کتێبی (ژ مهابادێ تا حەمرینی؛ بیرەوەریێن عبدلباقی بامەرنی) بڵاوکرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کتێبی (ژ مهابادێ تا حەمرینی؛ بیرەوەریێن عبدلباقی بامەرنی) لە رێوەڕەسێکدا لە شاری دهۆک بڵاوکرایەوە. بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، خەباتی عەبدولباقی بامەڕنی و پێشمەرگە هاوشێوەکانی، کوردستانیان پاراستووە. جێگری پارێزگاری دهۆکیش نووسینەوەی یادوەریی ئەو کەسانەی بە پێویست زانی کە ژیانی خۆیان دەکەنە قوربانیی کوردستان.
 
رێوڕەسمەکە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە هۆڵی کۆنفرانسەکان لە دهۆک بەڕێوەچوو و تێیدا بیرەوەرییەکانی عەبدولباقی بامەڕنی لە دووتوێی کتێبێکی زیاتر لە 500 لاپەڕەییدا لەژێرناوی (ژ مهابادێ تا حەمرینی؛ بیرەوەریێن عبدلباقی بامەرنی) بڵاوکرانەوە، کە لەلایەن کاوە عەبدولباقی کوڕیەوە ئامادە کراوە و سەنتەری کۆماتە چاپی کردووە.
 
لە رێوەڕەسمەکەدا ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتارێکی پێشکێش کرد و وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان گوتی، "زۆر جێگەی دڵخۆشییە کە ئەمڕۆ کتێبی خەباتکارێکی شۆڕشی کوردستان دەبینین؛ خوالێخۆشبوو بەڕێز عەبدولباقی بامەڕنی و شۆڕشگێڕەکانی هاوشێوەی، ئازادییان لە بەشێکی کوردستان بۆ ئێمە خوڵقاند."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، خەبات و خوێنی پێشمەرگە، کوردستانی لە نەمان پاراست؛ بە رێزەوە باسی لە خەباتی پێشمەرگە کرد و گوتی، "گوتنێکی بەبایەخی بارزانی نەمر هەیە کە دەڵێت، (کەس ناڵێت فڵان کەس لە ژیانی خۆیدا چی دەخوارد و لە کوێ دەژیا، بەڵام دەڵێن ئەو لە ژیانی خۆیدا چی کرد؟) عەبدولباقی بامەڕنی لە ژیانی خۆیدا خەباتێکی گەورەی کرد، بۆیە هەموومان شانازی پێوە دەکەین و دەڵێین ناو و خەباتیی بە نەمری دەمێنێتەوە."
 
 
ئاکۆ محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی ئەمڕۆ بۆ عەبدولباقی بامەڕنی کراوە پێویستە بۆ هەموو خەباتکارەکانی دیکەش بکرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە خەبات و شۆڕشی کورد و رەنگدانەوەی پێکەوە ژیان تێیدا کرد و گوتی، "خەباتی نەوەتەی کورد خەباتێکی زۆر مرۆڤانە بووە. زۆر نەتەوە لەم ناوچەیەدا ژیاون، بەڵام بەشێکی ئەو نەتەوانە دوای لەنێوچوونی ئیمپراتۆریەتییەکانیان ئەوانیش بە هێرشی ئەوانەی لە دەرەوەی خۆیانەوە هاتوون لەنێوچوون، پاشماوەی هەندێک لەو نەتەوانە تەنیا لە کوردستان و لەژێر پاراستنی نەتەوەی کورددا ماون کە ئەوەش جێگەی شانازییە."
 
ئاکۆ محەممەد گوتیشی، "ئێستا پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و هەر شوێنێک کە کورد تێیدا هێز و دەسەڵاتی هەیە، جێگەی شانازییەکی گەورەیە. شۆڕشی کوردستان شۆڕشی پاراستنی گەلێکە کە خودا دروستی کردووە، واتە شۆڕشی پاراستنی یەکێک لە خوڵقێندراوەکانی خودایە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە مێژوو و خاکی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە کوردستاندا یەکەمین گوند بنیاد نراوە، یەکەمین بریسکەی ئاگر کراوەتەوە و یەکەم چاندنیش بە دەستی مرۆڤ هەر لە خاکی کوردستاندا بووە.
 
ئاکۆ محەممەد گوتی، "پێشمەرگە و شۆڕشگێڕەکانی کوردستان جگە لە پاراستنی کورد و کوردستان، میراتێکی گەورەی شارستانیی مرۆڤایەتییان پاراستووە"؛ گوتیشی، "هەر شۆڕشگێڕێکی کوردستان خاوەن چیرۆکێکی گەورەیە، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ مردنی هەر یەکێکیان بەشێکی مێژوومان بێ تۆمارکردن دەڕوات."
 
