د. محەممەد کەمال: ئەو مارکسە لە کتێبەکانی خۆیدا نابینی کە رێکخراوە چەپەکان باسی دەکەن

 
 
رووداو - هەولێر

د.محەممەد کەمال لە بواری فەلسەفەدا ناوێکی ئاشنایە، دەیان تێکستی بنچینەیی نووسیوە و وەرگێڕاوە، دوایین بەرهەمی نووسینی کتێبی "مارکس وەک فەیلەسووف"ـە. وەک ئەوەی کە لە ناوەکەیەوە دیارە باسی ئایدیۆلۆجیای چەپ و مارکسیزم ناکات، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕزگارکردنی فەلسەفەی مارکس لەدەست مارکسیزم و چەپ کە بە درێژایی ئەدەبیاتی چەپ لەم ناوچەیە تێگەیشتنێکی فەلسەفیانەمان لەبارەی مارکس نەبینیوە، یان مارکسیان وەک فەیلەسووف بە ئێمە نەناساندووە، کاری یەکەمی ئەم کتێبە خۆجیاکردنەوەیە لەو ئەدەبیاتە. ئەم گفتوگۆیەی دەیخوێننەوە لەبارەی ئەم بەرهەمەیە، نووسەر مارکس وەک فەیلەسووفێکی میتافیزیکی دەناسێنێ! ئێمەش چەندین پرسیارمان لەوبارەیەوە کردووە و چەمکە گرنگەکانی مارکسمان لەگەڵ خستووەتەر بەرباس. 
 
 
 
هەرێم عوسمان: ئێوە لە ماوەی رابردوودا کتێبی "مارکس وەک فەیلەسووف"تان بڵاوکردەوە. مارکس لای تۆ کێیە؟ 
 
 د.محەممەد کەمال: مارکس فەیلەسووفێکی گەورەیە، هەوڵیداوە بۆچوون و بیرکردنەوەی فەلسەفیی خۆی هەبێت و گۆڕانکاریشی لە بیرکردنەوەی فەلسەفیدا هێناوەتە ئاراوە. مارکس توانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە جۆرێکی دیکە راڤە بکات، تەنانەت هەندێک کۆمەڵگاش بگۆڕێت. وەکو بینیمان نیوەی جیهان لە سەردەمێکدا بە جیهانی سۆشیالیست دەناسرا کە پەیڕەوی فەلسەفەی مارکس بوون.
 
هەرێم عوسمان: چۆن بوو لەبارەی مارکسەوە نووسیتان؟
 
د.محەممەد کەمال: بیرۆکەی ئەم کتێبە دەمێکە لای من وەک پرۆژەیەکی فەلسەفیی تێگەیشتنی خۆم بۆ مارکس هەیە. ئەوکاتەی لە سلێمانی بووم، پێش ساڵی 1979 بە کەسێکی وجودی دەناسرام، مارکسییەکانی شار دژایەتییان دەکردم. ئەوان بە ڕادەیەک منیان لە مارکس تۆراند، بەڵام من دەمویست مارکس وەک فەیلەسووف بناسم، چونکە فەیلەسووفە، نەک نوێنەری حیزبێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجیا. کاتێک فەلسەفەی مارکس بوو بە ئایدیۆلۆجیا و راڤەی جیاوازی بۆ کرا، مارکس خۆی لە ژیاندا نەمابوو. ئەو هەوڵی دەدا فەلسەفییانە لە واتای ژیان و بوون تێبگات. 
 
