توێژینەوەیەک: قەزای سۆران لە ساڵی 1991 - 2003 خاوەنی 10 تیپی شانۆیی و 18 گۆڤار و بڵاوکراوە بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کتێبی بزاڤی رۆشنبیری لە سۆران، کە توێژینەوەیەکە و باس لە هەموو ئەو چالاکییە رۆشنبیرییانە دەکات لەنێوان ساڵانی 1991 تاوەکو 2003 لە سنووری قەزای سۆران کراون، چاپ و بڵاوکرایەوە.
 
کتێبەکە لە نووسینی سیروان مەحموود ئەرگۆشییە، لە دووتوێی 386 لاپەڕە بە قەبارەیەکی مامناوەند چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
 
نووسەر لە دەروازەی کتێبەکەیدا ئاماژەی بە ریشەی ناوی سۆران، هەڵکەوتەی جوگرافیای قەزای سۆران، رۆشنبیری و بزاڤی رۆشنبیری لە سەدەی بیستەم و دروستکردنی قەزای سدیق و کاریگەرییە رۆشنبیرییەکانی کردووە.
 
نووسەر لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا باسی "دۆخی سیاسی و کاریگەریی لەسەر سۆران لە ساڵی 1991 تاوەکو 1996" ، "سۆران لەنێو هاوکێشەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان" و "رۆڵی پارتە سیاسییەکان لە بزاڤی رۆشنبیریدا" دەکات.
 
لە بەشی دووەمدا ئاماژەی بە "کاریگەریی ناوەندە رۆشنبیرییەکان لەسەر بزاڤی رۆشنبیریی کوردی لە سۆران" کردووە؛ لەوانە ناوەند و دەزگا حکومییەکانی وەکو قوتابخانە و پەیمانگەکانی سۆران. هەروەها کۆمەڵە و گرووپ و ناوەندە سەربەخۆکانی وەکو کۆمەڵە و هونەری وێژەی کورد، تیپی میوزیکی پاشای گەورە، تیپی شانۆی شەهید شلێر، کۆمەڵەی رۆشنبیرانی دیانا، کۆڕی رۆشنبیریی کورد – کۆمیتەی رواندز، ناوەندە رۆشنبیرییەکانی سۆران و رواندز و خەلیفان.
 
هەر لەو بەشەدا ئاماژەی بە ناوەندە بازرگانی و تایبەتەکان، لەوانەش پەرتووخانە و چاپخانەکانی سنوورەکە کردووە.
 
بەشی سێیەمی پەرتووکەکە تەرخانکراوە بۆ بوارەکانی رۆشنبریی لە سۆران. لەوانە بواری هونەر، کە نووسەر ئاماژەی بە ناوی 10 تیپی شانۆیی، کۆمەڵەیەکی نیگارکێشی و کۆمەڵەیەکی پەیکەرتاشی و تیپێکی میوزیک کردووە. هەروەها ئاماژەی بەو گۆڤار و بڵاوکراوانە داوە، لە لە ماوەی نێوان 1991 تاوەکو 2003 لە سنووری قەزای سۆران دەرچوون، کە ژمارەیان شەش گۆڤار و 12 بڵاوکراوە بووە.
 
بەشێکی دیکەی بواری رۆشنبریی، کە نووسەر لە بەشی سێیەمی پەرتووکەکەیدا ئاماژەی پێداوە، راگەیێندراوی بینراو و بیستراوە، کە پێکدێن لە پێنج رادیۆ و نووسینگەی تەلەفزیۆن و رۆژنامەکان.
 
ئەو پەرتووکە لە بنەڕەتدا نامەی ماستەرە، نووسەرەکەی لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەدا چەند پرسیارێکی وروژاندووە، لەوانە، کاریگەرییەکانی جووڵەی رۆشنبیری لە سۆران بەسەر کوردستان و بە پێچەوانەشەوە چ بووینە، بواری ئەدەب، شیعر و چیرۆک لە کوێی هاوکێشەکانی بزاوتی رۆشنبیریی سۆراندایە؟ بۆچی چالاکوانان و رۆشنبیران سۆران جێدەهێڵن؟ ئایا سۆران ناتوانێت لە خۆیان بگرێت، یان شارێکی بەهێزتر هەیە پەلکێشی خۆیان دەکات؟ نووسەر هیواخوازە توێژەران کار لەسەر ئەو تەوەرانە بکەن.
 
