ڤێرژنێکی نوێی تۆم و جێری لە ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
تۆم و جێری ئەو زنجیرە ئەنیمەیشنەی هەشتا ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ویلیام هانا و جۆزێپ باربێرا بەرهەرمهێنراوە و چەند دەیەیەکە بووەتە ئیمپراتۆری فیلمە ئەنیمەیشەکانی جیهان، ئێستا بە ڤێرژنێکی نوێوە دەردەکەوێتەوە.
فیلمەکە، بەکارهێنانی ئەکتەری ئاسایی و دیمەنی راستەقینە کە تێکەڵ کراوە بە ئەنیمەیشن و تێیدا تۆم و جێری دەستدەکەنەوە بە کێبڕکێ و ململانێکان لەگەڵ یەکدی.
چیرۆکی ئەم فیلمە لەوکاتەوە دەستپێدەکات، کاتێک کۆل مۆرێتز پلانی ئاهەنگێکی هاوسەرگیی لە هۆتێلێکی نیویۆرک داناوە، ئاهەنگەکە لە فیلمەکەدا بە ئاهەنگی سەدە ناونراوە، کێشەکە لەوەدایە جێری لەو هۆتێلە دەژی. مۆرێتز ناچار دەبێت تۆم بە کرێ بگرێت تاوەکو جێری لە هۆتێلەکە دەربکات، لەوێوە بێنە و بەردەی تۆم و جێری تێکەڵ لەگەڵ ژیانی راستەقینە دەستپێدەکەنەوە.
کۆل مۆرێتز، ئەکتەری فیلمەکە دەڵێت: "وەک دەزانن، ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەیە، من خۆم نەمدەتوانی ئەم لایەنەی کەسایەتیم بەم جۆرە دەربخەم، بەڕاستی حەزم بەم جۆرە کەسیاتیەیە، من خۆشم لەناو ماڵدا بەو جۆرەم و شتەکان تێکەڵ دەکەم و شپرزەم. من لەگەڵ بینینی فیلمی وەک لوسیل بۆڵ و رۆجەر رابیت راهاتبووم، بەڵام ئەم جارەیان ئەم جۆرە کۆمیدیایە کە تێکەڵە لەگەڵ گاڵتەجاڕی، هەمیشە پێمخۆش بوو کاری تێدا بکەم".
یەکێکی دیکە لەو ئەکتەرانە لەم ڤێرژنە نوێیەی تۆم و جێریدا بەشداری دەکات، مایکڵ پێنایە. ئەو لە فیلمەکەدا رۆڵی سەرپەرشتیاری کارەکانی مۆریتز دەبینێت. خۆی دەڵێت بە منداڵیش هەر لەگەڵ تۆم و جێری گەورەبووە، بەڵام هیشتا هەر دوودڵ بووە لەوەی رۆڵ لە فیلمەکە بگێڕێت.
مایکڵ پینا دەڵێت: "کاتێک لە فیلمەکە بەشداریبکەم بۆ من جێی بایەخ بوو و داواکەم پەسندکرد، هیوادارم هەموو شتەکان تێکنەدەین، بەڵام هەندێکجار ئەنیمەیشن هاوکارێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی چارەسەری ئاسانتر لە کێشەکاندا بدۆزرێتەوە".
دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت، ویستم بەم بیرۆکەیە، بەرهەمێک پێشان بدەم کە هەموو نەوە جیاوازەکان بتوانن تەماشای بکەن. فیلمەکە بە جۆرێک بەرهەمهێنراوە، منداڵ و پێگەیشتوو پێکەوە دەتوانن سەیری بکەن.
تۆم و جێریی نوێ، رۆژی هەینی 26ـی شووبات، لە سینەماکانی ئەمریکا و بەشێک لە ماڵپەڕ و ئاپەکانی فیلم بەردەست دەبێت بۆ تەماشاکردن.