ئەم پرۆژەیەم دواخست، هەوڵمدەدا بزانم چۆن فینۆمینۆلۆجییانە و بوونگەرایانە لە مارکس و ئەو کۆمەڵگایەی ئەو دەیەوێت بێتەئاراوە تێبگەم. بزانم چۆن لە مرۆڤ وەک ئەندامی چینێکی کۆمەڵ، کە کاردەکات و بوونی خۆی و مێژوو دروستدەکات، تێبگەم. ئەگەر لە تێگەیشتنێکی هیگڵییانەوە بڕوانینە مارکس ئەوا دەبینین لای هەردووکیان مرۆڤ دەبێت بەردەوام کار بکات، چونکە جەوهەری مرۆڤ لە کارکردندا دەردەکەوێت یان دروستدەبێت. ئەوەبوو دوو ساڵ بەر لە ئێستا بڕیارمدا بگەڕێمەوە سەر مارکس و هەوڵبدەم لە ڕوانگەی فەلسەفیی خۆمەوە مارکس بناسم. سەرەتا هەوڵمدا بزانم مارکس چۆن خۆی بۆ من دەردەخات. ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن مارکس دەخوێنمەوە. من بێئەوەی خۆم بە بۆچوونەکانی لینین و ترۆتسکی و بیریارانی دیکە لەسەر مارکس ببەستمەوە، دەستم دایە خوێندنەوەی نووسراوەکانی. پاش ئەم خوێندنەوەیە مارکسێکی جیاوازم ناسی، ئەو مارکسەم نەبینی کە رێکخراوە چەپەکان باسیان دەکرد یان مارکسییەکانی سۆڤیەت و چین ڕاڤەیان بۆ دەکرد. مارکسێکی مرۆڤدۆستم بینی، مرۆڤدۆست نەک بەو شێوەیەی لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا باس دەکرێت؛ بەڵکو مرۆڤدۆست بەو مانایەی مارکس دەیەوێت مرۆڤ لە برسێتی و نەبوونی و چەوساندنەوە ئازاد بکات. لەوێوە هەوڵمدا ئەو کاتیگۆرییانەی باسیان دەکات، وەک: نامۆبوون، پێویستی، کارکردن و هتد لە ڕوانگەیەکی بوونگەراییەوە تەماشایان بکەم. ئەو مرۆڤەی مارکس باسی دەکات، کە لەنێو جیهاندا دەردەکەوێت و هەوڵدەدات بوونی خۆی تەواو بکات، زۆر لەو مرۆڤە دەچێت کە بوونگەراکان باسی دەکەن، لەبەرئەوەیە کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە، هەستدەکەیت ئەمە راڤەیەکی بوونگەراییە بۆ مارکس، بەڵام لەڕاستیدا وانییە، بەڵکو ئەوە خۆدەرخستنی مارکسە بەو جۆرە.
 
هەرێم عوسمان: کاتێک کتێبەکەم خوێندەوە، مارکسێکی بوونگەرام بینی و ئەمەشم وەک ڕەخنەیەک لە بەرهەمەکەت دەستنیشان کرد، چونکە ئەو ڕاڤە جیاوازانەی بۆ مارکس [لینین، ترۆتسکی] کراوەو ئێوە ڕەتیدەکەنەوە، ڕاڤەی جیاوازی ئەوانە. بەڵام دەڵێن فینۆمینۆلۆجییانە مارکس بوونگەرایە، نەک ڕاڤەی جیاوازی ئێوەبێت بۆی. ئایا ئەمە کێشە نییە کە مارکس بوونگەرا بێت؟
 
د.محەممەد کەمال: دیارە من وای دەبینم، تۆش ئازادیت چۆن دەیبینی. بەڵام ئەمە دەکەوێتە سەر ئەوەی ئەگەر تۆ لەگەڵ راڤەکردنەکەی من هاوڕا نەبیت، پێویستە رەخنەگرانە بیسەلمێنی کە راڤەکردنەکەی من نادروستە. لێرەشەوە گەشەکردن و بیرکردنەوەی فەلسەفی دروستدەبێت، پێشدەکەوێت و ئێمەش چاکتر لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی مارکس تێدەگەین. لەبەرئەمە پێمخۆشە ڕەخنە لە بۆچوونەکانم بگیرێت و دەربخرێت چۆن راڤەکردنی من بۆ مارکس نادروستە. کاتێک تۆ دەڵێیت مارکس بوونگەرا کراوەتەوە، منیش دەڵێم چ کێشەیەک هەیە ئەگەر مارکس خۆی وا نیشانبدات؟ 
 
