تەکین گرگین دەرهێنەرێکی کوردە لە هۆلیوود و فیلمێک لەبارەی پێشمەرگە بەرهەم دەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
تەکین گرگین، نووسەر و دەهێنەری باکووری کوردستانە و لە هۆلیوود کاری فیلمسازی دەکات، بڕیارە فیلمێک لەبارەی قارەمانییەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش لە باشووری کوردستان بەرهەمبێنێت.
تەکین گرگین، سەردانی هەولێری کرد و بە رووداوی راگەیاند، بەر لە 20 ساڵ سەردانی کوردستانی کردووە و گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەبینێت و دڵخۆشی خۆی پێشاندا کە سەردانی کوردستانی کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەک فیلمسازێک دەیەوێت خزمەتی میللەتەکەی بکات و فیلمێک لەبارەی قارەمانیەتی پێشمەرگە لە شەڕی داعش بەرهەمبێنێت، بۆ ئەوەی خەڵکی بیانی ببینن پێشمەرگە چۆن رووبەڕووی داعش بووەتەوە و سیناریۆکەی ئامادەکردووە. گوتیشی، لە کوردستان لۆکەیشنی جوان بۆ وێنەگرتنی فیلم هەیە.
روونیشیکردەوە، لەدوای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا، سیناریۆی فیلمە نوێیەکەی پێشکێش بە تۆڕی نێتفلێکس دەکات و پێشنیاز دەکات فیلمەکەی بەرهەمبێنێت.
گرگین، گوتیشی، پڕۆژەیەکی لەگەڵ نێتفلێکس هەیە، بەڵام ئەو دەیەوێت بەرهەمی کوردی بۆ ئەو تۆڕە دروستبکات.
تەکین گرگین، خەڵکی ئاگری باکووری کوردستانە و لە ئەمریکا لە بواری سینەما خوێندوویەتی، یەکەم فیلمی بڵندی بەناوی 'Troy The Odyssey'ـە لە 2013 لە تایلەند وێنەگرتووە، بەرهەمەکانی لە نێتفلێکس، ئای تیونز و ئەمازۆندا بڵاوکراونەتەوە.
نووسەر و دەرهێنەری فیلمی تەلەڤزیۆنیی 'MUZO' بووە و لە 2018 لە نێتفلێکس بڵاوکراوەتەوە، براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و سیناریۆیە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سانتا باربارا لە ئەمریکا.
بەهۆی حەزی بۆ سینەما، لە تەمەنی نەوجوانی و گەنجیدا چووەتە ئیستەنبووڵ و وەک کۆمبارس لە فیلمەکاندا بەشداربووە.