ئەدێل بە بڕی 776 هەزار دۆلار پارێزگاری لە دەنگی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەدێل، هونەرمەندی گۆرانیبێژی بەریتانی، بۆ زنجیرە کۆنسێرتی داهاتووی لە لاس ڤێگەسی ئەمریکا، تەکنەلۆژیایەک بە بڕی 776 هەزار دۆلاری ئەمریکی بۆ پاراستنی دەنگی بەکاردێنێت.
 
زنجیرە کۆنسێرتی ئەدێل لە 18 تشرینی دووەمی 2022 لە هوتێلی کۆشکی قەیسەر لە لاس ڤێگەس دەستپێدەکات و سێ مانگ بەردەوام دەبێت.
 
سیستەمەکە کار لەسەر شێ و یەکەکانی پاڵاوتن و بەکارهێنانی هەوایەکی فێنک بۆ نێو هۆڵەکە دەکات، بۆ ئەوەی دواتر باشترین هەوا بۆ ئەدێل بچێت.
 
ئەدێل (34 ساڵ) بڕیاربوو لە 22 کانوونی دووەمی 2021 ئەو زنجیرە کۆنسێرتە دەستپێبکات، بەڵام تەنیا 24 کاژیر بەر لە دەستپێکردنی، پەیامێکی ڤیدیۆیی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بڵاوکردەوە و داوای لێبوردنی لە هەوادارانی کرد کە ناتوانێت گەشتەکە دەستپێبکات.
 
لە پەیامە ڤیدیۆییەکەدا رایگەیاند، هەموو هەوڵێکیاندا بۆ ئەوەی کۆنسێرتەکە سازبکەن، بەڵام نیوەی ستافی گرووپەکەی تووشی کۆرۆنا بوونە و ئەو زۆر دڵگرانە و هەر لە ڤیدیۆکەدا داوای لێبوردنی لەو کەسانە کە بەهۆی کۆنسێرتەکەوە گەشتیان کردبوو.
 
بەپێی ئەو رێکەوتنەی لەگەڵ ئەو گۆرانیبێژە و رێکخەرانی کۆنسێرتەکە کراوە، 24 کۆنسێرت دەگێڕێت و نرخی بلیتی لە 971 پاوەند تاوەکو 12 هەزار و 500 پاوەندە و ئەو گۆرانیبێژە بۆ هەر کۆنسێرتێک 500 هەزار پاوەند وەردەگرێت.
 
ئەدێل، لە کۆنسێرتەکاندا جگە لە وەرگرتنی بەشێک لە داهاتی بلیتەکان، بەشێک لە داهاتی کەلوپەلە فرۆشراوەکان لە کاتی کۆنسێرتەکەدا بەدەستدێنێت.
 
لە زنجیرە کۆنسێرتەکەدا، ئەدێل گۆرانییەکانی نێو نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی '30' پێشکێش دەکات کە چوارەم ئەلبوومییەتی.
 
ئەدێل لە 26 تشرینی دووەمی 2022، ڤیدیۆکلیپی 'I Drink Wine' لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوب بڵاوکردەوە کە سێیەم ڤیدیۆکلیپی نێو دوایین ئەلبوومییەتی بەناوی '30' و پێشتر دوو تراکی دیکەی نێو ئەو ئەلبوومەی بەناوی 'Easy on Me' و 'Oh My God' کلیپکردووە.
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە ئێستا لە لاس ڤێگەسی ئەمریکا دەژی و لەدوای بڵاوکردنەوەی دوایین ڤیدیۆکلیپی، رایاگەیاند، بۆ ماوەیەک پشوو وەردەگرێت و چالاکی هونەری نابێت و پلانی هەیە بڕوانامە لە ئەدەبی ئینگلیزیدا وەربگرێت، بەڵام پشوو وەرگرتنەکە لەدوای گەشتە هونەرییەکەی لە لاس ڤێگەس دەبێت.
 
لە زنجیرە کۆنسێرتەکەدا، ئەدێل گۆرانییەکانی نێو ئەلبوومی '30' پێشکێش دەکات کە لە 19 تشرینی دووەمی 2022 بڵاوکرایەوە و تەنیا لە بەریتانیا لە ماوەی دوو رۆژدا 261 هەزار کۆپی فرۆشرا.
 
ئەدێل، لە 5 ئایاری 1988 لە بەریتانیا لە دایکبووە، جگە لە گۆرانیگووتن، تێکستی گۆرانی دەنووسێت، لە رێگەی دووەم ئەلبوومی بەناوی '21' ناوبانگییەکی جیهانیی بەدەستهێنا و 18 هەفتە پڕفرۆشترین ئەلبوومی بەریتانیا بوو و بەهۆی ئەو ریکۆردە ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.