دیار دێرسیم 'مژ و دوومان' بە میوزیکێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دیار دێرسیم، هونەرمەندی باکووری کوردستان، گۆرانی 'مژ و دوومان' بە میوزیکێکی نوێ دووبارە دەکاتەوە و بۆ هۆگرانی بڵاوی دەکاتەوە.


گۆرانی 'مژ و دوومان' لە تێکستی فەقیێ تەیران، شاعیری ناسراوی کوردە و لە ئاوازی خەلیل غەمگین، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستانە و لەم بەرهەمەدا دیار دێرسیم جگە لە ئامێری ساز، چەند ئامێرێکی دیکەی ژەنیوە.

ئازاد بەکر لەم بەرهەمەدا ئامێری پیانۆ دەژەنێت و کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆی کردووە و مەزولم رەوشان کاری میکس و ماسترینگی بۆ ئەنجامداوە.

ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە دەرهێنانی ئێبرو دێرسیمە و لە کەناڵی تایبەتی هونەرمەند دیار دێرسم بڵاوکراوەتەوە.

دیار دێرسیم لە 1966 لە گوندی هێوەدانا سەر بە شاری دێرسیمی باکووری کوردستان لەدایکبووە و خاوەنی 11 ئەلبوومی گۆرانی و چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپە.

جگە لە گۆرانی ئەڤینداری، چەندین بەرهەمی سیاسی نەتەوەیی و سیاسیشی هەیە، لە 2021 بەرهەمێکی بەناوی 'کورمۆ' بڵاوکردەوە کە لەبارەی یەکڕیزی کوردان بوو.

گۆرانییەکە لە تێکست و ئاوازی دیار دێرسیمە، مەزڵوم رەوشان کاری میوزیکی بۆ کردووە و عینایەت کۆرناسان کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکەی کردووە و لە کەناڵی تایبەتی دیار دێرسیم لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.

بەشێکی دیمەنی ئەم بەرهەمە بەشێوەی ئەنیمەیشن بەرهەمهاتووە و گوزارشت لە ناوەڕۆکی بەرهەمەکە دەکات، تێیدا داوای یەکڕیزی کورد و هێزە سیاسییەکان دەکات.