نووسەر لە توێژینەوەکەیدا گەیشتووەتە چەند دەرئەنجامێک، لەوانە:
 
- ئەگەر راپەڕینی 1991 بۆ کوردستان جەژنی ئازادی و سەربەستی بووبێت، بۆ خەڵکی سۆران جەژنی لە دایکبوونی شارەکەیانە، چونکە دوای 10-03-1991 دانیشتووانی شارەکە دڵنیایی مانەوە و پەرەدان بە شارەکەیان بۆ دروستبوو، لە هەمان کاتدا دەکرێت سۆران بە هەڵگری پەیامی بەرگریکردن لە بنەماکانی راپەڕین سەیر بکرێت، چونکە یەکەمین جار لەو شارەدا و لەلایەن گرووپە هونەرییەکانی ئاهەنگی بەرخودان و گەڕانەوە بۆ نیشتمان و پاراستننی دەستکەوتەکانی بەڕێوەچوون. لە هەمانکاتدا چالاکڤانانی بە دروستکردنی رێکخراوی سەربەخۆی دوور لە دەسەڵات سەلماندیان دەتوانن لەگەڵ کەشی ئازادی مەکە بکەن.
 
- کەشی ئازادییەکانی 1991 -2003 بە جۆرێک بوو، نە کۆمەڵگە بۆی هەرس دەکرا و نە دەسەڵاتیش دەیتوانی رەچاوی بەرژوەندییەکانی نەکات و بە شێوەیەک لەگەڵی بجوڵێتەوە،کە تەندروستانە پیادە بکرێت. بۆیە لە پاڵ کێبڕکێی هێزە رکابەرەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، ململانێکان بۆ نێو توێژی رۆشنبیرانیش شۆڕ بووەوە.
 
- پرۆسەی پەروەردە هەرچەندە لە ماوەی توێژینەوەدا ئاراستەی ئیدارەدان و بەردەوامبوونی گرتبوو، بەڵام لە هەمانکاتدا دروستکردنی کادیر و ژێرخانی پەروەردەیی و هاندانی قوتابی بۆ چوونە قوتابخانە و درێژەدان بە خوێندن لەو پاڵنەرانە بوون کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری سۆراندا پیادەی دەکرد، ئەم سیاسەتە بووە هۆی دروستبوونی مامۆستای خۆجێی و بەرزبوونەوەی رێژەی خاوەن بڕوانامە لە ناوچەکەدا.
 
- ئافرەت لە بواری رۆشنبیریدا لە دوای راپەڕین رۆڵێکی کارا دەبینێت و چەندین ئافرەت دەچنە سەر سەکۆی شانۆ و لە فیلم و درامای تەلەفزیۆنیدا کارایانە بەشداری دەکەن. هەرچەندە شەڕی ناوخۆ پاشەکشەی بە رۆڵی ئافرەتان لە بواری هونەردا کردووە، بەڵام لەو شانۆگەرییانەی لەدوای ئاشتبوونەوەی 1998 پێشکەشکران، بوونیان هەبووە.
 
- نەبوونی کتێبخانەی گشتی، سۆرانی لە سەرچاوەی مەعریفی بێبەش کردبوو، بەڵام پەرتووکخانە تایبەتی و بارزگانییەکان بە پەیڕەوکردنی سیستەمی خواستن، ئەو کەلێنەیان پڕکردبووەوە.
 
- کەشی 1991 – 2003 دەرفەتی بۆ سەرهەڵدانی زۆر گرووپ و تیپ و ناوەندی رۆشنبیری و هونەری لە سنووری سۆران خوڵقاند، بەڵام بێ بەرنامەیی و نەبوونی پلانی گونجاوی کار، ئەو گرووپانەی یان هەر زوو هەڵوەشاندەوە، یانیش لە پەلوپۆی خستن. بۆ بواری رۆژنامەڤانیش هەمان دۆخ بوو، چونکە ئەوانەی کارەکەیان جێبەجێ دەکرد، بێ ئەوەی بەرچاوی خۆیان ببینن، دەستیان پێدەکرد، کەچی دواتر دوای یەک ژمارە ئیفلیج دەبوون.