بە پێشاندانی فیلمی 'جیران' فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
چالاکییەکانی 13مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ بە درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' و بە پێشاندانی فیلمی 'جیران'ـی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد.
رەوەند جەواد، ئەندامی لە بەشی راگەیاندنی لیژنەی 13مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ، بە رووداوی راگەیاند، بە پێشاندانی فیلمی 'جیران' چالاکییەکانی فێستیڤاڵ دەستیپێکرد کە وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ دەستنیشانکرابوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە خولی ئەمساڵدا، 28 فیلم لە بەشی کورتە فیلم، بەڵگە فیلم، فیلمی بڵند، ئەنیمەیشن بەشدارن و لە دوایین رۆژی فێستیڤاڵ خەڵات دەکرێن.
بیلال بوڵوت، ئەندامی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە، لەبارەی هەڵبژاردنی فیلمی 'جیران' وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو: "فیلمێکە بە زمان کوردییە و بە هونەر کوردییە و لە جوگرافیایەکی کوردی وێنەگیراوە، ئێمە دڵخۆشین بە پێشاندانی فیلمی مانۆ خەلیل لە فێستیڤاڵەکەدا".
درووشمی 13مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ 'ژن، ژیان، ئازادی'یە و ئەمساڵ زیاتر گرنگی بە پرسی ژن لە فێستیڤاڵەکەدا دەدرێت.
لە خولی ئەمساڵدا فیلم لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ فێستیڤاڵ نێردراون و فیلم لە هەر چوار پارچەوە هەڵبژێردراون.
لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵات لە سێ بەشدا پێشکێش دەکرێن، خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی، خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلم و خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵ، ئەمساڵ خەڵاتێکی دیکە بەناوی ئەرهان ئۆرس، سینەماکاری باکووری کوردستان زیادکراوە کە ئەمساڵ لە تورکیا دەستبەسەرکرا و ئێستا لە زیندانە.