جەمشید بۆ (رووداو): حەز دەكەم كۆنسێرتەكەی هۆڵی دۆلبی لە كوردستان دووبارە بكەمەوە

رووداو- هەولێر
 
لەگەڕەكی چوارباخی شاری سنە لەدایكبووە، بەڵام ئامادە نییە ساڵی لەدایكبوونی ئاشكرا بكات. جەمشید یەكێكە لەو هونەرمەندە رۆژهەڵاتییانەی لەنێو فارسەكانیش خۆشەویستە و هەواداری زۆری هەیە، یەكەمین هونەرمەندی كوردە لە هۆڵی دۆلبی لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆنسێرتی ساز كردووە كە ساڵانە رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكاری تێدا بەڕێوەدەچێ. 
 
ئەو هونەرمەندە كە هەفتەی رابردوو بۆ چەند كارێكی هونەری لە شاری هەولێر بوو، (رووداو) ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ كرد.
 
رووداو: رەنگە زۆر كەس نەزانن كە چۆن دەستت بەكاری هونەری كرد؟
 
جەمشید: من لە سنە بۆ خوێندن چوومە تاران، لەوێ بەشی ئەندازیاریی تەلارسازیم خوێند. لە تاران گرووپی میوزیكی سنەییەكان یەكمانگرت و كاری زۆر باشمان كرد. وەكو گرووپی عەندەلیبییەكان و كامكاران و چەند ژەنیارێكی ناوداری دیكە. سەرەتا لە ستایلی سونەتی كارم دەكرد تاوەكو ساڵی 2000، ئیدی لەو ساڵەوە ئێرانم جێهێشت و نەگەڕامەوە. 20 ساڵە لە سنە و رۆژهەڵاتی كوردستان بە جەستە دوورم، بەڵام دڵ و دەروون و رۆحم لەوێن. لە كەنەدا و ئەمریكا ژیانم بەسەر دەبرد، بەڵام چەند ساڵێكە لە پاریس دەژیم.
 
رووداو: یەكەمین ئەلبوومت لە ئێران بوو یان لە ئەمریكا؟
 
جەمشید: یەكەمین ئەلبوومی گۆرانیم لە ئەمریكا بەناوی نەخشی زیبا لە ساڵی 2001 بڵاوكردەوە، ئەو كات دەنگدانەوەیەكی زۆر باشی هەبوو، چونكە بە تەكنیك و ئەدایەكی زۆر نوێ كارمان لەسەر كردبوو، لەنێو تاراوگەنشینان پێشوازییەكی زۆر باشی لێكرا، پاشان ئەلبوومی خۆش ئامەدی و ئەلبوومی ئەڤەلین نیگا و ئەلبوومی سانیهام بڵاوكردەوە، دواتر زیاتر لە 60 گۆرانیم بەشێوازی سینگل بڵاوكردەوە. لە هەر ئەلبوومێكیشدا گۆرانییەك یان دوو گۆرانیم بە كوردی بڵاودەكردەوە، تاوەكو ئێستا خاوەنی هەشت ئەلبوومی گۆرانیم جگە لە گۆرانییە سینگڵەكان.
 
رووداو: بۆچی لە نێو ئەلبوومەكانت تەنیا یەك گۆرانیت بە كوردی بڵاودەكردەوە؟
 
جەمشید: من هەمیشە شانازی بە كوردبوونی خۆمەوە دەكەم، بڵاوكردنەوەی گۆرانیی كوردی لەنێو ئەلبوومەكانمدا بۆ ئەوە بوو كە بە خەڵك بڵێم من كوردم، بەڵام بە زمانێكی دیكە گۆرانی دەڵێم. زۆربەی بینەران و بیسەرانی من فارس بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گۆرانیی كوردیم لە كۆنسێرت و ئاهەنگەكاندا دەگوت و باسم لەوەش دەكرد كە من هونەرمەندێكی كوردم و مێژوو و زمان و فەرهەنگی خۆمم هەیە، من پێموایە گۆرانیبێژ بە زمانەكانی دیكەش گۆرانی بڵێت باشە، بۆیە بە ئەرمەنی و توركیش گۆرانیم گوتووە، بۆ ئەوەی پەیامی هونەرمەندان بە هەموو زمانێك بڵاوبكرێتەوە.
 
