بە دیزاینەکانی ئیڤ سان لۆران هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

بە دیزاینەکانی براندی ئیڤ سان لۆران، هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس تایبەت بە جلوبەرگی پیاوان لە پاریس دەستیپێکرد.
 
هەفتە نمایشەکە رۆژی سێشەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2023 بە جلوبەرگی شیکی ئەو براندە جیهانییە دەستیپێکرد و نوێترین دیزاینەکانی بۆ پیاوان لە وەرزی زستان خستەڕوو.
 
چارلۆت گەینسبۆرگ، ئەکتەر و گۆرانیبێژی فەرەنسی لە نمایشەکە ئامادەبوو و چەند پارچە میوزیکێکی بە ئامێری پیانۆ ژەنی.
 
تەواوی دیزاینەکان بە رەنگی رەش ئامادەکرابوون و لە بەشێکیاندا کراسی سپی لەگەڵ پانتۆڵی رەشدا بەکارهاتبوون.
 
چالاکییەکانی هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس تایبەت بە دیزانی جلوبەرگی پیاوان لە زستاندا، لە 17 ئەم مانگە دەستیپێکرد و تاوەکو 22 مانگ لە پاریسی فەرەنسا بەردەوام دەبێت، تێیدا بەناوبانگترین براند و دیزاینەرانی جیهان دیزاینەکانیان پێشکێش دەکەن.
 
ئیڤ سان لۆران، دیزاینەرێکی فەرەنسییە و لە 1ـی ئابی 1936 لە دایکبووە و لە 2008 کۆچی دواییکردووە، براندەکەی لە بواری فاشن بەناوی خۆی کردووە، لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە پێشبڕکێیەکی دیزاینی جلوبەرگ براوە بووە، سێ ساڵ دوای ئەوە و لە دوای کۆچی دوایی خاوەنی براندی براندی دیۆر، وەک سەرۆکی خانەی دیۆر دەستنیشانکرا.