هەرێم عوسمان: باشە بۆچی بۆچوونەکانی لینین و ترۆتسکی نادروستن؟
 
د.محەممەد کەمال: ناڵێم نادروستن، دەڵێم ئەوان لە روانگەیەکی حیزبییەوە سەیری مارکسیان کردووە. هەندێک کاتیگۆری مارکسیان راڤەکردووە کە مارکس خۆی وای نەخستووەتەڕوو. بۆ نموونە مارکس لە هیچ شوێنێکدا چەمکی "ماتریالیزمی دیالێکتیکی" بەکارنەهێناوە، بەڵام زانایانی سۆڤیەت لە لینینەوە بەکاریدەهێنن.  یاخود زانایانی سۆڤیەت بە گشتی لەو باوەڕەدان کە هۆکارە ئابووری و مادییەکان لەنێو مێژوودا دەبنە گالیسکە بۆ گۆڕانی مێژوو. راستە مارکس دەڵێت، هۆکاری ئابووری پێویست و یاریدەدەرە، بەڵام نەک بڵێ بۆ گۆڕانی مێژوو بنەما و بنەڕەتی هەموو شتێکە. ئەگەر مارکس بڵێ هۆکاری ئابووری بە شێوەیەکی میکانیکی مێژوو دەگۆڕێت، ئاوا ئەوکات پێویستیمان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و چینایەتی نابێت، چونکە ئەو شۆڕشانە لە ئەکامی خۆ-ئاگایی مرۆڤ دروستدەبن؛ کاتێک مرۆڤ هەست بە بوونی داگیرکراویی خۆی دەکات، شۆڕش دەکات. ئەم شۆڕشکردنە کە هۆکاری ئابووری یاریدەدەرێتی، گۆڕانی مێژوو بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەمە بۆچوونی مارکسە کە بۆچوونێکی بوونگەرایانە نییە، بەڵام لەگەڵ بۆچوونەکانی لینین، ترۆتسکی و ماوتسیتۆنگ و زاناکانی سۆڤیەت کە خۆیان بە مارکسی دادەنا ناکۆکە، ئەوان جەختیان لەسەر ژێرخانی ئابووری دەکردەوە، مارکس دەڵێ ژێرخان و سەرخان هەردووکیان پێکەوە دیالێکتیکیانە گرنگن و نابێت لە یەکتر جیابکرێنەوە. ئەمە تێگەیشتنی منە بۆ مارکس. 
 
هەرێم عوسمان: فەلسەفەی مارکس بۆچی میتافیزیکە؟ میتافیزیکێکی مرۆڤدۆست. 
 
د.محەممەد کەمال: ئەم پرسیارە زۆر جوان و گرنگە. ئێمە بە درێژایی مێژوو وا تێگەیشتووین کە میتافیزیک باوەڕهێنانە بە هێزێکی ناماتەری لەسەرووی بوونی ماتەرەوە. بۆ نموونە ئەگەر زمانێکی دینی بەکاربهێنم، دەڵێم میتافیزیک، واتە بوونی خوا لەسەرووی جیهانی ماتەرییەوە، ئەو هێزە گیانەکییە کە خوایە و هۆکارە بۆ پەیدابوونی جیهان. ئەمە بیرکردنەوەیەکی میتافیزیکییە و دروستیشە، چونکە لە ئەفلاتونەوە ئەم بۆچوونە میتافیزیکییە دروستبووە. بەڵام بۆ هایدیگەر ئەمە تەنیا بۆ پێناساندنی میتافیزیک بەس نییە. میتافیزیک ئەو هەڵوێستە فەلسەفییەیە کە هەبوویەک دەکات بە بنەما و بنەڕەتی هەموو شتەکان، جا گرنگ نییە ئەو هەبووە خوا یان شتێکی تر بێت. بۆ نموونە ئەگەر تۆ بڵێی ماتەر بنەڕەتی هەموو شتێکە نەک بوون بە گشتی، تۆ ئاماژە بۆ جۆرێک لە شێوازی بوون دەکەیت کە ماتەرە، ئەگەر بڵێم خوا بنەڕەتی هەموو شتێکە، ئاماژە بۆ جۆرێک لە شێوازی بوون دەکەم کە خوایە و هەبوویەکە. ئەمە پێناسەی هایدیگەرە بۆ میتافیزیک. لەنێو ئەم تێگەیشتنەوە مارکسیش دەبێت بە بیریارێکی میتافیزیک، چونکە بە بۆچوونی هایدیگەر مارکس بیر لە بوون ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە هەبوویەک کە ماتەرە دەکاتەوە و بە بنەڕتی هەبووەکانی دادەنێ.
 