رووداو: لە ساڵی 2007 كۆنسێرتێكت لە هەولێر كرد، كاردانەوەیەكی زۆری لە نێو خەڵك بەدواداهات و هەندێك خەڵكیشی تووڕە كرد
 
جەمشید: بەڵێ، من لەگەڵ خۆم چەندین سەماكاری نێودەوڵەتیم هێنابوو كە لەگەڵ گۆرانییەكانم سەمایان دەكرد، بەشێكیش شایی و هەڵپەڕكێی كوردییان دەكرد، مەبەستم بوو بڵێم ئێمە لە كوردستان زۆر كراوەین و جیاوازین لە ناوچەكانی دیكە، چونكە خەڵێكی زۆر بەناوبانگی فارس و وڵاتانی دیكەمان لەگەڵ بوو، منیش حەزم دەكرد ئەو پێشكەوتنەی كوردستان لەڕێگەی كۆنسێرتەكانمانەوە نیشانی جیهان بدەین، بەڵام بەداخەوە هەندێ لە پیاوانی ئاینی بە جۆرێكی دیكە ئەم كارەی ئێمەیان پێناسە كرد. هەڵبەتە ئەو كەسانە لە پەنجەی دەست تێپەڕ نەدەبوون، بەڵام خۆشبەختانە لە میدیاكانی ئێران بە پێشكەوتن و سەركەوتنی كوردستان وەسفكرا.
 
رووداو: چۆن دەڕوانییە رەوشی ئێستای ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان؟
 
جەمشید: بەداخەوە رەوشی ئێران بەگشتی و رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات، بەجۆرێك خەڵك زۆر ماندوو و شەكەت بووە. باری ئابوورییان زۆر لاواز بووە، باوەڕ ناكەم هیچ وڵاتێك بەقەد ئێران رەوشی ئابووریی خراپ بێت، بۆچی وابێت؟ دەكرێت ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەران بژین، جیاوازی لە نێوان چینی هەژار و دەوڵەمەند ئەرز و ئاسمانە، زۆر ناڕەحەت و دڵتەنگم بەو بارودۆخەی رووی لە رۆژهەڵاتی كورستان كردووە. خەڵك هەمووی سەرگەردان بووە، من بیست ساڵە لە ئێران رۆیشتووم، رۆژهەڵاتی كوردستانم جێهشتووە و لەم وڵات بۆ ئەم وڵات دەڕۆم، تاكەی رەوشی ئێران وابێت؟ دەكرێت هەموو خەڵكی ئەو پرسیارە لە دەسەڵاتداران بكەن، تاوەكو كەی ئەم ماڵوێرانی و دەربەدەرییە بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: وەكو یەكەمین هونەرمەندی كورد لە هۆڵی دۆلبی لە لۆس ئەنجلس كۆنسێرت كردووە، ئەمە چۆن ساز بوو؟
 
جەمشید: هۆڵی دۆلبی، یەكێكە لە گرانترین هۆڵەكانی لۆس ئەنجلس كە هەموو ساڵێك رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكاری تێدا بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا سوپەر ستارەكان دەتوانن لەم هۆڵە كۆنسێرت بكەن، بەخۆشحاڵییەوە منیش چانسی ئەوەم هەبوو وەكو یەكەمین هونەرمەندی كورد گۆرانی و میوزیكی كوردی لەم هۆڵە بەناوبانگە بچڕم كە زیاتر لە 70 سەماكار لەگەڵ گۆرانییەكانی من سەمایان دەكرد، لەگەڵ 30 ژەنیاری ناودار كە میوزیكیان بۆ من دەژەنی، هاوكات زیاتر لە 3500 كەس لەم هۆڵەدا ئامادەبوون، یەكێك بوو لە سەركەوتووترین كۆنسێرتەكانی من، هیوادارم بتوانم بەمشێوەیە لە كوردستانیش كۆنسێرتێكی مەزن لە نەورۆز ساز بكەم.
 
رووداو: كۆمەڵێك گۆرانیبێژی گەنج لە كوردستان دەركەوتوون كە گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان بەشێوازی رۆژئاوایی دەڵێنەوە، تا چەند لەگەڵ ئەو شێوازەیت؟
 
جەمشید: بێگومان گەنجی زۆر دەنگخۆش و بەهرەمەندمان هەیە و من گوێ لە زۆربەیان دەگرم، گوتنی گۆرانییە كۆنەكان بەشێوازی نوێ زۆر باشە، بەڵام رەسانەیەتی خۆی لەدەست نەدات، هەوڵبدات بەشێوازی خۆی گۆرانییەكە بڵێتەوە بۆ ئەوەی تام و چێژی جارانی لەدەست نەدات، لەگەڵ ئەوەشدا نوێكاری و نوێگەری پێوەدیار بێت، بەبۆچوونی من ئەمە سوودی بۆ میوزیك و گۆرانی كوردی دەبێت، گەنجی ئێستا دەیەوێت گوێی لە كاری نوێ بێت، ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لە كاری كوردی بگرێت.