لە سلێمانی بە شەوە ئاهەنگێکی رێزلێنان بەخێرهاتنەوەی ئەیوب عەلی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ئەیوب عەلی ماوەیەکە بە سەردان گەڕاوەتەوە کوردستان و چەند چالاکییەکی هونەری ئەنجامداوە و شەوە ئاهەنگێکی بۆ لە سلێمانی بۆ سازدەکرێت.
ئەیوب عەلی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانی لە کوردستان، شەوی هەینی 23ـی کانوونی یەکەمی 2022 شەوە ئاهەنگێکی رێزلێنانی لە سلێمانی بۆ رێکخراوە و رێکخەرانی دەیانەوێت بەو چالاکییە بەخێرهاتنەوەی بۆ شارەکەی خۆی بکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی کە حەوت ژەنیاری هەیە و لە هەولێرەوە هاتوون، شەوە ئاهەنگەکە سازدەکات و گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کۆن و نوێیەکانی پێشکێش دەکات.
ئەیوب عەلی لە بەریتانیا دەژی و لەم سەردانەیدا بۆ باشووری کوردستان، کۆنسێرتێک و چەند شەوە ئاهەنگێکی هەبووە، بەتایبەتیش لە هەولێر.
ئەو هونەرمەندە کوردە بڕیاربوو کۆنسێرتەک لە 22 تشرینی دووەمی 2022 سازبکات، بەڵام
بەهۆی رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی لە 17ـی تشرینی دووەمی 2022، لەگەڵ رێکخەرانی کۆنسێرتەکە، بڕیاری دواخستنیاندا و لە 29 هەمان مانگ سازکرا.
هونەرمەند ئەیوب عەلی ماوەیەکە بە سەردانێک لە باشووری کوردستانە بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی هونەری و لە 13 تشرینی یەکەمی 2022، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ سازکرد و خەڵاتی رێزلێنانی پەیمانگەی پێبەخشرا.
هەر لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنیدا ئەیوب عەلی 600 کۆپی لە ئەلبوومی 'پەیکەر'ـی بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرد کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری بەرهەمەکەیە.
ئەلبوومی 'پەیکەر' ئەم گۆرانیانە لەخۆدەگرێت: 'لێ لێ'، 'هیوا'، 'خەیاڵ'، 'بەڵێنم شکاند'، 'لێم مەپرسە'، 'کۆڵبەر'، 'بۆ دایکم'، 'نامەکانت'، 'رەنگ'، 'پەیکەر'، 'زاڵم' و 'بەیانیت باش'.
ئاوازی گۆرانییەکان لەلایەن ئەیوب عەلییەوە دانراون، هەروەها تێکستی بۆ گۆرانییەکان نووسیوە، تێکستی دوو گۆرانی لەلایەن شاعیر رەنج سەنگاوی نووسراون، تێکستێکیش لە نووسینی شاعیر جەبار حەبیبە.
ئەیوب عەلی لە 1973 لە سەنگاو لە دایکبووە، لە 1998 بڕواننامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە قۆناغی زانکۆدا چالاکییەکانی لەبواری میوزیک و گۆرانی دەستپێکردووە، لە ساڵانی 1995- 1998 لە رادیۆ کوردییەکان گۆرانی تۆمارکردووە، لە 1999 کوردستانی جێھێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێبووە.
هونەرمەند خاوەنی حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، 'دڵم مەشکێنە' لە 2003، 'خەمێکی بێ کۆتایی' لە 2004، 'ماڵئاوایی' لە 2006، 'مۆم' لە 2009، 'ئەلبوومێکی بێ ناونیشان' لە 2011، 'بێ سنوور' لە 2014 و 'پەیکەر' لە 2021.
جگە لە ئەلبووم چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'کوردم' لە 2015، 'تریفەی پێکەنین' لە 2015، 'بەڵێ عاشقم' لە 2019 کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا و 'نامەکانت' لە 2020، نوێترین بەرهەمیشی، ڤیدیۆکلیپێکە بەناوی 'چۆڵەکە' کە لە 20ـی ئابی 2022 بڵاوکرایەوە.
دوایین بەرهەمی ئەو هونەرمەندە بە زاراوەی کرمانجی سەرووە و بەناوی 'ئیشقەکا بێ دوماهی'یە، لە تێکستی ئەدیب چەلکی و ئاوازی گۆرانیبێژ خۆیەتی و ڤیدیۆکلیپەکەی لە دەرهێنانی محەممەد بازە و لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2022 بڵاوکرایەوە.