چۆپی بەرهەمێک پێشکێش بە ژینا ئەمینی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
'سەربەستی' یەکێک لە بەرهەمەکانی هونەرمەند چۆپی و بەر لە چوار ساڵ بڵاوکراوەتەوە، ئەو هونەرمەندە ئەم بەرهەمەی نوێکردووەتەوە و پێشکێش بە ژینا ئەمینی دەکات.
چۆپی، بە رووداوی راگەیاند، بەبۆنەی چلەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ڤیدیۆ کلیپی 'سەربەستی' بڵاوکردەوە و پاڵپشتی خۆی بۆ "راپەڕینە مێژوییەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران" دووپاتکردەوە.
گۆرانی 'سەربەستی' لە ئاوازی بورهان موفتی و لە تێکستی پاوڵ ئێلوارد، شاعیری فەرەنسییە و کەمال میراودەلی کردوویەتی بە کوردی و بە میوزیکێکی نوێ تۆمارکراوەتەوە، پرنس سلومو کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە.
نیما جەلیلیان کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپە کردووە و لە کەناڵی تایبەتی چۆپی فەتاح لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
لە مانگی رابردووەوە، دوای ئەو خۆپێشاندانانەی لە کاردانەوەی گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی سەریان هەڵدا، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد و بیانی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم و پەیامی هاوسۆزی، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندانی کچان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیوە.
خۆپێشاندانەکان دوای گیان لەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی هات، کە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، گیانی لەدەستدا.
چۆپی، لە 1983 لە کەرکووک لە دایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە هەندەران کردووە و لە هۆڵەندا نیشتەجێبوونە.
یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'چیت ناو بنێم' لە 2004 بڵاوکردەوە و لە نۆ تراکی گۆرانی پێکهاتووە، دووەم ئەلبوومی بەناوی 'ناوت دەنێم ژینۆ' لە 2007 بڵاوکردەوە و لە 13 تراکی گۆرانی پێکهاتووە.
ئەو هونەرمەندە ئەلبوومی 'کریستاڵ'، 'شارا' و 'باران' و چەند گۆرانییەکی تاک و ڤیدیۆکلیپپێکی بڵاوکردووەتەوە.