هەرێم عوسمان: ئەم تێگەیشتنە لە میتافیزیک پەیوەندی بە جەوهەرەوە هەیە؟ جەوهەر لای مارکس چییە؟
 
د.محەممەد کەمال: مارکس لە زۆر شوێندا وشەی جەوهەر بەکاردەهێنێ، بەڵام باوەڕی بە جەوهەر وەک ئەریستۆ و دیکارت نییە. ئەو باوەڕی بە هێزێکی ئافەریدکەر نییە. کەواتە مرۆڤ جەوهەرێکی لەپێشتری نییە. مرۆڤ لە ڕێگەی کارکردنەوە جەوهەری خۆی دروستدەکات. ئەو مرۆڤەی کارنەکات ناتوانێ جەوهەر بۆ خۆی دروستبکات. کارکردنیش واتە داهێنانی جیهان. مارکس باسی سروشت ناکات، سروشت شاخ، دار، بەرد، ئاسمان و ئەستێرەکانە، ئێمە ئەم سروشتەمان دانەهێناوە و لەنێویدا پەیدابووین. بەڵام ئەم جیهانەی ئێستا من و تۆ لەنێویداین و لە قاوەخانەیەکدا دانیشتووین، مرۆڤ دروستیکردووە. ئەم جیهانە لە ڕێگەی کارکردنی مرۆڤەوە داهاتووە. کارکردنیش دوو پرۆسەی پێکەوە بەستراون. یەکەمجار مرۆڤ بیردەکاتەوە، دواتر هەوڵدەدات بە کردەوە ئەو فۆرمەی لەنێو بیرکردنەوەیدایە لە دەرەوەی بیرکردنەوە دروستی بکات. بۆ نموونە من بیردەکەمەوە خانوویەک دروستبکەم، نەخشەی خانووەکە دادەنێم و دواتر بە کردەوە فۆرمی خانووەکە لە دەرەوەی بیرکردنەوە دادەمەزرێنم. خانووەکە دەبێت بەو جیهانەی من دەمەوێت. هەموو ئەو شتانەی دروستمان کردوون لەنێو جیهان و بە جیهان خۆیەوە شێوازی بیرکردنەوەی ئێمەن. مارکس دەڵێت ئەگەر ئێمە کارنەکەین و ئەو جیهانە دروست نەکەین کە خۆمان دەمانەوێ، ناتوانین پەرە بە بوونی خۆمان بدەین و جەوهەری خۆمان دابهێنین، ئەمەش مێژوو دروستدەکات. بۆچی دەبێت کاربکەین، چونکە ئێمە بوونێکی کەممان هەیە و بە کەموکوڕییەوە پەیدابووین. لێرەوە چەمکی "کەمی" و "پێداویستی" کە دوو چەمکی گرنگی فەلسەفەی مارکسن سەرهەڵدەدەن. 
 
هەرێم عوسمان: بنەمای فەلسەفەی مارکس ماتریالیستییە، بەڵام لە وەڵامەکانی ئێوەدا ئاگایی پێشدەخرێت، ئێمە بیردەکەینەوە و دواتر کاردەکەین. 
 
د.محەممەد کەمال: بۆ مارکس بیرکردنەوە ئاگاییە. مارکس لە کتێبی سەرمایە بەرگی یەکەمدا، دەنووسێت: بیرکردنەوە هەمیشە پێش کارکردن دەکەوێت. ناتوانیت کارێک بکەیت ئەگەر بیرنەکەیتەوە بۆچی ئەو کارە دەکەیت یان چی دەکەیت. بیرکردنەوە هەمیشە پێش کارکردن دەکەوێت، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە بیرکردنەوە لە سەرچاوەیەکی مێتافیزیکی و گیانەکییەوە هەڵدەقوڵێ، بەو شێوەیەی ئەریستۆ و دیکارت باسی دەکەن. بیرکردنەوە چالاکیی مێشکە، مێشکیش بەشێکە لە بوونی ماتەریی مرۆڤ. 
 
هەرێم عوسمان: لە کتێبەکەتدا هاتووە: کۆمۆنیزم، تێکەڵکردنی ماتریالیزم، کۆمۆنیزم و مرۆڤایەتییە. ئەم سیانە چۆن کۆکراونەتەوە؟ وەک باستان کردووە، کۆمۆنیزم داهێنراوێکی مارکسی نییە.
 
