هونەرمەندێکی زاخۆ کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ عادل حاجی، میوزیسیانی دیاری شاری زاخۆ کۆچی دواییکرد.
دلێر کامیران، بەرپرسی سەندیکای هونەرمەندانی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش بەربانگ بە چەند خولەکێک هونەرمەند عادل حاجی لە نێو ستۆدیوی خۆی کە بەتەنیا بوو، بە هۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دواییکرد."
هەر بە گوتەی دلێر کامیران، خێزانەکەی بۆ بەربانگ چاوەڕێیان کردووە، بەڵام دواکەوتووە و وەڵامی تەلەفۆنیشی نەداوەتەوە.
دوای ئەوە، دەستبەجێ دەچنە ستۆدیۆکەی کە لە بازاڕی کۆنی زاخۆیە، دەبینن لە پشت مێزەکەی کەوتووە.
دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، دەرکەوت کە هەر لەوێ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
هونەرمەند عادل حاجی لە ساڵی 1968 لە شاری زاخۆ لەدایکبووە، خێزاندارە و ژەنیاری ئامێری ئۆرگ بوو.
هەروەها ستۆدیۆیەکی تایبەتی بۆ تۆمارکردنی بەرهەمی هونەرمەندان لە زاخۆ هەبوو، کاری تۆمارکردنی بەرهەمی هونەری بۆ دەیان هونەرمەندی زاخۆ و دەرەوەی شارەکە کردووە.