هەروەها ئاکۆ محەممەد دەستخۆشی لە هەوڵ و کارەکانی رزگار کێستەیی، بەرپرسی سەنتەری کۆماتە بۆ بەدۆکیومێنتکردنی بەڵگەنامەکانی شۆڕش کرد و گوتی، "کاک رزگار لە رۆژە دژوارەکاندا کادیرێکی سیاسیی کوردستانی بووە؛ زیندانێکی سیاسیی خۆڕاگر و پێشمەرگەیەکی قارەمان بووە، سێ جار لە شەڕ بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستاندا بە سەختی بریندار بووە و لە لێواری شەهیدبوون گەڕاوەتەوە. ئەو ئێستا کارێکی زۆر گرنگ دەکات کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا مێژووی شۆڕشی کوردستان و خەباتکارانی رۆژانی سەخت تۆمار دەکات."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە پشتیوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی سەنتەری کۆماتە کرد و گوتی، "ئەو رۆژەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پڕۆژەکەی کاک رزگاری بینی بۆ سەنتەری کۆماتە، زۆر دڵخۆش بوو کە کاک رزگار وەکو هەموو کاتێک کارێکی گرنگ و ناوازە پێشکێش دەکات و دەیەوێت خزمەتی خەباتکارانی کوردستان بکات."
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا ماجید سەیید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک گوتەیەکی پێشکێش کرد و گوتی، بەدۆکیومێنتکردنی ئەوەی گەلی کورد هەیەتی زۆر گرنگە.
 
ماجید سەید ساڵح رایگەیاند، "نووسینەوەی مێژوو ئەرکی هەمووانە. ئێمەی خەڵکی کوردستان کەرەستەمان هەیە بۆ نووسین؛ ئەوەی پێویستە ئەوەیە بیکەینە دۆکیومێنت، چونکە زۆر تێکۆشەر، خەباتکەر و ناوی گەورەمان هەن. زۆر کەس خۆیان کردوەتە قوربانیی خاک و رێگەی رزگاریی کوردستان، بەڵام بەداخەوە دەرفەتی ئەوە نەبوو مێژوویان بنووسرێت."
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا رزگار کێستەیی، بەرپرسی سەنتەری کۆماتە قسەی کرد و گوتی، پڕۆژەی دامەزراندنی سەنتەرەکەیان لە ساڵی 2010 نووسی و 12 خاڵی لەخۆگرتبوو و لە زۆر دەرگەیان دا، بەڵام کەس دەرگەی لێ نەکردنەوە.
 
رزگار کێستەیی رایگەیاند، دواجار لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021دا ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو "پڕۆژەکەی رادەستی کاک نێچیرڤان بارزانی کرد و بەڕێزیشیان بە خۆشحاڵییەوە پڕۆژەکەی وەرگرت و پشتیوانی کردین. کاک نێچیرڤان تاوەکو ئێستاش پشتیوانی ئێمە دەکات."
 
رزگار کێستەیی گوتی، ئەگەر بەڕێوەبەری گشتیی رووداو نەبوایە، پڕۆژەکەی ئەوان نەدەگەیشتە لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و "پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانیش نەبوایە، ئەم سەنتەرە نەدەبوو."
 
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا کاوە عەبدولباقی، نووسەری کتێبەکە رایگەیاند، ساڵی 1985 دەستی بە هەوڵێک کرد بۆ نووسینەوەی یادوەرییەکانی باوکی و ژمارەیەکی زۆر تۆمار و وێنەی کۆکردەوە، بەڵام هەوڵە راستەقینەکە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە چوونە کەمپی مێردین و "چەند کەسێک کاریان زۆر ئاسان کرد، ئەوانیش رێڤینگ هرووری، عەزیز ماڵتایی و خالید توڤی بوون کە چوار رۆژ هاتنە ماڵمان لە 9-6-1990 و چوار رۆژ لەسەر یەک مانەوە. ئەوان 6 کاسێت و نیو دەنگی باوکمیان تۆمارکرد. ئێستا ئەو دەنگەم کردووەتە نووسین."
 
کاوە عەبدولباقی گوتیشی، سوودی لە کاسێتێکی ڤیدیۆیی و قسەکردنیش لەگەڵ ئەندامانی گەورەتر لە خۆی لە بنەماڵەکەی و ژمارەیەک لە پێشمەرگەی هاوڕێی باوکی وەرگرتووە بۆ تەواوکردنی کتێبەکە.
 
کاوە عەبدولقادر دەڵێت، کارەکەی تەواو کرد، بەڵام کەس نەبوو پشتیوانی بکات کتێبەکە بڵاوبکاتەوە تاوەکو رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 14ی پارتی لە 3-11-2022 کە سەنتەری کۆماتە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرد وەک پێشمەرگەیەکی گوڵان و لەو کاتەیشدا "پرسیار لەبارەی بیرەوەری باوکم لێکرا و کاتێك گوتم کە کارێکی وەهام کردووە و دەمەوێت کتێبێک بڵاوبکەمەوە، یەکسەر پشتیوانیی خۆیان بۆ راگەیاندم بۆ چاپکردنی کتێبەکە."
 
عەبدولباقی بامەڕنی لە ساڵی 1900 لەدایکبوو و ساڵی 1996 کۆچی دواییکرد. ئەو پێشمەرگەیەی کوردستان لە شۆڕشەکانی 1931 و 1943ـی بارزاندا بەشداری کرد؛ هەروەها لە کۆماری کوردستان لە شاری مھاباد پێشمەرگە بوو.
 
عەبدولباقی بامەڕنی لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵانیش بەشداربوو و لە سێ پارچەی کوردستاندا خەباتی کرد.