د.محەممەد کەمال: دیارە بەر لە مارکسیش باسی کۆمۆنیزم کراوە، بەڵام بەو شێوەیە نا کە مارکس باسی دەکات. کۆمۆنیزم بۆ مارکس دوا قۆناغی مێژووە، لەوێدا مێژوو کۆتایی دێت. بۆچی کۆتایی دێت، چونکە ناکۆکییەکان لەنێو چینەکانی کۆمەڵ نامێنن. کەواتە کۆمەڵگایەکی لە چین بەدەر دروستدەبێت کە کۆمەڵگای تاکەکانە، تاکەکان لە کۆمەڵگای کۆمۆنیزمدا گرنگن، چونکە چین نامێنێ بایەخی پێبدرێت. کۆمەڵگای کۆمۆنیزم کۆمەڵگای تاکەکانە، ئەو تاکانەی هەموو پێداویستییەکانیان دابینکراوەو لەوە زیاتر بوونیان داگیر ناکرێت. ئەمە بۆچوونێکی مرۆڤدۆستانەیە. بەڵام شێوازی دامەزراندنی ئەم کۆمەڵگایە ماتریالیستانە دروستدەبێت، پێویستیمان بە هیچ شتێک نامێنێت، ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لەڕووی بیرکردنەوەوە ڕوونادات، بەڵکو لە شێوازی ژیانی ماتەریشەوە ڕوودەدات. لێرەوەیە دەڵێم، مارکس هەموو شتەکانی پێکەوە بەستووەتەوە و گەیاندوویەتی بە قۆناغێک کە مرۆڤ لەنێویدا لەوە زیاتر نەچەوسێتەوە.
 
هەرێم عوسمان: لە زۆر شوێندا وتەیەکی مارکس دەهێنرێتەوە، کە فەیلەسووفان تا ئێستا جیهانیان ڕاڤەکردووە، کاتی ئەوەیە بیگۆڕن. چۆن لەمە تێبگەین؟
 
د.محەممەد کەمال: ئەوە لە یەکێک لەو دوانزە خاڵەدایە کە لەسەر فەلسەفەی فیۆرباخ نووسیویەتی. زۆرجار ئەم بۆچوونەمان هەڵە راڤە کردووە، مارکس لەو‌ێدا باسی فەلسەفە بەگشتی ناکات. ئەو ڕەخنەی لە هاوڕێکانی خۆی، فیۆرباخ و باوەر و ئەوانە هەبوو کە بە هیگڵییە چەپەکان دەناسران. ڕەخنەکەی ئەوەبوو کە ئێمە هەوڵدەدەین ڕاڤەی واقیع بکەین، ئایا پێویست ناکات واقیع و جیهان بگۆڕین؟ چۆن جیهان بگۆڕین؟ بۆ گۆڕینی جیهان پێویستیمان بە بەرنامەیە. لێرەوە مارکس دەڵێت، فەیلەسووفەکان هەوڵیانداوە ڕاڤەی جیهان بکەن، بەڵام پێیان نەگوتووین چۆن جیهان بگۆڕین. مارکس ئەو ئەرکە دەخاتە سەرشانی خۆی و دەیەوێت پێمان بڵێت چۆن جیهان بگۆڕین. لەبەرئەمە ڕاڤەیەکی نوێ بۆ مێژوو دەکات.
 
هەرێم عوسمان: کەواتە دەتوانین بڵێین مارکس فەیلەسووفێکی تاقانەیە لەنێو مێژوودا کە پرسێکی نوێ و ڕاڤەیەکی نوێی بۆ مێژوو کردووە؟  
 
 د.محەممەد کەمال: باسکردنی ماتریالیزم شتێکی نوێ نییە. فیۆرباخی هاوڕێی بەر لەو باسی کردووە. بەڵام مارکس ماتریالیزمێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە. ماتریالیزم لە یاساکانی میکانیزم رزگار دەکات، بەپێی یاساکانی میکانیزم، تۆ بتەوێ و نەتەوێ جیهان دەگۆڕێت و پێویستیمان بە تێکۆشان و شۆڕش نابێت. مارکس باوەڕی بەم میکانیزمە نییە، لای ئەو ماتەر یان جیهان دەبێت دیالێکتیکییانە بگۆڕێت. باوەڕی بەوەشە مرۆڤ دەبێت ئامانج نەک وەسیلە بێت. بۆیە فەلسەفەی مارکس فەلسەفەیەکی ماتریالیزمانەی نوێی مرۆڤدۆستانەیە. 
 
هەرێم عوسمان:  لەبەرئەوەیە دیالێکتیکی هیگڵ و مارکس زۆر جیاوازن؟
 
 د.محەممەد کەمال: هیگڵ جوڵانی دیالێکتیکی بە هۆشی ڕەهاوە دەبەستێتەوە. هەموو شتێک لەنێو مێژوو یان سروشتدا کە دەگۆڕێت، جوڵانی هۆشی ڕەهایە کە خۆی لە نێویاندا بەرجەستە دەکات و دیالێکتیکیانە خۆی پێشدەخات. بەڵام مارکس باوەڕی بە هۆشی رەها نییە و راستەقینە بۆ مارکس ماتەرییە، کەواتە گۆڕان لە ماتەر و سروشتدا دروستدەبێت.  کاتێک باسی مێژوو یان کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکەین، ناتوانین بڵێین کۆمەڵگا میکانیزمانە یان دیالێکتیکییانە لەخۆوە دەگۆڕێت، بەڵکو دەبێت مرۆڤ دەوری لە گۆڕانی مێژوودا هەبێت کە مارکس جەختی لەسەر دەکات. بیریارانی یەکێتی سۆڤیەت ئەم خاڵەیان پەراوێز خستووە.
هەرێم عوسمان: کەواتە مێژوو مرۆڤە داهێنەرانەکان دەیخوڵقێنن؟
 
د.محەممەد کەمال: مارکس باسی مرۆڤی داهێنەر ناکات. لێرەدا هیگڵیانە بیردەکاتەوە. هیگڵ لە کتێبی (فینۆمینۆلۆجی هۆش)دا دەنووسێت، خاوەن کۆیلە زۆر لە کۆیلە دەکات ئەو سروشتەی بۆ جیهانێک کە خاوەن کۆیلە دەیەوێت بگۆڕێت، واتە کۆیلە کاردەکات و کارکردنیش دەبێتە هۆکاری بەرجەستەبوونی خودی کۆیلە و بەئاگاهێنانەوەی لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی. ئەمە کۆیلە بۆ شۆڕش هاندەدات. مارکس ئەم بیرۆکەیە وەردەگرێت و دەڵێ مادام چینی کرێکار چەوساوەیە و زۆری لێدەکرێت کاربکات و بوونی داگیرکراوە، ئاگاییەکەی لەم بارودۆخە دەبێتە هۆکاری خەبات دژی چینی چەوسێنەر و قۆناغ و سیستمێکی نوێتر لە مێژوودا دروستدەکات. 
 
هەرێم عوسمان:  کەواتە چەمکی شۆڕش لای مارکس چییە و پەیوەندی بە مێژووەوە چییە؟
 
د.محەممەد کەمال: شۆڕش لە ئاگایی چینی چەوساوەوە دروستدەبێت، ئەم چینە لەڕێگەی ئاگایی لە بوونی داگیرکراوی خۆیەوە هەوڵدەدات ئەو بارودۆخە مێژووییە بگۆڕێت کە تیایدا دەژی. هەوڵدان بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە بریتییە لە شۆڕش. هەوڵدانەکەش بۆ گۆڕین و لەناوبردنی قۆناغەکە توندوتیژی لێدەکەوێتەوە. بۆچی ئەمە دەبێت بە شۆڕش؟ چونکە ئەو چینەی شۆڕش دەکات، پاش سەرکەوتنی شۆڕشەکە، کۆمەڵگایەک دەهێنێتە کایەوە کە لە بنەڕەتەوە لە کۆمەڵگاکەی پێشووتر جیاوازە؛ کۆمەڵگایەکە لەڕووی بیرکردنەوە، کولتوور و بەرهەمهێنان و هەموو لایەنێکەوە جیاوازە. ئەگەر لە هەموو لایەنێکەوە جیاواز نەبێت، نابێت بە شۆڕش و دەبێت بە چاکسازی؛ چاکسازیش پێویستی بە توندوتیژی نییە. ئێمە دەتوانین چاکسازی لە سیستمی پەروەردە بێ شۆڕش بکەین، بەڵام شۆڕش بریتییە لە گۆڕینی هەموو سیستمەکە. لێرەدا کە شۆڕش ڕوویدا کۆمەڵگایەکی نوێ لەسەر بنەمایەکی نوێ دروستدەبێت، کە لە بنەڕەتەوە لە کۆمەڵگە کۆنەکە جیاوازە. ئەم گۆڕانکارییە مێژوو بەرەو پێشەوە دەبات. بۆ مارکس، ئەم گۆڕانکارییە لە مێژوودا دەبێت پێشکەوتنخوازانە بێت. نابێت بە شۆڕش کۆمەڵگایەک دروستبکەین کە لە کۆمەڵگاکەی پێشووتر پێشکەوتنخوازانەتر نەبێت. مرۆڤ شۆڕش دەکات تاکو کۆمەڵگایەکی چاکتر بهێنێتە کایەوە.