22 Photos
رووداو دیجیتاڵ
جۆنی دیپ، ئەستێرەی نێوداری هۆڵیوود سەبارەت بە "گەڕانەوەی" هەروەها فەرامۆشکردنی لەلایەن هۆڵیوودەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی قسەی کرد، دەشڵێ "ئەوەی لەبارەی ژیانمەوە دەیزانن، هەمووی چیرۆکێکی خەیاڵییە کە بە خراپی نووسراوە".
جۆنی دیپی تەمەن 59 ساڵ لە 76ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان رۆژی چوارشەممە قسەی کرد و گوتی لەدوای کەیسی دادگاییکردنەکەی لە کاتی جیابوونەوەی لە هاوژینی پێشوویەوە، هەستی کردووە لەلایەن هۆڵیوودەوە بایکۆتکراوە.
جۆنی دیپ کە 15 خولەک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دواکەوت، باسی لەوە کرد "کاتێک داوات لێدەکەن دەستلەکار بکێشییەوە لە فیلمێکدا بەهۆی چەند پیتێکی بزوێن و نەبزوێنەوە کە بە هەواوە دێن و دەچن، بەدڵنیاییەوە هەست دەکەی بایکۆت کراوی".
لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئەستێرە بەنێوبانگەکەی هۆڵیوود باسی لەوە کرد "ئێستا، هەست ناکەم بایکۆتکراوم، بەڵام ئەوە لەبەرئەوەیە من بیری لێناکەمەوە، من بیر لە هۆڵیوود ناکەمەوە، چونکە من پێویستی زیاترم بە هۆڵیوود نییە".
گوتەکانی جۆنی دیپ دوای ساڵێک دێن لە کەیسی دادگاییکردنی ئامبەر هێردی هاوژینی پێشووی، لەسەر سکاڵای جۆنی دیپەوە بە تۆمەتی ناوزڕاندن، کە لەئەنجامدا کەیسەکەی بردەوە.
لەبارەی ئەو مانشێتانەی کە بەگەورەیی باسیان لە "گەڕانەوە"ـی جۆنی دیپ دەکرد، جۆنی دیپ دەڵێ "هەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە، کە لەراستیدا من بۆ هیچ شوێنێک نەچووم تاوەکو بگەڕێمەوە".
هەروەها جەختی کردەوە لەوەی ئەوەی لەبارەی ئەو و ژیانییەوە بڵاودەکرێتەوە "زۆربەی هەرە زۆری، وەک چیرۆکێکی خەیاڵییە کە زۆر بە خراپی نووسراوە".
چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 لە شاری کان ـی فەرەنسا دەستیپێکرد، تاوەکو 27ـی ئایار بەردەوام دەبن.
فێستیڤاڵەکە ئەمساڵ بە فیلمی ژان دیو باری، لە دەرهێنانی ماوین دەرهێنەری فەرەنسی دەستیپێکرد کە جۆنی دیپ رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕێت.
|