سەلمان خان کۆنسێرتێک لە سعودیە سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ


زۆربەی ئەکتەرەکانی سینەمای بۆلیوود، گۆرانیبێژ و دەنگخۆشن، بۆیە جگە لە فیلم، گۆرانی دەڵێن و کۆنسێرتیش سازدەکەن، لەوانە سەلمان خان ئەکتەری هیندی کە لە زۆربەی فیلمەکانیدا گۆرانی دەڵێت.

لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی وەرزی ریاز لە ریازی سعودیە، کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لەو وڵاتە لە 10 کانوونی یەکەمی داهاتوو سازدەکات و گوڵبژێرێک لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی پێشکێش دەکات کە لە فیلمەکانیدا پێشکێشیکردوونە.

دوایین فیلمی ئەو ئەکتەرە سینەماییە بەناوی 'Radhe' بوو، جگە لە خان، هەریەک لە دیشا باتانی، راندیپ هودا و جاکی شروڤ رۆڵی تێدا دەگێڕن.

ئەم بەرهەمە سینەماییە کۆپییەکی هیندییە لە فیلمی کۆری 'The Outlaws' کە لە 2017 بڵاوکرایەوە و باس لە ململانێی نێوان گرووپی چەتەکان دەکات و پۆلیسیش لە هەوڵی ئەودایە رێگری لەو ململانێیانە بکات.

سەلمان خان ناوی تەواوی عەبدولڕەشید سەلیم سەلمان خانە، کوڕی سیناریۆنووس سەلیم خانە، لە 27 کانوونی یەکەمی 1965 لە ناوچەی ئیندۆر لە شاری مادیا پرەدیش لە ھیندستان لە ماڵباتێکی بە رەچەڵەک ئەفغانی لەدایکبووە.

یەکەم دەرکەوتنی سەلمان خان لە سینەمادا بۆ ساڵی 1988 لە فیلمی سینەمایی 'Biwi Ho To Aisi' دەگەڕێتەوە، تێدا رۆڵی فیکی بھاندرای گێڕاوە.

لە 2004 لە گۆڤاری بەناوبانگی 'People' لە ڕیزبەندی حەوتەمین سەرنجراکێشترین پیاو لە جیهاندا ناسێندرا.