بەڕێوەبەری رۆشنبیریی سۆران: لە دەڤەرەکە شانۆ و هونەر لە ئاستێکی باشدان

رووداو رادیۆ
 
لە سۆران یەکەمین فی ستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ساز دەکرێت و بەڕێوەبەری رۆشنبیریی ئەو ئیدارە سەربەخۆیە رایدەگەیێنێت، لە دەڤەری ئەوان شانۆ و هونەر لە ئاستێکی باشدان.
 
یوسف عومەر رواندزی، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی سۆران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەمە یەکەمین فیستیڤاڵە کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بێت و لە دەڤەری سۆران ساز بکرێت. ئامانجی سەرەکیمان لەم فیستیڤاڵە ئاشتکردنەوەی خەڵکە لەگەڵ هونەر. هەروەها ئامانجێکی دیکەیشمان ئەوەیە کە پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان هونەرمەندانی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست بکەین."
 
بەڕێوەبەری رۆشنبیریی سۆران گوتی: "دەتوانم بڵێم ئێستا لە سۆران شانۆ و هونەر بە گشتی، هەرچەندە وەک پێویست نین، بەڵام لە ئاستێکی باشدان. دوای سەربەخۆبوونی ئیدارەی سۆرانیش بڕیارمان وایە لە هەموو لایەنە هونەری و رۆشنبیرییەکاندا هاوکار بین."
 
لەم فیستیڤاڵەدا هەشت گرووپ لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان کردووە کە لەم شارانەن: هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کۆیە، سۆران، زاخۆ، دەربەندیخان و پیرەمەگروون. فیستیڤاڵەکە سێ رۆژ دەخایەنێت. 
 
هاوکات دیبەتێک لەسەر شانۆ و سیمینارێک و پێشانگەیەکی فۆتۆگرافییش هەن کە سەر بە فیستیڤاڵەکەن. لە کۆتاییشدا خەڵات بەسەر بەشداربوواندا دابەش دەکرێت.