ئەدێل سێیەم ڤیدیۆکلیپی لە ئەلبوومی '30' بڵاودەکاتەوە

27-10-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئەدێل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەدێل، هونەرمەندی بەریتانی، سێیەم ڤیدیۆکلیپی لە ئەلبوومی گۆرانیی '30' بڵاوکردەوە و ڤیدیۆکلیپەکە بەناوی 'I Drink Wine'یە.
 
ئەم بەرهەمە شەوی رابردوو 26 تشرینی دووەمی 2021 لە کەناڵی تایبەتی ئەدێل لە یوتیوب بڵاوکراویەوە و لە ماوەی 17 کاژێردا زیاتر لە دوو ملیۆن بینەری هەبووە.
 
ئەدێل، پێشتر ڤیدیۆکلیپی 'Easy on Me' و 'Oh My God' لە ئەلبوومی '30' بڵاوکردووەتەوە.
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە کە ئێستا لە لاس ڤێگەسی ئەمریکا دەژی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپەکە، رایاگەیاندووە، بۆ ماوەیەک پشوو وەردەگرێت و چالاکی هونەری نابێت و پلانی هەیە بڕوانامە لە ئەدەبی ئینگلیزیدا وەربگرێت.
 
ئەم پشوو وەرگرتنە لە دوای گەشتە هونەرییەکەی ئەدێل لە لاس ڤێگەس لە تشرینی دووەمی داهاتوو دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە جارێک بەر لە 24 کاژێر ئەو گەشتە هونەرییە دواخست و هۆگرانی نیگەران کرد.
 
لە زنجیرە کۆنسێرتەکەدا، ئەدێل گۆرانییەکانی نێو نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی '30' پێشکێش دەکات کە چوارەم ئەلبوومیەتی.
 
ئەلبوومەکە لە 19 تشرینی دووەمی 2022 بڵاوکرایەوە و تەنیا لە بەریتانیا لە ماوەی دوو رۆژدا 261 هەزار کۆپی فرۆشرا.
 
ئەدێل، لە 5 ئایاری 1988 لە بەریتانیا لە دایکبووە، جگە لە گۆرانیگووتن، تێکستی گۆرانی دەنووسێت، لە رێگەی دووەم ئەلبوومی بەناوی '21' ناوبانگییەکی جیهانیی بەدەستهێنا و 18 هەفتە پڕفرۆشترین ئەلبوومی بەریتانیا بوو و بەهۆی ئەو ریکۆردە ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە