سەڵاح بایرام بەرهەمێک پێشکێش بە رووحی ژینا ئەمینی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەڵاح بایرام، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، نوێترین بەرهەمی ڤیدیۆکلیپێکە، پێشکێش بە رووحی ژینا ئەمینی کردووە و مانگی داهاتوو بەرهەمێکی نوێ لەبارەی رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوە.
ئەم بەرهەمە بەناوی 'ژینا شەهید'ـە و لە تێکستی جیهاد عارف حەمدووش و ئاوازی سەلاح بایرامە، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و زەکریا عەفرین کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
سەڵاح بایرام، میوانی بووڵتەنی هونەریی رووداو بوو کە رۆژانە کاژێر 10:40ـی بەیانی لەلایەن بانوو دڵشاد پێشکێش دەکرێت و لەبارەی نوێترین بەرهەمی زانیاری خستەڕوو.
بایرام، بە رووداوی راگەیاند، تێکستی جیهاد عارف حەمدووش، شاعیری رۆژئاوای کوردستان لەبارەی ژینا ئەمینییەوە، سەرنجی راکێشام و بڕیاریدا بیکات بە گۆرانی. گوتیشی: "ژینا ئەمینی یەکەم شەهید نییە بۆ ئازادی کوردستان، بەڵکو بە هەزاران شەهید هەن، بەڵام ژینا ئەمینی بوو بە سیمبوڵێک بۆ رێگەی ئازادی و سەربەخۆبوونی کوردستان".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەرهەمێکی نوێی بەناوی 'چەند جار' هەیە کە لە تێکستی مستەفا کورداخییە و لە ئاوازی خۆیەتی و لەبارەی رەوشی رۆژئاوای کوردستانە و باس "لە قەدەر دەکات کە چەند جار قەدەر خیانەتی لە مرۆڤ کردووە".
سەڵاح بایرام، گۆرانیی 'چەند جار'ـی بە ژەنینی ئامێری ساز، بۆ یەکەمجار لە ستۆدیۆی رووداو، پێشکێش بە بینەرانی کرد.
لە مانگی رابردووەوە، دوای ئەو خۆپێشاندانانەی لە کاردانەوەی گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی سەریان هەڵدا، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد و بیانی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم و پەیامی هاوسۆزی، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندانی کچان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیوە.
خۆپێشاندانەکان دوای گیان لەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی هات، کە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، گیانی لەدەستدا.
سەڵاح بایرام، لە 1 ئازاری 1973 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، دەرچووی بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی حەلەبە، لە منداڵییەوە فێری ژەنینی ئامێری ساز بووە و چەند جارێک سەردانی تورکیای کردووە، بۆ وەرگرتنی ئەزموونی ژەنیارە ناسراوەکانی ساز لەو وڵاتە.
ئەندامی سەندیاکی هونەرمەندانی کوردستان و سووریایە و دزامەزرێنەری تیپی سۆڵە بۆ میوزیکی هاوچەرخی رۆژهەڵات کە چەندین بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە.
لە 2000 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی میوزیکی هەشت تراکی بڵاوکردووەتەوە، چوار لە میوزیکەکان لە ئاوازی خۆیەتی.
دووەم ئەلبوومی میوزیکیی بەناوی 'لۆرکا' لە 2005 بڵاوکردەوە کە بە هەمان شێوە هەشت تراکی میوزیکی لەخۆگرتووە.
یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'سلاڤ' لە 2010 بڵاوکردەوە کە لە پێنج تراکی گۆرانی پێکهاتبوو.
لە 2003ـەوە لە هەولێری باشووری کوردستان دەژی و فێرگەیەکی فێرکرن و راهێنانی ئامێرە ژێدارییەکانی هەیە.
سەڵاح بایرام، سەرۆک و گۆرانیبێژی سەرەکیی کوما سەرخوەبوونە کە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو لە 2015 دامەزرا و چوار ئەلبوومی گۆرانی بەرهەمهێناوە.