لە هەولێر ئەیوب عەلی خەڵاتکرا

رووداو دیجیتاڵ

پەیمانگە هونەرە جوانەکانی هەولێر، رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ هونەرمەند ئەیوب عەلی سازکرد و خەڵاتی رێزلێنانی پەیمانگەی پێبەخشرا.
 
رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ شەممە 13 تشرینی یەکەمی 2022 لە هۆڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر سازکرا و ژمارەیەک بەرپرس، هونەرمەندان و هۆگرانی ئەو هونەرمەندە ئامادەبوون، جگە لە مامۆستا و قوتابیانی پەیمانگەکە.
 
د. سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون و چەپکە گوڵیان پیشکێش بە ئەیوب عەلی کرد.
 
ئەیوب عەلی، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، رێزلێنانەکە واتایەکی زۆری بۆ ئەو هەیە و وزیەکی زیاتری پێدەدات و یادەوەرییەکی جوانە و هەرگیز لە یادی ناکات، هەروەها بە گرنگی دەزانێت هونەرمەندانی ماندوو و ئەوانەی خاوەنی ئەرشیفێکی جوانن، بەر لە مردنیان رێزیان لێبگیرێت. 
 
رێبوار عەبدوڵڵا، هونەرمەند و مامۆستا لە بەشی میوزیک لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، ئەو چالاکییەیان ئەنجامدا، بۆ رێزگرتن لە هونەرمەند ئەیوب عەلی و ناساندنی دوایین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'پەیکەر'.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، مانگانە هونەرمەندێک لە پارچەیەکی کوردستان بانگهێشت دەکەن و رێزلێنانی هاوشێوەی بۆ ساز دەکەن، هونەرمەنەدەکەش باس لە ئەزموونی هونەریی بۆ قوتابیانی پەیمانگەکەیان دەکات.
 
هەر لە رێوڕەسمی رێزلێنانەکەدا، بە بەشداری مامۆستایان و قوتابیانی پەیمانگە، دوو بەرهەمی ئەیوب عەلی پێشکێشكران.
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا ئەیوب عەلی 600 کۆپی لە ئەلبوومی 'پەیکەر'ـی بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرد کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری بەرهەمەکەیە. 
 
ئەلبوومی 'پەیکەر' ئەم گۆرانیانە لەخۆدەگرێت، 'لێ لێ'، 'هیوا'، 'خەیاڵ'، 'بەڵێنم شکاند'، 'لێم مەپرسە'، 'کۆڵبەر'، 'بۆ دایکم'، 'نامەکانت'، 'رەنگ'، 'پەیکەر'، 'زاڵم' و 'بەیانیت باش'.
 
ئاوازی گۆرانییەکان لەلایەن ئەیوب عەلییەوە دانراون، هەروەها تێکستی بۆ گۆرانییەکان نووسیوە، تێکستی دوو گۆرانی لەلایەن شاعیر رەنج سەنگاوی نووسراون، تێکستێکیش لە نووسینی شاعیر جەبار حەبیبە.
 
ئەیوب عەلی لە 1973 لە سەنگاو لە دایکبووە، لە 1998 بڕواننامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە قۆناغی زانکۆدا چالاکییەکانی لەبواری میوزیک و گۆرانی دەستپێکرد، لە ساڵانی 1995- 1998 لە رادیۆ کوردییەکان گۆرانی تۆمارکردووە، لە 1999 کوردستانی جێھێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێبووە.
 
ئەیوب عەلی خاوەن حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، 'دڵم مەشکێنە' لە 2003، 'خەمێکی بێ کۆتایی' لە 2004، 'ماڵئاوایی' لە 2006، 'مۆم' لە 2009، 'ئەلبوومێکی بێ ناونیشان' لە 2011، 'بێ سنوور' لە 2014 و 'پەیکەر' لە 2021.
 
جگە لە ئەلبووم چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'کوردم' لە 2015، 'تریفەی پێکەنین' لە 2015، 'بەڵێ عاشقم' لە 2019 کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا و 'نامەکانت' لە 2020.