مەریوان سەفائەدین: هەوادارانم لە دوورکەوتنەوە لە کاری هونەری پاشگەزیان کردمەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند مەریوان سەفائەدین، لە دوای بڕیاری وازهێنانی لە هونەر و پاشگەزکردنەوەی لەلایەن هەوادارانی، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'هەنگاو هەنگاو' بڵاوكردەوە و چەند بەرهەمێكی دیكەیشی بۆ بڵاوکردنەوە ئامادەن.
 
مەریوان سەفائەدین، بە رووداوی راگەیاند، جگە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمێک بەناوی 'هەنگاو هەنگاو' چەند بەرهەمێکی دیکەی ئامادەن بۆ بڵاوکردنەوەی و لە کاتێکی گونجاودا بڵاویان دەکاتەوە.
 
'هەنگاو هەنگاو' هۆنراوەی محەممەد پاكژ و ئاوازی مەریوان سەفائەدینە و شاد نامۆ كاری میوزیك، میكس و ماسترینگی بۆ كردووە، زیاد ساڵح كاری وێنەگرتنی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە كردووە.
 
مەریوان سەفائەدین، لە بووڵتەنی هونەریی رووداو بەشداربوو کە رۆژانە بانوو دڵشاد لە کاژێر 10:40ـی بەیانی پێشکێشی دەکات، باسی لە نوێترین بەرهەم و هۆکاری دوورکەوتنەوەی لە کاری هونەر و دواتریش پاشگەزبوونەوەی کرد.
 
سەفائەدین، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بێسەروبەری هونەری کوردی هۆکاری دوورکەوتنەوەی بوو لە هونەر، بەڵام دواتر هەوادارانی پاشگەزیان کردەوە.
 
مەریوان سەفائەدین، لە 1972 لە هەڵەبجە لەدایک بووە، بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجە لە سلێمانی نیشتەجێبووە، لە 1996ـەوە لە ئەوروپا دەژی، لە 1993 دەستی بەکاری هونەری کردووە. 
 
ئەو هونەرمەندە بە زۆربەی زاراوەکانی کوردی گۆرانی گوتووە، لە نیسانی 2022 وازی لە کاری هونەری هێنا، دواتر لەسەر داوای هۆگرانی لە بڕیاری وازهێنان پاشگەزبووەوە، خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە، ئەویش ئەلبوومی 'دیە' لە (2002) و 'جێژوان' لە (2006)یە و 21 ڤیدیۆکلیپ و چەندین گۆرانی تاکی هەیە.