرێت.
 
ئەم بەرهەمە شانۆییە کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشەکە بوو، لە دەرهێنانی شوان کەریمە و نمایشەکانی بە بلیت بوو، بڕیارە کاژێر 23:00ـی پێنجشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە رووداو پەخش بکرێت و ماوەکەی یەک کاژێر و 40 خولەکە.
 
"دوا رۆژەکانی بابلۆ" ئەمساڵ 55 رۆژ لە سلێمانی نمایشکرا و زیاتر لە 26 هەزار و 400 بینەری هەبوو.
 
35 رۆژ لە هەولێر نمایشکراوە و 15 هەزار و 700 بینەری هەبوو. لە 28ـی تەممووزی 2022 لە کەرکووک نمایشکرا و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام بوو و هەزار و 960 بینەری هەبوو. کۆی ژمارەی بینەرانی 44 هەزار و 60 بینەر بوو و کۆی نمایشەکانی 97 نمایش بوو.
 
"دوا رۆژەکانی بابلۆ" بەرهەمێکی شانۆیی کۆمێدی و میوزیک ئامێزە، لە دەرهێنانی شوان کەریمە، سۆران عوسمان و کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەرینە و لاوک ئەبوبەکر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری بۆ کردووە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشەکە بوو لە هەولێر و کەرکووک.
 
لەم بەرهەمە شانۆییەدا رێشان حەمۆ، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید، هەنار کامەران و ژمارەیەک ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
"دوا رۆژەکانی بابلۆ" باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات. بەیانییەک بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی یەکێک لە کارمەندەکانی لە خەو هەڵدەستێ، ئەمەش دەستپێکی رۆژێکی دەبێت کە سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت. لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە. 
 
شوان کەریم، لە 1991ـەوە لە بواری شانۆدا کاردەکات، لە ساڵی 1994ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لە زانکۆی هانۆڤەر هونەری شانۆی خوێندووە. ئەندامی گرووپە شانۆییەکانی نامۆ، هانۆڤەر 98، ئیمپرۆکۆکن و سکێچ بووە. لە زیاتر لە 50 بەرهەمی شانۆیی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بەشداربووە.
 
هەندێک لە بەرهەمە شانۆییەکانی ئەو شانۆکارە کوردە وەک نووسەر و دەرهێنەر بریتین لە: "کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی"، "شەوی نیشتمانی"، "ساڵی سفر"، "هەمیشە یەکێک جێمان دێڵێت"، "گەر بڕیارە نەمرین" و "سەرەتا زۆر سەرەتا". جگە لەم بەرهەمانەی کە بە کوردین، شەش بەرهەمی دیکەی شانۆیی بە زمانی ئەڵمانی هەیە و نووسەری رۆمانێکیشە.