هەواڵی کۆچی دوایی فەتانەی وەلیدی رەتدەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

هەواڵی گیانلەدەستدانی خانمە هونەرمەندی کورد (فەتانەی وەلیدی) رەتدەکرێتەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-09-2023، خانمە شاعیر، سمین چایچی، بە رووداوی گوت، "هەواڵی گیانلەدەستدانی هونەرمەند فەتانەی وەلیدی راست نییە و تاوەکو ئێستا لە ژیاندایە."
 
فەتانە لە یەكەم ژنانی گۆرانیبێژی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان. ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو ئەم ژنە رچەشكێنە دەستی بە گۆرانیگوتن کرد و بە دەنگە ناوازەکەی رۆژهەڵاتی كوردستانی تەنی و وەك یەكێك لە ئەستێرە پرشنگدارەكان لە ئاسمانی هونەر و مۆسیقای كوردیدا دەركەوت.
 
فەتانەی وەلیدی، ساڵی 1953 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ماڵباتێكی هونەرمەندی ئەم شارە لەدایكبووە. لە خوێندنگەی باڵای میوزیك لە تاران خوێندوویەتی و ساڵانی حەفتاكان لە رێگەی حەسەن كامکار، باوكی ئەندامانی گرووپی كامکارەكان و محەممەد شەریف وەلیدی، باوكی خۆی، ئاشنای جیهانی مۆسیقا بووە.
 
باوكی فەتانە، هەم ژەنیاری کەمانچە بوو، هەم دەنگبێژێكی سەردەمی خۆی. هەر ئەویش یەكەم هاندەری فەتانە بوو بۆ گەیشتن بەو پلەیە لە هونەر و مۆسیقای كوردیدا.
 
فەتانە یەكەم گۆرانییەكانی لە تەمەنی منداڵیدا و بە هاندانی حەسەن كامکار لە رادیۆی سنە تۆمار كرد و هەر زوو سەرنجی ژەنیاران و موزیسیەنە بەناوبانگەكانی وەك گریشا میكاییلزادە و موجتەبا میرزادەی بۆ خۆی راكێشا.
 
هەرچەندە درەوشانەوەی فەتانەی وەلیدی چەند ساڵێكی كەم بوو، بەڵام بەو تەمەنە كەمە هونەرییەشەوە زیاتر لە 56 گۆرانی لە رادیۆكانی سنە و كرماشان تۆمار كرد كە تەنیا یەك ئەلبوومی بەردەستە. هۆكاری بڵاونەبوونەوەی گۆرانییەكانی دیكەی تا ئێستاش دیار نییە.
 
چەندین چیرۆك و گێڕانەوە سەبارەت بە هۆكاری دووركەوتنەوەی فەتانە لە گۆرانی و میوزیك باس دەكرێن كە رەنگە ‌بڵاوترینیان گیرۆدەیی ئەو لەگەڵ ئەوینێكی تراژیدیا و بێ‌ ئەنجام بێت كە بووە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشی دەروونی کە تاوەکو ئێستاش بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
 
باری نالەباری ژیان و پەراوێزكەوتن و تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونی، فەتانە وەلیدی وەها لە هونەر دوورخستەوە كە بەراورد بە پیاوانی هونەرمەندی هاوتەمەنی خۆی، زۆر زوو كەوتە پەراوێزەوە و ناوی لەنێو ناواندا نەما. هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كەمترین زانیاری سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەكانی ئەم ژنە هونەرمەندە بەردەست بێت و زانیارییەكان سەبارەت بە ژیانی ئەو تەنیا پشت بە هەندێك دەنگۆ ببەستن.
 
فەتانە وەلیدی زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆشەی تەنیایی خۆیدا ماوەتەوە و تەنیا جارجارە هەندێك كەس و لایەن سەردانێكیان كردووە و وەك وەفایەك بۆ ژنێك كە دەیتوانی شاژنی مۆسیقای كوردی بێت، رێزیان لێگرتووە. لەم ساڵانەی دواییشدا و لە دوای مردنی باوكی، ئیدی كۆتایی بەم سەردانانەش هاتووە و تەنانەت كەمتر كەسێك ئاگای لە شوێنی مانەوە و دۆخی ژیانی ئەم هونەرمەندە فەرامۆشكراوەی كورد هەیە.
 
خاتوو فەتانە وەلیدی، لە دوای مردنی باوكی لە ساڵی 2017 و بەهۆی بێكەسوكاری و بێدەرەتانی، گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێكی خێرخوازیی چاودێری و راگرتنی نەخۆشە دەروونییەكان بە ناوی بەهار كە لە گەڕەكی بەهارانی شاری سنەیە. خوشكەكانی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەم هونەرمەندە ناودارە سنووردار كردووە و ئیدی ئێستا جگە لە چەند كەسێكی تایبەت، رێگە بە كەس نادرێ چاویان بەو هونەرمەندە بكەوێ. 
 
خاتوو فەتانە سێ خوشك و برایەكی هەیە. براكەیشی بەهۆی نەخۆشیی دەروونییەوە هەر لەو ناوەندەیە كە فەتانەی لێیە. خوشكەكانی لە تاران دادەنیشن و لەسەر داوای ئەوانیشە كە رێگەی دیدار بە كەس و بە تایبەتی بە رۆژنامەنووسان نادرێ. 
 
كەڵكوەرگرتن لە فۆلكلۆر و ئاوێتەبوونی تێكستی گۆرانییەكان لەگەڵ ژیان و حەز و ئاواتەكانی خۆی بەشێكن لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانییەكانی فەتانە وەلیدی.
 
بەشێك لەو گۆرانیانەی لە ماوەی چەند ساڵ تەمەنی هونەریدا تۆماری كردوون، بریتین لە: ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری، لە ژین بێزارم، لای لای دڵم لای لە باغی سینەم، ئای لە دەست یارم ماڵی وێرانم، لە سەرووی قامەتی یار، هاتەوە یارم یاری وەفادارم، بێ تۆ بیمارم بێ دۆست و یارم، بەهار فەسڵێكی خۆشە.